ئەمریکا زیاتر لە هەمووکات تەنیایە، لەکاتێکدا ئێستا جیهان پێویستی بە رابەرایەتی ئەوە

0

ئەمریکا بووەتە قەڵەمڕەوێکی نادیار و نەناسرا، لە دیمەنێکدا، کە بەرەو شوێنێکی نەفرەت لێکراوی کۆرۆنا دەچێت و بووەتە وڵاتێک، کە جێی متمانەی هاوپەیمانانی نییە. 

کاتێ جیهان دەبینێ زلهێزێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆرۆنا سەرقاڵی خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو ڕێ و شوێنانەیە، کە وڵاتانی هەژار بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پەتای کۆرۆنا بەکاریان هێناون، دابەزینی حورمەت و ڕێزی ئەمریکا خەریکە دەبێتە شانۆیەکی ترسناک. 

سێ ساڵ و نیو سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ، ناوبانگ و پێگەی نێودەڵەتی ئەمریکا و لەوانەیە ڕۆڵی داهاتووی ئەو وڵاتەی بە جۆرێک گۆڕی بێ، کە ئەو کاتەی لە 20 ژانویەی 2017  لە پایتەختی ئەمریکا سوێندی سەرۆک کۆماری دەخوارد، قەت پێش بینی نەدەکرا و بە خەیاڵیشدا نەدەهات. 

ترامپ ئەو ڕۆژە پێداگری لەوە دەکرد، کە “ئێمە دەبێ پارێزگاری لە وڵاتەکەمان بکەین لە بەرانبەر تاڵانکاری وڵاتانی تر، کە کاڵاکانی ئێمە بەرهەم دێنن و کۆمپانیاکانمان دەدزن و کاروبارمان تێک دەدەن”.

بڕیارە سەرەتاییەکانی ترەمپ ژیرانە و سەرکەشانە دەهاتنە بەرچاو و هەندێ جاریش مرۆڤ سەری سووڕ دەما. 

سێ ڕۆژ دوای دەستبەکار بوونی، لە ڕێککەوتننامەی ترانس-ئاتلانتیک کشایەوە، واتا ئەو ڕێککەتنە سوودمەندەی نیوان ١٢ وڵاتی ئوقیانوسی ئارام. پاشان گەڵاڵەی ژمارە 13769-ی بە خێرایی جێبەجێ کرد و ڕێگری کرد لە سەفەری هاوڵاتیانی حەوت وڵاتی مۆسڵمان بۆ ئەمریکا. 

ئەو کاتەی سەرۆک وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا لە فێبریوەری ساڵی 2017، لە ماڵتا، بە مەبەستی دانیشتنێکی نائاسایی کۆبوونەوە، دروشمی “سەرەتا ئەمریکا” زیاتر لە هەموو شتێ نیگەرانی کردبوون. دۆناڵد توسک، سەرۆکی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەرۆک وڵاتانی ئەورووپی نووسی “گۆڕانکارییەکانی ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپای خستووەتە دۆخێکی هەستیارەوە، چونکە وادیارە سەرۆک کۆماری نوێی ئەمریکا، لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی 70 ساڵی ڕابردووی وڵاتەکەی کێشەی هەیە”.

 ئەو هەلومەرجە وای کرد ئانگێلا مێرکل، لایەنگری سەرسەختی یەکێتی ئەوروپا و ڕێبەری مەعنەوی ئەو یەکێتییە ڕای بگەیەنێت، کە “چارەنووسی ئەوروپا لە دەستی خۆیەتی. من بڕوام وایە، کە هەر چی هێزمان زیاتر بێت، ڕۆڵمان بە شێوەیەکی ڕوونتر دەردەکەوێت و باشتر دەتوانین بەردەوامی بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا بدەین”. 

سێ مانگ دوای ئەوە، ترەمپ لە یەکەمین سەفەری دەرەکی خۆیدا، سەلماندی، کە حەق بە مێرکڵ بوو. لە کۆبوونەوەی ناتۆ لە بەلجیک لە 25 مانگی مەی، ترامپ نەک هەر ڕەخنەی توندی لە مێرکل گرت سەبارەت بە سیاسەتی ئابووری وڵاتەکەی و پەلاماری هاوپەیمانانی خۆی دا بە بیانووی ئەوەی ئەرکی خۆیان سەبارەت بە دابینکردنی بودجەی ئەو ڕێکخراوەیە جێبەجێ نەکردووە، بەڵکو لەگەڵ ڕابەرانی وڵاتانی تر و لەوانە سەرۆکوەزیرانی مونتەنێگرۆ و ئیمانۆئێل مەکرۆن، سەرۆک کۆماری نوێی فەرەنسا، زۆری بە ساردی هەڵسوکەوتی کرد.

کودەتای مەزنی ترەمپ، لە بنکەی ناتۆ لەو ڕۆژەدا کۆتاییهێنان بوو بە ماددەی 5ی ڕەشنووسی ئەو ڕێکخراوەیە، کە دەڵێت ئەو ڕێکخراوەیە هەموو ئەندامانی خۆی دەپارێزێ. 

ئێستا سێ ساڵ و نیو پاش سیاسەتەکانی ترەمپ، ئەندامانی سەرەکی ناتۆ لە نێو خۆیاندا باس لەوە دەکەن، کە نیگەرانن هەڵبژاردنەوەی ترەمپ بۆ جاری دووەم ببێتە هۆی “هەڵوەشانەوەی یەکجارەیی” ناتۆ. ئەو نیگەرانییە دوو حەوتوو پێس ئێستا، کە ترەمپ ڕایگەیاند: 9500 سەرباز لە بنکەکانی ئەڵمانیا دەکشێتەوە – و ئانگێڵا مرکێلیشی لەوە ئاگادار نەکردبووەوە- پەرەی سەند. 

حەفتەی ڕابردوو بەرپرسێکی باڵای ناتۆ بە منی گوت، ئەگەر ترەمپ هەڵبژێردرێتەوە، ئەوە هەواڵێکی “ئێجگار ناخۆش دەبێت” و “بە جددی” کاریگەری لەسەر هاوپەیمانێتی ناتۆ دادەنێ. ئەمەیش ڕوو نەدات لانیکەم چەمکی پێشگری (Deterrence) دەرەوەی ئاتلانتیک ئیتر ئامانجێکی گونجاو نابێت.

سەرچاوەکەم گوتی “ترەمپ زۆر ڕاستگۆیە، ژمارەیەکی زۆر سەرباز لەوێن”، ئەوە نیشاندەری مەسەلەیەکی گەورەتر بوو و ئەوەیش ئەوە بوو، کە ئیتر ناکرێ متمانە بە ئەمریکا بکەیت.

تاکە لایەنەگەری تایبەتەمەندی سەرەکی سیاسەتەکانی خولی یەکەمی سەرۆک کۆماری ترەمپ بووە. ئایدیای ترامپ سەبارەت بە “سەرەتا ئەمریکا”، ئەمریکای لە چقی چەند لایەنەگەرایی جیهانییەوە، کە بڕیاردەرانی سیاسی پێشووی ئەمریکا هەوڵیان بۆ دابوو، گۆڕیوە بۆ هێزێکی متمانەپێنەکراو، کە دەبێتە هۆی لێکترازانی هێزە دیموکراتەکانی جیهان. 

لە پایتەختەکانی جیهاندا، ترەمپ وەک نیگەرانییەکی بێ بڕانەوە سەیر دەکرێ، دۆخی جیوپۆلەتیکی جیهان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەگۆڕدرێ و بەدەگمەن وەک ڕۆژی پێشوو دەمێنێتەوە. 

ژمارەیەکی زۆر کێشەی نێودەوڵەتی و لەوانە گۆڕانکاری کەشوهەوا، دابەزینی ئابووری و قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا  هەڕەشەن بۆ سەر جیهان.  

ئەوەی، کە ئەمریکا بە ڕاستی کاریگەری لەسەر ڕووداوەکان نەماوە، ئیتر جێگای حاشالێکردن نییە. کاتێ باسی هاوکاری نێودەوڵەتی دەکرێ، بە هۆی سیاسەتە چاوەڕواننەکراوەکانی ترەمپ لە پرسە جیاوازەکاندا و لەوانە لە سوریا، ناتۆ، بازرگانی، کوریای باکوور و هتد، یەکێتی ئەورووپا چەندە لای ئەمریکایە بەو ڕادەیەش لایەنگری چینە. 

ترامپ لە مانگی جانیوەری، وێرای ستایش کردن لە ڕووبەڕووبوونەوەی چین لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا، ڕایگەیاند: پێم وایە پەیوەندییەکانی ئێمە هیچ کات وەک ئێستا باش نەبوون. لەئێستادا ئێمە هاوکارییەکانمان سەبارەت بەو ڤایرۆسە پەرە پێداوە”.

بەڵام لە مانگی ئەپریل، کۆشکی سپی خوازیاری سزا دانی چین بوو بە هۆی کەمترخەمی و ئەوەی، کە جیهانی ئاگادار نەکردووەتەوە سەبارەت بە پەتای کۆرۆنا.

بۆیە لە دەنگدانەکانی کۆبوونەوەی ساڵانەی ڕێکخراوەی تەندروستی جیهانی، ئەوروپا نەچووە ژێر باری گوشارەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە خوازیاری لێکۆڵینەوە بوو سەبارەت بە چۆنییەتی بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە لە چین. ئەوە لە حاڵێکدا بوو، کە ترامپ بانگەشەی ئەوەی دەکرد، کە ڕێکخراوەی تەندروستی جیهانی بووکەڵەی چینییە.

کارل بیلت، سەرۆک وەزیری پێشووی سوید، لە تووییتێکدا ڕایگەیاند، کە ئێستا وەک ئەوە وایە “جیهانی پاش ئەمریکا” ببینی. چینێکی متمانەبەخۆ و دڵنیا و خاوەن ستراتیژییەکی ڕوون. یەکێتی ئەوروپا هەوڵ دەدا ئەو هاوکارییە جیهانیانە، کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆرۆنا ماونەتەوە، بپارێزێت. 

 خراپتر لەوە ئەوەیە، کە هەڵوێستەکانی خۆدی ترەمپ، ڕوانگەکانیشی سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆۆرۆنا تا رادەیەکی زۆر بێ قازانج کردووە. کێشە هەر ئەوە نییە کە ترەمپ پێشنیار دەدات، کە دەرمانی سپی کەرەوە بەکار بهێنن یان دەرمانی هیدروکسی کلورین بخۆن، بەڵکو بەپێچەوانەی زۆربەی ڕێنوێنییە تەندروستییەکان دەجوڵێتەوە. ئەمریکا بە دژایەتی چین، خەڵکەکەی خۆی تووشی شکست دەکات.

ئەگەر ڤایرۆسی کۆرۆنا، تاقە قەیرانی نێوخۆیی ترامپ بوایەت، لەوانە بوو جیهان هەندێ چاوپۆشی لێ کردایەت. بەڵام ئەو لە ماوەی سەرۆک کۆماری خۆیدا زیاتر لە هەموو سەرۆک کۆمارە پێشووەکان، جیهانی وەڕەز کردووە. 

ڕێککەوتنامەی جیهانی کەش و هەوا، کە بە مەبەستی دەربازکردنی جیهان لەو دۆخە، پەسەند کراوبوو و هەروەها ڕێککەوتننامەی چەند لایەنەی سنووردارکردنی بەرزەفڕیە ئەتۆمییەکانی ئێران هەڵوەشاندەوە. شەڕی بازرگانی لەگەڵ چین دەست پێ کرد و ئیتر بەرهەمێکیشی لەگەڵ ئەوروپا نییە. ترەمپ یەخەی ئێرانی گرت و لەگەڵ کیم جۆنگ ئۆن لە کوریای باکوور دانیشت. جگە لەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ زۆرینەی ڕێکخراوە سەرەکییەکانی جیهان، لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بگرە تا سندووقی دراوی نیودەوڵەتی و هتد، ئاڵۆز کردووە. 

گرنگتر لە هەموو ئەوانە، وادیارە زۆر بەلایەوە سەختە لە دیکتاتۆرە بەهێزەکان ڕەخنە بگرێ. لە ڕوانگەی ترەمپەوە، چین و روسیا وڵاتانێکن، کە لە سەردەمی ڕابەرایەتی پۆتین و شی جینپینگ، بەرەوە ژیانێکی باشتر ڕۆیشتوون.

لە حەوتووی داهاتوو و ڕۆژی سەربەخۆییدا، لەوانەیە ئەمریکا تەنیاتر لە چەند دەیەی ڕابردوو بێت. ترەمپ هەموو ئەو پەیوەندیانەی پچڕاندووە کە بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان ڕچاو دەکرێن و ئەمەش بۆ هەموو جیهان خەساری هەیە. 

بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە زیاتر لە 30 ویلایی ئەمریکادا، جیهان ئیدی چاوپۆشی لە شکستە ڕوونەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ناکات. 

شکستی ئەمریکا، وەک گەورەترین ئابووری جیهان، سەبارەت بە کۆنتڕۆڵکردنی پەتای کۆرۆنا، کاریگەری لەسەر هەموومان داناوە. ئێستا زیاتر لە هەموو کاتێ لە مێژووی هاوچەرخدا، شوێنەکانی تری جیهان پشکیان هەیە لە هەستاندنەوەی ئەمریکادا. 

 بە کورتی بەو جۆرەی، کە ترەمپ دانی بە شکستەکانی خۆیدا ناوە لە ڕێنوێنیکردنی ئەمریکادا بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆرۆنا، هاوپەیمانانی ئەمریکا دەبێ بۆ درباز بوون لەو دۆخە، لانیکەم تا مانگی نوڤامبەر چاوەڕوان بن. 

نووسەر: نیک ڕۆبێرتسۆن

سەرچاوە: سی ئێن ئێن

و: نوچە نێت

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com