نەوزاد عەلی-سلێمانی
قایمقامی قەزای سەیدسادق ڕایدەگەیەنێت، تائێستا هیچ حاڵەتێکی کۆرۆنا لەناو سەنتەری قەزاکە تۆمار نەکراوە، هەر حاڵەتێکی نوێش هەبێت لە نەخۆشخانەی کۆرۆنای سەیدسادق چاودێری دەکرێن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، دیاری ڕەفیق، قایمقامی قەزای سەیدسادق، لە بارەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە سەیدسادق، ڕایگەیاند: تا ئێستا لەناو سەنتەری قەزای سەیدسادق، هیچ حاڵەتێکی کۆرۆنا تۆمارانەکراوە، تەنها ئەوەنەبێت کە لە گوندی گرێزەی سەر بە سەیدسادق، سێ حاڵەتی کۆرۆنا تۆمار کراوە، بەداخەوە یەکێکیان گیانی دەستداوە، دوو حاڵەتەکەی دیکە ئێستا تەندرووستیان باشە.
قایمقامی سەیدسادق ئاماژە بەوەشدەکات، جگە لەو تووشبوانەی تومارکراون، دوو کەسی دیکە بە گومانی کۆرۆنا پشکنینیان بۆکراوە و لە نەخۆشخانەی کۆرنا لە سەیدسادق کەرەنتینەکراون، چاوەڕوانی ئەنجامی پشکنینەکانین، گوتیشی “نەخۆشخانەی کۆرۆنای سەیدسادق لە ئێستادا ئامادەیە، هەر حاڵەتێکی نوێش لە قەزاکە تۆمار بکرێت لەو نەخۆشخانەیە چاودێری دەکرێت”.
سەبارەت بە هۆکاری کەمی حاڵەتەکانی کۆرۆنا لە قەزاکەیان، دیاری ڕەفیق، دەڵێت “هاوڵاتیان لای ئێمە زۆر پابەندی ڕێنماییەکانن، دواش لە هاوڵاتیان دەکەم، کە زیاتر پابەندی ڕێنماییەکانی خۆپارێزی ببن، هەروەها دەمامک و دەستکێش و کەلوپەلەکانی خۆپارێزی بەکار بهێنن”.