ئێران: پەرلەمانی عێراق کێ هەڵبژێرێت ئێمە قبوڵمانە
نوچە.نیت.رووداو
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، “خەڵکی عێراق دەبێت بڕیار بدەن کە نووری مالیکی بمێنێتەوە یان واز لە دەسەڵات بهێنێت”، گوتیشی، “ئێمە دژی دابەشبوونی عێراقین”.
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ کەناڵی ABC ئەمریکی سەبارەت بە هەڵوێستی ئێران لەسەر مانەوە یان وازهێنانی مالیکی لە دەسەڵات، رایگەیاند، “ئێمە کاریگەری زۆرمان لە عێراق هەیە بە هۆی ئەوەی سیاسەتێکی دروستمان لەو وڵاتە گرتووەتەبەر و هەرچی خەڵکی عێراق هەڵیانبژاردبێت رێزمان لێگرتووە و بەو هۆیەوەیە، کە کاریگەری زۆرمان هەیە لەو وڵاتە و ئێستاش خەڵکی عێراق دەبێت بڕیار بدەن کە نووری مالیکی بمێنێتەوە یان واز لە دەسەڵات بهێنێت”.
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی، “هەرکەس کە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە وەک سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک وەزیران هەڵبژێردرێت ، ئێران رێزی لێدەگرێت و قبوڵی دەکات”.
زەریف سەبارەت بە گرووپی چەکداریی داعش دەڵێت، “ئەو گرووپە مەترسییەکی جدین بۆ سەر ئاسایشی ئێران و ناوچەکە و دەبێت بە شێوەیەکی جدی بەرەو رووی ئەو گرووپە ببینەوە، کە نەتەنها بۆ عێراق یان ئێران، بەڵکو بۆ سعودیە و تورکیا و سووریاش مەترسییەکی جیدین.”
سەبارەت بە پرسی دابەشبوونی عێراق، زەریف دەڵێت، “بە بڕوای ئێمە یەکپارچەیی خاکی عێراق لە بەرژەوەندی هەموومانە و لە بەرژەوەندی ئاسایشی ناوچەکەشدایە، هەوڵەکان بۆ دابەشبوون بە کورتبینی دەزانم و تەنانەت بە کەسانێک کە بەدوای دابەشبوونی عێراقەوەن زیانێکی جددییان بەردەکەوێت.”
بە گوتەی جەواد زەریف، “لە بەرژەوەندی نەتەنها عێراقە، کە بە یەکپارچەیی بمێنێتەوە، بەڵکو لە بەرژەوەندی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەشە، کە عێراق هەر بەو شێوەیە بمێنێتەوە.”