مەرجەعی نەجەفی: لابردنی مالكی بۆتە مەسەلەیەكی پێویست
نوچە.نیت. خەندان
وتەبێژی مەرجەعی شیعە بەشیر نەجەفی ئاشكرایكرد، لەسەركار لابردنی نوری مالكی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عیراق بۆتە مەسەلەیەكی پێویست بۆ چارەسەركردنی پرۆسەی سیاسی لە عیراق.
لە بارەی هەڵوێستی مەرجەعی نەجەفی سەبارەت بە درێژكردنەوەی ویلایەتی سێیەمی نوری مالكی، عەلی نەجەفی وتەبێژی مەرجەعی شیعە بەشیر نەجەفی بەرادیۆ سەوای راگەیاند، “پێشتر مەرجەعی نەجەفی ناڕەزایی خۆی پیشانداوە لەبەرامبەر ئەو سیاسەتەی لە وڵاتدا بەڕێوە دەچێت”.
وتەبێژەكەی مەرجەعی شیعەی نەجەفی ئاماژەی بەوەشكرد، “مەسەلەی هەڵبژاردنی كەسێك بە سەرۆكی حكومەتی داهاتووی عیراق لەئەستۆی هاوپەیمانی نیشتمانیدایە”، وتیشی: پێویستە ئەو هەڵانەی قۆناغی رابردوو دووبارە نەكرێنەوە لە پرۆسەی سیاسی داهاتووی عیراقدا.
دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بەپێی دەستور لەوادەیەكی كاتی دیاریی كراودا پۆستی سەرۆك كۆمار وسەرۆكی حكومەت یەكلایی دەكرێتەوەو كابینەی داهاتووی حكومەتی عیراق پێكدەهێنرێت.