کۆرۆنا رێگر نییە لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەکەی پەرلەمان

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ڕۆژی چوار شەممەی داهاتوو، پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە و ئەو پەرلەمانتارانەی تووشی کۆرۆنا بوون بەشداری ناکەن.

محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا رایگەیاندبوو “پێنج پەرلەمانتار پێیانگوتووم تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکان ٢٠ پەرلەمانتار و ٢٨ کارمەندی پەرلەمان تووشی کۆرۆنا بوون، هەندێ لەوانەی کە تووشی کۆرۆنا بوون، پاسەوانی پەرلەمانن و خەڵکی پارێزگای دهۆکن”.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە پەرلەمانتارە تووشبووەکانی کۆرۆنا، ڕایگەیاند: ئەو پەرلەمانتارانەی تووشی کۆرۆنابوون لە فراکسیۆنە جیاوازەکانی شیعە و سوننەن، زۆربەشیان لە فراکسیۆنە شیعەکانن، هەندێک لە پاسەوانانی پەرلەمانتارانیش تووشی کۆرۆنا بوون، کە خەڵکی پارێزگای دهۆکن، بەڵام جارێ دیار نییە کام  پەرلەمانتارانە تووشبوون. 

دووبەردانی گوتیشی “بڕیارە ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو، پەرلەمانی عێراق لەسەر پرسی موچەی فەرمانبەرانی عێراق کۆببێتەوە، بۆ تەواو کردنی ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتارانیش بۆ ئەنجامدانی کۆبوونە، پەرلەمان پێویستی بە ئامادەبوونی ١٦٧ پەرلەمانتار هەیە، بۆیە ئەو پەرلەمانتارانەی کە تووشی کۆرۆنا بوون ڕێگەیان پێنادرێت بەشداری کۆبوونەوەکە بکەن”. 

ئەندامەکەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق جەختیشیکردەوە، کۆبوونەوەکەی دووسبەی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدەدرێت، ڕەنگە کۆبوونەوەکەش تەنها بۆ دەنگدان بێت لەسەر یەک بڕگەی پڕۆژەیاساکە و دوای دەنگدانەکە کۆبوونەوەکە کۆتایی پێبهێندرێت و پەرلەمانتاران بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان. 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com