بارزانی: هەواڵی گەڕانەوەی برای بەڕێزم جەنابی مام جەلال بۆ كوردستان زۆر خۆشحاڵی كردم
نوچەنێت
مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا خۆشحاڵی خۆی بەگەڕانەوەی مام جەلال بۆ کوردستان رادەگەیەنێت، دەشڵێت”نەخۆشیی بەڕێزیان كەلێنێكی گەورەی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و كوردستان بەجێ هێشتبوو. بە دڵنیاییەوە گەڕانەوەی جەنابی دەبێتە هۆی پتەوتربوونی یەكڕیزی و برایەتیی زیاتری نێوان نێو هێزە كوردستانییەكان”
تاڵەبانی سەرۆک کۆماری عێراق، لە شەوی 17/12/2012 لەشاری بەغدا تووشی جەڵتەی مێشك بوو، دوای سێ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی مەدینە توبی بەغدا ئەنجامدانی چەند پشكنینێك بۆی ، سەرلەبەیانی رۆژی 20-12-2012، بەمەبەستی چارەسەر بەرەو ئەڵمانیا بەڕێكراو لەو رۆژەوە لە بەرلینەو ئەمرۆ دەگەڕێتەوە کوردستان.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێم:
هەواڵی گەڕانەوەی برای بەڕێزم جەنابی مام جەلال بۆ كوردستان زۆر خۆشحاڵی كردم و هیوادارم خودای گەورە شیفای تەواوی بدات. نەخۆشیی بەڕێزیان كەلێنێكی گەورەی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و كوردستان بەجێ هێشتبوو. بە دڵنیاییەوە گەڕانەوەی جەنابی دەبێتە هۆی پتەوتربوونی یەكڕیزی و برایەتیی زیاتری نێوان نێو هێزە كوردستانییەكان بە تایبەت كە گەلەكەمان بە قۆناغێكی هەستیار و یەكلاییكەرەوەدا تێدەپەڕێت.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
19ـی 7ـی 2014