ئیسلامی سیاسی رقی پیرۆزی جەماوەر بەرەو ئامانجی شەیتانی خۆی ئەبات

0

کە دەمامکەکان دائەماڵین

ئیسلامی سیاسی رقی پیرۆزی جەماوەر بەرەو ئامانجی شەیتانی خۆی ئەبات

 

    حەمەڕەشید هەرەس

    Hemereshid.heres@yahoo.ca

  • ئەوەی لەتەک داواکاری جەماوەری نەتەوەکەی رێ نەکات، ملشۆڕی هەڵبژاردووە، ئەوەش بۆ بەرژەوەندی سیاسی وروژاندنی شەقام ئەقۆزێتەوە لە کوردەواری خۆمانا پێیان ئەوترێت (حیز فرسەت). مانا مۆدێرنەکەشی پێی ئەڵێن سیاسەت.
  • هەتا باسبکرێت و لێیبکۆڵینەوە ئەم دەسەڵاتی کوردیە تا بینەقاقای ناپاکی و گەندەڵییە، خۆشیان دانیان پێدا ناوە و باسی ئەکەن، بەڵام ئەوەی بۆی نیە باسی بکات ئەو لایەنانەن کە بە دنەی دوژمن ئەیانەوێت دەسەڵات بگرنە دەست و خراپتریش بکەن، ئینجا ئەوەی بڵێت لەل، لەلی ببڕن.
  • ئەمڕۆ ئیسلامی سیاسی رقی پیرۆزی جەماوەر بەرەو ئامانجی شەیتانی خۆی ئەبات، بۆیە وا خەریکن خۆپیشاندانەکان خوێناوی ئەکەن، چونکە ئەوان هەر ئەزانن بە خوێن دەسەڵات وەر بگرن.
  • لە نەگبەتی کورد و چارەنووسی رەشی، ئەمرۆ لە کوردوستاندا قەیرانی ژیریە، دەسەڵاتێکی سەرلێشێواو ناتوانێت داواکاری پیرۆزی جەماوەر و داواکاری گێرەشێوێن، لە یەکتر جیا بکاتەوە، هەردولایانی کردووە بە سەنگەری دژ، لەجیاتی ئەوەی بچێت بە پیر داواکاری رەوای جەماوەرەوە و هێوریان کاتەوە، زیاتر ئەیانوروژێنێت.
  • ئەو جەماوەرە رقئەستورەی کوردوستان بە هیچ حیزبێك کۆ ناکرێنەوە، چونکە گەندەڵی حیزب بڵاوی کردونەتەوە.
  • ئەوە بێ ئاگایی و کەمتەرخەمیی دەسەڵاتە، ئەوەی داوای ژیان و ئابڕومەندی ئەکات، لەگەڵ ئەوەی داوای دەسەڵات ئەکات، وا ئاڵۆسکاون بە یەکدا ئیفلاتون جیایان ناکاتەوە.
  • (پیسترین کارەسات ئەوەیە قاقا ئەتخاتە پێکەنین) وەک ئەو کارەساتەی ئیسلامی توندڕەو باسی ئازادی و ئازادی را دەربڕین ئەکەن، ئاخر ئیسلام لەو فۆرمەدا کە قۆزاخەی بەستوە، هەزار و چوارسەد ساڵە چوارپەڵی ئازادی کۆت و پێوەند کردووە، ئەوە چۆنە، ئەرێ ئەوە چۆنە وا ئیسلام بۆ وەرگرتنی دەسەڵات، لەبەردەرکی سەرای سلێمانی گۆڕاون و چاویان لە رەشبەڵەکی خۆپیشاندانیش نووقانوە؟ ئەرێ مەڵا بە تەنوورەی کورتیشەوە نوێژی خۆپیشاندانی هەینی دروستە؟ ئەمە لە دیندا پێی ئەڵێن تەقییە، وانا مەلا؟ ئازادییە. لای منیش قەیرانی ژیرییە.
  • ئەی نەتەوە ستەمدیدەکەم، تۆ نابیتە کۆپی میسرییەک، لیبییەک، تونسییەک، ئەوان خاوەن وڵات و ئێمەش بە تەنها ئەم فشەدەسەڵاتەمان هەیە، با نەیڕوخێنین بەسەر خۆمانا، داوای دەرمان بکە، با دەردت زیاد نەکات.
  • خۆ قەزافی لەهەمو سەرۆکێک ئیسلام تر بوو، ئەی بۆ ئەیانەوێت بە ناوی ئیسلامەوە بیروخێنن؟ مەسەلە ئیسلام نیە، مەسەلە شینی بەرژەوەندی و دەسەڵاتە، قەزافی ئەوەندە ئیسلام بوو، لە ئیتالیا داوای ئەکرد هەموو ببنە ئیسلام بۆ ئەوەی گوایە ئاسودە بژین وەک لیبیا، ئەوەندە ئیسلام بوو سەرۆکێکی ئەفەریقی وتی چی بکەم بۆ گەلەکەم تا ئاسوودە بن؟ قەزافی وتی خۆت وگەلەکەت ببنە ئیسلام، لە پێش هەمووشیانەوە خۆت، منیش یارمەتیت ئەدەم، پارەیەکی زۆرت ئەدەمێ، وتی فەرموو بمکە بە ئیسلام، قەزافی وتی پێش هەموو شتێک، ئەبێت خەتەنەت بکەین، خەتەنەیان کرد و، بە پارەیەکی زۆرەوە ناردیانەوە بۆ وڵاتەکەی، پاش ماوەیەک سەیریان کرد ئەو گەلەکەی بۆ نەکرا بە ئیسلام، داوای پارەکەیان لێ کردەوە، سەرۆکە ئەفریقییەکەش پێی وتن چەرمەکەم بۆ پێوە بکەنەوە و هەرامەکەم وەک خۆی لێبێتەوە، منیش پارەکەتان ئەدەمەوە.
  • ئێ مەلا خۆ کورد هەمووی ئیسلامە، خەتەنەش کراوین، ئێستا چی ترت لێمان ئەوێت؟ ئێمە داوای مافی خۆمان ئەکەین، ئەشزانین ئەگەر تۆ لە دەسەڵاتا بیت ئەو تۆزە مافەش نادەیت و وەک رژێمی ئێران و سعودیە هەموومان لە سێدارە ئەدەیت. ئێستا ئەگەر کوردوستان، لەچاو عێراقدا ئەوروپایە، بۆ لێمان ئەکەیت بە ئەفغانستان. قەیرانی ژیرییە لە کوردوستان.
  • ئەزانی مەلا من شەهیدبوونی شێرزادی خوێن گەرم و مرۆڤپەروەر، کە خوشکەکەی وتی: چووە دەرەوە سێ دیناری پێبوو، لە دڵەوە بۆی گریام، ئەو پۆلیسەش کە دوو دیناری پێبوو و بێ گوناە کوشتیان هەر گریاندمی، ئەزانی بۆ چونکە هەردوکیان لە سەنگەری نەتەوەکەمدان، سەنگەری دوژمنیش تۆیت، کە بە کوشتیان ئەدەیت.
  • 

بەشی پانزە

٤/٤/١١

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com