پارتی: تەقەکەرەکان وون نابن

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

کارگێڕی لقی چواری پارتی لە سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر نیەتێکی جدی هەبێت بۆ دۆزینەوەی تەقەکەرەکانی سەر لقی چوار لای دەزگا ئەمنییەکان ون نابێت، بەتایبەت ڕووداوی ئەمجارەیان.

درەنگانی شەوی ڕابردوو، لە ناو ئۆتۆمبێلێكەوە چەند کەسێکی نەناسراو بە گوللەی کڵاشینکۆف دەستڕێژی گوللە لە بارەگای لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی دەكرێت، دواتر پاسەوانانی بارەگای لقی چواری پارتی وەڵامی تەقەكەرەكانیان داوەتەوە بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، کامەران غەریب، کارگێڕی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی، سەبارەت بە ڕووداوی تەقەکردنەکەی شەوی ڕابردوو، ڕایگەیاند: ئەمە جاری یەکەم نییە، کە تەقە لە بارەگای لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان دەکرێت، بەڵکو چەند جارێکی دیکەش تەقەکراوە، ئێمە هەموو جارێک بەپێی ڕێکارە ئەمنییەکان، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانیمان ئاگادار کردووەتەوە و ئەوان هاتوون کەشفی خۆیان کردووە، هەروەها تیمەکانی بەڵگەی تاوان، پۆلیس و ئاسایشی سلێمانی هاتوونەتە شوێنی ڕوداوەکە و لێکۆڵینەوەی خۆیان کردووە، نەک ئەمجارە بەڵکو جارەکانی دیکەش.  

سەبارەت بە دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ڕووداوەکە، کارگێری لقی چواری پارتی، دەڵێت “تائێستا نە لە دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ڕووداوەکە، نە هیچ سەرەداوێک یان ئەنجامێکی لێکۆڵینەوە ئێمە ئاگاداری نین و ئاگاداریش نەکراوینەتەوە، بەدڵنیاییەوە ئەگەر نیەتێکی جدی هەبێت بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ڕووداوی تەقەکردنەکان لای دەزگا ئەمنییەکان ون نابێت، بەتایبەت ڕووداوی ئەمجارەیان”.  

بەرپرسەکەی لقی چواری پارتی لە سلێمانی، باسی لەوەشکرد “ئەو شوێنەی تەقەکەی لێکراوە، کامێرایەکی چاودێری تێدایە، کە لە بەردەم پێشانگایەکی ئۆتۆمبێلە و بەرامبەر لقی چوارە، ٣ تا ٤ مەتر لە شوێنی تەقەکردنەکەوە دوورە، بۆیە ئەگەر نیەتێکی جدی هەبێت بۆ دۆزینەوەیان دەبێت لێکۆڵینەوە بکرێت، تەنانەت نەک جۆر و ژمارەی ئۆتۆمبێلەکە دیاری بکرێت، بەڵکو دەبێت کەسەکانی ناو ئۆتۆمبێلەکەش بناسرێنەوە، بەڵام تائێستا نەکراوە ئەوە جێگای پرسیارە لای ئێمە”.

کامەران غەریب گوتیشی “ئێمە داوا دەکەین لە دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی بەو شێوەی، سەروماڵی هاوڵاتیان دەپارێزن دەستخۆشییان لێدەکەین، داوا دەکەین هاوشێوەی بارەگای حزبەکانی دیکەی سلێمانی، کە ئێمەش حزبێکی سیاسیین و بەپێی یاساکانی هەرێمی کوردستان کاری حزبی و مەدەنیانەی خۆمان کردووە، ئەرکی پاراستنی بارەگاکان و سەروماڵی کادیرانی ئێمە لە ئەستۆی دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانیدایە”.                               

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com