هێزی حاشاهەڵنەگر

0

هیچ کاتێک دیپلۆماسی وەک ئێستا، کە ئێمە بەرەوڕووی گەورەترین قەیرانەکانی پاش جەنگی دووەمی جیهانی، واتا پەتای کۆرۆنا و داڕمانی ئابوورین، پێویست نەبووە. 

هەر کاتێ لە پەتای کۆرۆنا ڕزگارمان بوو، دەبێ لێپێچینەوە لە ئەمریکییەکان بکرێ لەبەر ئەو کارەساتە مرۆییەی کەرتی تەندروستی گشتی، کە تا ئێستا زیاتر لە 100,000 هەزار کەسی کردۆتە قوربانی و لە زۆربەی ئەو دام و دەزگایانەی کۆمەڵگەمان (لەوانە هارڤارد)، کە لە بەهارەوە تا هاوین داخراون. 

هەڵبەت پێویستە چاوێک لە دەرەوەی سنوورەکانیش بکەین و بزانین لە ئاستی جیهانیدا چ هەڵەیەک ڕووی داوە. بۆ چی ڕێکخراوەی تەندروستی جیهانی، سەرەڕای ئەو هەموو ئەزموون و پسپۆڕییەی خۆی سەبارەت بە کاروباری تەندروستیی، گوشاری جددی نەخستە سەر وڵاتی چین، بۆ ئەوەی ڕاستییەکانی سەرەتای مانگی جانیوەری ئاشکرا بکات؟ وڵاتان چۆن دەتوانن بە شێوەیەکی گونجاوتر خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شەپۆلی دووەەم ئامادە بکەن؟ ئایا دەتوانن ڤاکسێنی دژە کۆرۆنا لە نێو سەرجەم 7.7 ملیار دانیشتووی گۆی زەوی دابەش بکەن؟ ئایا ئابوورییە گەورەکانی جیهان دەتوانن بۆ ڕێگریکردن لە داکشانی هەمەلایەنەی ئابووری هاوکاری یەکتری بکەن؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە تا ڕادەیەک بەستراوەتەوە بە توانای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کەڵکوەرگرتن لە دیپلۆماسی لە ئاستی جیهاندا. 

من چوار دەیە لە تەمەنی خۆمم وەک نوێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە دەرەوەی وڵات تێپەڕ کردووە و لە زانکۆیش سەبارەت بە ڕۆڵی ئەمریکا، وەک هێزێکی حاشاهەڵنەگر یان پێویست لە شانۆی نێودەوڵەتیدا وانە دەڵێمەوە. لە زۆربەی ئەو ساڵانەدا، چ لە سەردەمی جەنگی سارد و چ پاش هێرشەکانی 11ی سیپتەمبەر و چ لە میانەی جەنگەکانی ئەفغانستان و عێراق- ئەمریکا، زیاتر پشتی بە هێزی سەربازی بێ وێنەی خۆی بەستووە. بەڵام ئێستا بە هۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە هەموو جیهاندا، کاتی ئەوە هاتووە کەڵک لە دیپلۆماسی وەربگرین بۆ ئاوەدان کردنەوە و باشتر کردنی داهاتووی جیهان. 

مەخابن گەڕاندنەوەی توانای دیپلۆماسی ئەمریکا کارێکی ئاسان نییە. یەکێک لە نەهامەتییەکانی تووشبوونی ئێمە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەوە بوو، کە بووە هۆی کاڵبوونەوەی متمانە بە ئەمریکا وەک زلهێزی جیهان. لە پاش جەنگی جیهانی دووەم تا ئێستا، ئەمە یەکەمین جارە ئەمریکا بڕیاری داوە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشەیەکی جیهانی، ڕۆڵی ڕابەرایەتی نەگێڕێت. سەرەڕای ئەوەی وڵاتانی جیهان سەرقاڵی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆرۆنان، ترامپ سەرەڕای ئەو هەموو وزە و توانایە، کە لە ماوەیەکی کەمدا تەرخان کراوە، بەڵام خۆی کەسایەتییەکی وەهمییە لە ئاستی جیهانیدا.

هەموو جیهانیان دەبینن. کە ترەمپ لە جیاتی ئەوەی ڕابەرایەتی وڵاتانی گەورەی ئابووری و گروپی _٢٠ بکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پەتایە، خۆی سەرقاڵی تاوانبار کردنی چین لەبەر سەرهەڵدانی “ڤایرۆسی ووهان” و تاوانبار کردنی ڕێکخراوەی تەندرووستی جیهانی کردووە. تا ئەو ڕادەیەی، کە یەکێک لە خوێندکارە ئەوروپییەکانی من بە پەرۆشەوە دەیگوت، ترەمپ لە هەموو لێدوانە دوورودرێژانەی خۆیدا بۆ نیشاندندانی هاوخەمی، تەنانەت بە یەک وشەیش سەرەخۆشی لە هاوپەیمانانی خۆی لە ئیتالیا و ئیسپانیا نەکردووە. 

کالین پاول، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا، لە شوێنێکدا گوتبووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دەبێ دیپلۆماتەکانی خۆی لە بەرەی پێشەوە جێگیر بکات و کاتێ کەڵک لە هێزی سەربازیی وەربگرێت، کە دیپلۆماسی شکست دەهێنێت. ئەو قسەیەی پاول وەبیرهێنەری ڕوانگەیەکی گرنگە سەبارەت بەوەی ئەمریکا چۆن دەتوانێ لەم کاتەدا، کە پەتای کۆرۆنا لە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە، ڕۆڵی ڕێبەرایەتی بگێڕێت، چونکە کۆرۆنا تەنیا یەکێکە لەو هەزاران هەڕەشەی، کە پێویستی بە رابەرایەتی ئەمریکا لە رێگای دیپلۆماسییەوە هەیە (نەک لە رێگای سەربازییەوە).  

زۆرێک لە خوێندکارەکانم ئاماژە دەکەن بە هەندێ هەڕەشەی جیهانی، کە لەسەر هەموو نەتەوە و تاکەکانی سەر گۆی زەوی کاریگەری دادەنێن و ئەوانە گەورەترین کێشە و گرفتی ئێمەن. سەرەکیترینی ئەو کیشانە بریتین لە گۆڕانی کەشوهەوا، نەبوونی خواردەمەنی و ئاو، نەبوونی ئاسایشی سایبێری، قاچاخی مادە سڕکەرەکان و هەبوونی گروپە مافیاییەکان و بڵاوبوونەوەی پەتەکان. هیچ کام لەو کێشانە بە بێ پێکهێنانی هاوپەیمانییەتی دیپلۆماتیک لە نێوان دەوڵەتان، زانکۆکان، دامەزراوەکان، ناوەندە بازرگانییەکان و هاوڵاتیانی هەموو جیهاندا چارەسەر نابن. 

ئەمە بەو مانایە نییە، کە دیپلۆماسی دەتوانێ جێگای هێزی سەربازی ئەمریکا بگرێتەوە، بەڵکو مانای وایە، کە دیپلۆماسی لە سەدەی بیست و یەکەمدا لە پاڵ سوپا، هێزی دووەمی ئەمریکایە. سوپا بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ وڵاتانی ڕوسیا، چین و حکومەتە سەرکێشەکانی کۆریای باکوور و ئێران پێویستە، بەڵام تەنانەت بۆ ئەوەش ئێمە دەبێ خاوەن دیپلۆماسییەکی بەهێز بین بۆ ئەوەی بگەینە ئامانجەکانمان. تەنانەت ئەگەر ئێمە هەموو توانای سوپای وڵاتەکەمان بۆ لە نێوبردنی پلانە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکوور و ئێران و ئەو دەوڵەتانەی پشتیوانییان لێ دەکەن تەیار بکەین، ئایا کەس دەتوانێ لەوە دڵنیا بێت، کە ئەو کارە لەخۆیدا کێشەکە چارەسەر دەکا؟ تەنانەت لەو بوارەشدا، دەبێ دیپلۆماسی سەربەخۆ و دیپلۆماسییەک، کە بە وردی داڕێژرابێت ڕۆڵی سەرەکی بگێڕێت، بەو جۆرەی، کە ئەزموونی ئەم دواییانە ئەوەی سەلماندووە. ئێمە ئیدی ناتوانین لەوە زیاتر بە شێوەی تاک لایەنانە کەڵک لە هێزی سەربازی وەربگرین، بەو جۆرەی، کە زۆر جار پاش ڕووداوەکانی 11ی سیپتەمبر کەڵکمان لێ وەرد دەگرت. 

وەزارەتی دەرەوەی ٢٠٣٠

کاریگەری هێزی دیپلۆماتیکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تا ڕادەیەکی زۆر بەستراوەتەوە بە چالاکییەکانی ئەو ژن و پیاوانەی، کە لە بەشی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە زیاتر لە 280 باڵیۆزخانەدا زیاتر لە 11 هەزار پۆستییان لە کونسوڵخانەکان و هەروەها لە وەزارەتی دەرەوە لە واشنتۆن دی سی، بەدەستەوەیە.

 ئەو کەسانە ڕێگای پەیوەندییەکانی ئێمەن لەگەڵ دەوڵەتەکان، بازرگانان و هاوڵاتیان لە دەرەوە. ئەوانن، کە مۆڵەت و ڤیزا دەدەن بە کۆچەران و هێزی کار. یارمەتی ئەمریکا دەدەن بۆ تێپەڕاندنی کۆسپ و لەمپەڕەکانی بەردەم بازرگانی و سەرمایەگوزاری دەرەکی. ئەوانە بەڕێوەبەری پرسەکانی پەیوەندیدار بە جەنگ و ئاشتین، واتا ئەو پرسانەی، کە پەیوەندیدارن بە ئاسایشی نەتەوەیی و بەختەوەری نیشتمانی ئێمەوە. هاوکاری دیپلۆماتیک نیشاندەری توانای ئێمەیە بۆ پێشکەوتن لە بوارەکانی زانست و ئاکادیمیا، تەکنۆلۆژیا و بواری کۆمەڵایەتی، کە دەتوانن ببنە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی هەژاری لە هەموو جیهان و پاراستنی مافی ژنان و جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنەی سەبارەت بە ئابووری بێ کاربۆن ((carbon-free economy)) دراوە.  

بەو حاڵەش، ڕێک ئێستا، کە پێویستە ڕوو بکەینە دیپلۆماسی، وەزارەتی دەرەوە بەرەوڕووی یەکێک لە گەورەترین قەیرانەکانی مێژووی خۆی بووەتەوە. هەندێ لە خەسارەکان بەرهەمی سیاسەتی هەر دوو حیزبی دێموکرات و کۆماریخوازن. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تاقە وڵاتی زلهێزە، کە یەک لەسەر سێی یا تەنانەت ڕێژەیەکی زیاتر لە ئەرکەکانی خۆی داوەتە دەستی سیاسییە لێنەهاتووەکان، کە لە دەرەوەی ئەو ئیدارە هاتوون. ئەوە ئەمریکا بێ بەش دەکات لە نوێنەرایەتی شارەزا، پسپۆڕ و ناحزبی لە ئاستی جیهانیدا. ئەم هەڵەیە ئێستا خێراتر بووەتەوە، چونکە حکومەت بە بەراورد لەگەڵ نیو سەدەی ڕابردوو، کەمترین ڕێژەی باڵیۆزانی دیاری کردووە. جەنڕاڵەکان و بەرپرسە سەربازییەکانی پێشوو لە باڵیۆزخانەکان دانراون، لە حاڵێکدا دەبوایە دیپلۆماتەکان لەو شوێنانە دابنرایەن. بە سیاسی و بە سەربازیکردنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لایەن هەردوو حزبەوە کێشەیەکی ڕاستەقینەیە. 

وەزارەتی دەرەوە بە ڕادەیەکی زۆر لاواز بووە و پێویستی بە چاکسازی بنەڕەتی و هەمەلایەنە هەیە. ئەوە لە حاڵێکدایە، کە دوناڵد ترەمپ، کە لە دوو ساڵی سەرەتای سەرۆک کۆماری خۆیدا خوازیاری ئەوە بوو، کە بودجەی وەزارەتی بەرگری لە 686 میلیار دۆلارەوە بەرز بێتەوە بۆ 718 ملیار دۆلار، هەوڵی دا دوو لەسەر سێی بودجەی وەزارەتی دەرەوە کەم بکاتەوە. ئیدارەی ترامپ لە سەرەتای ساڵی 2017دا بەشێکی بەرچاو لە دیپلۆماتە بە ئەزموونەکانی ئەمریکای دوور خستنەوە و ژمارەیەکی زۆرتری خستنە پەراوێزەوە. ترامپ خۆی ڕەخنە لە دیپلۆماتەکان دەگرێ. بۆیە سەرسووڕهێنەر نییە، کە هەمووی ورەی دابەزیوە و لە حاڵێکدا، کە لە ساڵی 2003 نزیکەی 31،000 لاوی ئەمریکی خوازیاری ئەوە بوون، کە لە وەزارەتی دەرەوە دامەزرێن، ئێستا تەنیا 10،000 کەس ئەو خواستەیان هەیە. ئەمە نیشانەیەکی خەمهێنەرە، چونکە دەبێتە هۆی لە نێوچوونی توانای وڵاتەکەمان بۆ ڕاکێشانی ئەو کەسانەی، کە بۆ کاروباری دیپلۆماتیک زۆر لێهاتوون. 

وێناکردنەوەی دیپلۆماسی ئەمریکا 

ناوەندی کنێدی، لە زستانی ئەمساڵدا دەستی کرد بە داهێنانێکی بەرزەفڕانە و نیشتمانی (واتا دیپلۆماسی نوێی ئەمریکا بۆ سەدەی بیست و یەکەم)، بە مەبەستی ڕواندنەوەی ئەو نیگەرانیانە و دەستپێکردنی گفتوگۆ لە ئاستی نیشتمانیدا سەبارەت بە داهاتووی خزمەتگوزارییەکانی دەرەوە. من و هاوکارانی پێشووم لە وەزارەتی دەرەوە، واتا نانسی مەک ئەدولونی، مارک گروسمن و مارسی رایس، پێکەوە هاوکاری دەکەین بۆ ئەوەی ڕاپۆرتێکی هەمەلایەنە پاش هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری مانگی نۆڤەمبەر، بڵاو بکەینەوە. 

بۆ ئەو مەبەستە ڕۆژانە لەگەڵ سەدان کەس لە کاربەدەستانی ئێستا و پێشوو، بەرپرسانی بازرگانی و هەروەها دامەزراوە قازانج نەویستەکان و هاوڵاتیان، بە مەبەستی گفتوگۆ کردن سەبارەت بە ڕێگەچارەکانی چاکسازی و بەهێزکردنەوەی خزمەتگوزارییەکان بە شێوەی ئۆنلاین کۆ بووینەتەوە. 

دیپلۆماسی ئەمریکا، پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی هەمەلایەنە و هاتنە سەر کاری نەوەیەکی نوێ هەیە. کۆنگرێس و ئەو سەرۆک کۆمارانەی، کە پاش هێرشەکانی 11ی سیپتەمبەر هاتنە سەر کار، هەندێ چاکسازییان لە بەشی هێزی سەربازیی و هەواڵگری و وەزارەتی ئاسایشی نەتەوەیی پێکهێنا. بەڵام بە گشتی هەوڵێکی ئەوتۆیان بۆ بووژاندنەوەی توانای دیپلۆماتیکی ئەمریکا نەدا. 

لە سەدەی ڕابردوودا، تەنیا سێ هەوڵ دران بۆ مودێرن کردنی دیپلۆماسی ئەمریکا: لە ساڵەکانی 1924، 1946 و 1980 (واتا ئەو کاتەی کۆنگرێس دوایین گەڵاڵەی دەسەڵاتەکانی وەزارەتی دەرەوەی پەسەند کرد). ئێستا و پاش 40 ساڵ، کە ژینگەی ستراتیژیکی ئێمە، گۆڕانکاری بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە، کاتی ئەوەیە ڕۆڵ و پێگەی وەزارەتی دەرەوە بگەڕێنینەوە بۆی. 

ئێمە دەتوانین لە مێژووی دیپلۆماتیکی ئەمریکا ئیلهام وەر بگرین. من وەک ئەزموونی خۆم ئەو کاتەی وەک فێرخوازێکی لاو لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە موریتانی کارم دەکرد، لە بیرم دێت، کە جیمی کارتر، وەک یەکەمین سەرۆک کۆماری ئەمریکا، کە سەردانی ئەفریقای کرد، چ ڕێزێکی لێ گیرا و چ کاریگەرییەکی دانا. یەک دەیە پاش ئەوە، ئەو کاتەی، کە من لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی بەرپرسی دۆسیەی یەکێتی سۆڤیەت بووم، بینەری گفتوگۆکانی سەرۆک بۆش بووم بۆ کۆتاییهێنانی ئاشتیخوازانە بە شەڕی سارد و هەروەها بینەری هەوڵەکانی کلینتۆن بووم بۆ یەکلاییکردنەوەی سەرکەوتنی دموکراسی بەسەر کۆمۆنیزمدا. جۆرج دبلیۆ بۆش، دەستی کرد بە جێبەجێکردنی ئەو گەڵاڵەیە، کە لە لایەن هەردوو حزبی دیموکرات و کۆماریخواز، بە مەبەستی یارمەتیدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ نەخۆشییەکانی ئایدز، ئیفلیجی منداڵان و نەخۆشییە کوشندەکانی تری ئەفریقا و کارائیب و شوێنەکانی تر ئامادە کرابوو. ئەوە ئەزموونێکی زۆر باش دەبوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڤایرۆسەکان، نەک هەر لە وڵاتانی پێشکەوتوو بەڵکو لەو وڵاتانەیشدا، کە خاوەن سەرچاوەی ئابووری و تەندروستی ئەوتۆ نین.

جگە لەوە، لە 11ی سیپتەمبەردا، وەک نوێنەری ئەمریکا لە ڕێکخراوەی ناتۆ، باشترین وانە سەبارەت بە دیپلۆماسی فێر بووم. تەنیا چەند کاژمێر پاش هێرشە تیرۆریستییەکانی ئەلقاعیدە بۆ سەر ڕێکخراوەی بازرگانی جیهانی و وەزارەتی بەرگری، لە دەرەوەی بڕۆکسل تەلەفونێکم بۆ هات. دەیڤید ڕایت، هاوکارە کەنەداییەکەم یەکەم کەس بوو، کە پەیوەندی پێوە گرتم و پاشان نوێنەرانی بەریتانیا، فەرەنسا، پۆلەندا، ئەڵمانیا، ئیتالیا و زۆرێک لە وڵاتانی تر. هەموویان پرسیاریان ئەوە بوو، کە “چۆن دەتوانن یارمەتیمان بدەن؟”. ئەوە خۆشترین قسەهایەک بوون، کە لە ناخۆشترین ڕۆژی مێژووی ئەمریکادا دەمبیستن. 

ڕۆژی دواتر، بە گەڕانەوە بۆ بەندی 5-ی ڕەشنووسی پەیمانی ناتۆ، بۆ یەکەمین جار لە ساڵی 1949-وە، هەموو وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوەی ناتۆ، بە دەم ئەمریکاوە هاتن و بەڵێنیان دا، کە لە ڕووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە پشتیوانی لە سیاسەتە سەربازییەکانی ئەمریکا بکەن. هاوپەیمانەکانمان هێرشەکانی ئوسامە بن لادەن بۆ نیویورک و واشنتۆنیان وەک هێرش بۆ سەر خۆیان دەزانی. سەربازەکانی هەموویان لەگەڵ ئێمە ڕۆیشتن بۆ ئەفغانستان ( زۆرینەیان پاش 19 ساڵ هەر لەوێ ماونەتەوە و ئەوان و هاوپەیمانانی ترمان زیاتر لە 1000 سەربازیان کوژران). ئێمە منەتباری ئەوانین. 

بەڵام سەرۆک کۆماری ئێستا [ترەمپ] بڕوای وایە ئەگەر ئەمریکا بە تەنیا بڕیار بدات، سەرکەوتووتر دەبێ و هاوپەیمانییەکان و هاوکارییەکانی ئەمریکا لەگەڵ وڵاتانی تر، بە میراتی سەردەمی شەڕی سارد دەزانێت. 

من لە ڕۆژی یازدەی سیپتەمبەردا، وانەیەکی زۆر جیاواز فێر بووم لە هاوپەیمانانمان. پرسیار ئەوەیە، کە بۆچی ئەمریکا لە جیهانی ئاڵۆز و پڕمەترسی ئەمڕۆدا، وڵاتانی دۆستی خۆی لەبەرچاو ناگرێت و هاوپەیمانەکانی بە دەمیەوە نایێن؟

هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناتۆ و وڵاتانێ وەک یابان، کوریای باشوور و ئوسترالیا دەبنە هۆی پەرەپێدانی زیاتری هێزی وڵاتەکەمان. کاتێ ئێمە پیویستمان بەوانە، لە ڕووی سەربازی و ئابووری و سیاسییەوە پشتیوانمیمان لێ دەکەن. ئەوان دەرخەری جیاوازی هێزی ئەمریکان لەگەڵ وڵاتانێک وەک چین و روسیا و دەتوانن ململانێکان یەکلایی بکەنەوە. 

ئەو کاتەی، کە توانیمان لە نەهامەتییەکانی دوو دەیە جەنگ و ئێستاش کۆرۆنا ڕزگارمان بێت و کۆمەڵگە و ئابووری خۆمان ڕێکبخەینەوە، پێویستە هەڵسەنگاندنێکی نوێ بکەین بۆ ڕۆڵی خۆمان لە جیهاندا. ئەو سەردەمەی، کە ئەمریکا دەیتوانی حوکم لەسەر جیهان بکات بەسەرچووە. ئەگەرچی ئەمریکا هێشتا لە بواری ئابووریی، سەربازی و تەکنۆلۆژیا هێزی زیاترە، بەڵام زۆری پێ ناچێت، کە وڵاتانێکی وەک چین و هیند و وڵاتانی تر پێش دەکەون. ئێمە ئیدی توانای ئەوەمان نییە لە هەموو قەیرانەکاندا بەسەر دوژمنانماندا سەرکەوین. ئەگەرچی ئەگەری ئەوە هەیە، کە ئێمە لە داهاتوودا پێویستیمان بە سوپا هەبێت، بەڵام زۆر جار توانای دیپلۆماتەکان و هاوپەیمانییەکان لە توانای سەربازی زیاتر و لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەندێ گرفت و کێشە و لەوانە پەتای کۆرۆنا و گۆڕانی کەشوهەوا زیاتر یارمەتیدەرن. 

یەکگرتنەوەی دیپلۆماسی و بەها و بایەخەکانی ئەمریکا

ئەزموونی من ئەوەی فێر کردووم، کە کاتێ دیپلۆماسی تێکەڵ بە بەها و بایەخە ئەمریکاییەکان و حکومەتی یاسا دەبێ، کاریگەری زیاترە. ئەمە دەبێ ئێمە زیاتر هان بدات بۆ دێموکراسی، لە کاتێکدا دیموکراسی لە هەندێ لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ و لەوانە تورکیا و مەجارستان هەڕەشەی لەسەرە و لە کاتێکدا، کە لە روسیا و چین دەستدرێژی دەکرێتە سەر مافەکانی مرۆڤ. 

چەند مانگ پێش ئێستا، کە لەگەڵ جیم ماتیس، وەزیری بەرگری پێشووی ئەمریکا، لە واشنتۆن قسەم دەکرد، ئاماژەی بە هێزە سەرەکییەی ئەمریکا کرد و وتی: ئەمریکا خاوەن دوو جۆر هێزی سەرەکییە لە جیهاندا. یەکەم بریتییە لە “هێزی تۆقاندن” لە ڕێگای بەهێزترین سوپای وڵاتەکەمانەوە. دووەم ئەوەی، کە ئەمریکا خاوەن هێزێکی گرنگترە، واتا ئەو هێزەی، کە ئیلهامبەخشی شوێنەکانی تری جیهان و دەرخەری بنەمای دێموکراتیکی وڵاتەکەمانە. 

میوانانی زانکۆی هارڤارد، لە ڕۆژی 6-ی سیپتەمبەری ساڵی 1943، ئەو بابەتەیان بە جۆرێکی تر لە وینستۆن چەرچیل لە تەلاری زانکۆی هارڤارد بیستبوو، لەو کاتەیدا، کە چەرچل دکتۆرای فەخری لە بواری یاسا لە جیمز بی. کۆنانت سەرۆکی زانکۆ وەردەگرت، چەرچل لە لێدوانێکی هەست بزوێن سەبارەت بە “دیاری زمانی هاوبەش” قسەی بۆ سەرۆک زانکۆ و مامۆستایان و بەرپرسانی زانکۆ کرد و ماوەیەکی کەم پاش ئەوە لە تەلارێکی تر کە نزیکەی 6000 فێرخوازی زانکۆی ئەفسەری تێدا بوو و خۆیان بۆ جەنگ ئامادە دەکرد، سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی خۆپەراوێزخستن و قەبووڵ کردنی ڕابەرایەتی جیهان قسەی کرد. لەو سەردەمەدا، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، وەک ڕابەری جیهانی جێگای بەریتانیای دەگرتەوە، ئەو قسانەی چەرچل لە بنەڕەتدا بە مانای گواستنەوەی دەسەڵات بوو بۆ لاوانی ئەمریکا، کە لە بەرەی پێشەوەی جەنگی جیهانی دووەم بوون.

چەرچل وتی “دیاری گەورەیی و مەزنی بەرپرسیاربوونە؛ هۆکاری زۆر هەیە بۆ ئەوەی هیچ وڵاتێک ناتوانێ وەک کۆمەڵگەی ڕابەری جیهانی خاوەن شارستانییەت سەرهەڵبدات بە بێ ئەوەی تووشی کێشە و گرفتەکانی ئەو ڕابەرایەتییە ببێت و بە بێ ئەوەی سەختییەکانی ئەو ڕابەرایەتییە ئازاری بدات و ئیلهامیان لێ وەرگرێت”. 

قسەکانی چەرچل لە زانکۆی هارڤارد، ئێستاش بۆ خەڵکی ئەمریکا گرنگ و بەبایەخن. ئەگەر ئەمریکا بەرپرسیارییەتی ڕابەرایەتی جیهان لەئەستۆ بگرێتەوە و لە ڕێگای دیپلۆماسییەوە خۆی بەهێز بکاتەوە و ڕێز لە بەها و بایەخە دیموکراتیەکان لەم جیهانە ئاڵۆز و پڕ لە مەترسییەدا بگرێت، ئەمریکاییەکان دەتوانن جیهانێکی باشتر، دادوەرانەتر و سەقامگیرتر بەدی بێنن. 

نیکۆلاس برنز، دیپلۆماتی بەناوبانگی ئەمریکا و مامۆستای زانکۆ

سەرچاوە: هارڤارد مەگەزین

وەرگێران: نوچەنێت

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com