سه‌رۆكی ئه‌ساقیفه‌كانی هه‌ولێر: هیچ مه‌سیحیه‌ك له نه‌ینه‌وا نه‌ماوه و شاره‌كه‌یان چۆڵكردووه
نوچە.نیت.knn
له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ KNNC سه‌رۆكی ئه‌ساقیفه‌كانی هه‌ولێر و عه‌نكاوه، رایگه‌یاند؛ به‌هۆی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی له‌سه‌ر ژیانیان هه‌بوو، سه‌رجه‌م مه‌سیحیه‌كان شاری موسڵیان جێهێشتوه و به‌ره‌و هه‌رێمی كوردستان هاتون.
مه‌تران به‌شار وه‌رده، سه‌رۆكی ئه‌ساقیفه‌ی هه‌ولێر و عه‌نكاوه، وتی: له ئێواره‌ی رۆژی پێنجشه‌مه‌وه دوای هه‌ڕه‌شه‌ی داعش بۆ سه‌ر مه‌سیحیه‌کانی شاری موسڵ مه‌سیحیه‌کان ئه‌و شاره‌یان جێهێشتوه‌و به پیاده بۆ تلكێف و دهۆک رایانکردوه.
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی به KNNC گه‌یشتون، له رۆژی پێنجشه‌ممه‌وه 150 خێزانی مه‌سیحی له موسڵ ماڵ و حاڵیان جێهێشتوه هاتونه‌ته هه‌رێمی کوردستان، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن داعشه‌وه سێ داواكاریان لێیان هه‌یه، یان ده‌بێت جیزیه بده‌ن، یان موسڵمان بن، یان شار و ماڵه‌كه‌یان به‌جێبهێڵن.
مه‌تڕان به‌شار، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد؛ له دوای کۆنترۆڵکردنی موسڵ له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه؛ ژماره‌یه‌كی كه‌م له خێزانه مه‌سیحیه‌كان مابونه‌وه، ئه‌وانیش به‌رده‌وام له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دابون و چه‌ند رۆژێكه له‌سه‌ر ده‌رگای ماڵه‌کانیان نوسراوه (ن)، واته نه‌سڕانی، ئه‌وه‌ش كردونی به ئامانجێكی ئاسان كه له‌لایه‌ن چه‌كدارانه‌وه تیرۆربكرێن.
مه‌تران به‌شار وتیشی: له‌ئێستادا سه‌رجه‌م مه‌سیحیه‌كان نا شاری موسڵیان به‌جێهێشتوه و هیچ خێزان و كه‌سێكی مه‌سیحی له‌وێ نه‌ماوه.
له په‌یامێكدا كه ئاراسته‌ی مه‌سیحییه‌كانی كردبوو، ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی، سه‌كرده‌ی خه‌لافه‌تی ئیسلامی له موسڵ چه‌ند بژارده‌یه‌كی بۆ مه‌سیحییه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی د‌یاریكردبوو، هاتنه ناو ئایینی ئیسلام یان پێدانی جیزیه (سه‌رانه)، یان چوونه ده‌ره‌وه له‌و شاره ئه‌گه‌ر نا ئه‌وا ته‌نها شمشێر ده‌بێته بژارده‌یان.