لەدایکبوونی پەتایەکی گشتگیر: هەفتەکانی سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ووهان

0

نووسەر: لیلی کوو [لە ووهان] 

بازاری کۆفرۆشی خواردەمەنییە دەریاییەکانی هوانان (Huanan) لە ناوەندی ووهان، شوێنێک بوو، کە زۆر جار خەڵک لەوێدا توشی هەڵامەت دەبوون. فرۆشیارەکان لە کاتژمێر سێی بەیانییەوە دەستبەکار دەبوون و هاوکات، کە سەرقاڵی خاوێن کردنەوە و ئامادەکردنی خواردەمەنییەکان دەبوون بۆ ئەو مشتەریانەی، کە هەموو بەیانییەک دەهاتن، دەستی خۆیان دەکرد بە ناو هەندێ سەتڵی ئاوی سارددا بۆ ئەوەی خاوێنیان بکەنەوە. 

ئەو بازارە شوێنێک بوو، کە زیاتر لە بیست شەقامی لەم بەر و لەوبەری جاددەیەکی سەرەکی لە خۆ دەگرت، لە گەڕەکێکی گران قیمەت لە نزیکی ناوچەی بازرگانی هانکو (Hankou). قەفەسەکان لێوانلێو بوون لە گۆشتی ئاژەڵەکان کە بە قولاپ هەڵواسرابوون یان ڕژابوونە سەر حەسیرێک. کرێکارەکان، کە پۆتینیان(هاوشێوەی پێڵاوی سەربازی) لە پێدا بوو لەو دەوروبەرە پیاسەیان دەکرد. ئاو هەڵکێشەکان لە پاڵ ئەو دووکانانە بوون، کە هەموو شتێکیان دەفرۆشت، لە مرشیکی زیندووە بگرە تا خواردەمەنی دەریایی و چێشتی لێنراو. ئەو ناوچەیە ئەگەرچی قەرەباڵغ بوو، بەڵام خاوێن بوو. 

بۆیە کاتێک لە ناوەڕاستی مانگی دیسەمبەردا، لان (Lan) یەکێک لەو هەزاران دووکاندارەی بازاری خواردەمەنییە دەریاییەکان هەستی بە نەخۆشی کرد، زانیارییەکی ئەوتۆی سەبارەت بە نەخۆشیەکەی نەبوو.

 چەند ڕۆژێک لە ماڵەوە مایەوە بۆ ئەوەی پشوو بدات، بەڵام پاش چەند ڕۆژ، کە سێ کیلۆ لە کێشی جەستەی کەم بووەوە، بڕیاری دا بڕوا بۆ نەخۆشخانە بۆ پشکنین.

 لەوێوە نێردرا بۆ نەخۆشخانەی پسپۆڕی نەخۆشییە گوازراوەکان و لە 19-ی دیسەمبەردا خەوێنرا. ئێستا دێتەوە بیری، کە چۆن کارمەندانی نەخۆشخانەکە ستایشی ورەی ئەویان کردووە. لان، کە داوای لە ئێمە کرد ناونیشانی ڕاستەقینەی نەدرکێنین. دەڵێت “من تەنیا کەمێ هەستم بە نەخۆشی دەکرد و هیچ جۆرە ترسێکم نەبوو”. 

لەوانەیە ئەو دووکاندارە نەیزانیبێ، کە لەو یەمەکین کەسانەیە، کە تووشی ڤایرۆسی کرۆنا بووە، ئەو ڤایرۆسەی، کە زۆر بە خێرایی گوازرایەوە و بووە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە 2500 کەس لە شاری ووهان و سەرقاڵ کردنی هەموو جیهان بە خۆیەوە؛ بە جۆرێک، کە تا ئێستا زیاتر لە 1.6 ملیۆن کەس تووشی ئەو ڤایرۆس بوون و هەروەها بووەتە هۆی گیان لە دەستدانی زیاتر لە 95 هەزار کەس لە جیهاندا. ڕێکخراوەی تەندرووستی جیهانی بڵاوبوونەوەی کۆڤید-19ی بە گەورەترین قەیرانی جیهانی پاش جەنگی دووەمی جیهانی وەسف کردووە. لان گوتی “من وامدەزانی هەڵامەتم هەیە. هیچم نەدەزانی”. 

ڤایرۆسی کۆرۆنا لە مانگی دیسەمبەر لە ووهان و بە پێی هەندێ ڕاپۆرت لە سەرەتای مانگی نوامبەر پەرەی سەند، بەڵام بەرپرسانی چین تا کۆتایی مانگی ژانوییە، خۆیان بوارد لە ڕاگەیاندنی زانیارییەکان بۆ خەڵک سەبارەت بە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە. 

ئێستا لە کاتێکدا، کە چین ئاهەنگی بە وتەی خۆی سەرکەوتن بەسەر ئەو نەخۆشییەدا دەگرێت، ژمارەی تووشبووان و ئەو کەسانەی لە جیهاندا گیانیان لە دەست دەدەن ڕووی لە زیاد بوونە. ڕێبەرانی ئوسترالیا، ئەمریکا و بەریتانیا، چین بەوە تۆمەتبار دەکەن، کە زانیارییەکانی شاردووەتەوە و پێیان وایە چین بووەتە هۆی ئەوەی ئەو نەخۆشییە، کە دەکرا ڕێی لێ بگیرێ، ئێستا ببێتە پەتایەکی گشگیر.

 چین دەڵێت هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە، کەرەنتینەی زۆرەملێی ڕاگەیاندووە، بەڵام وڵاتانی تر کاتیان بە فیڕۆ داوە. ئەوە لە حاڵێکدایە، کە قسەکانی تووشبووانی کۆرۆنا و کارمەندانی کەرتی تەندروستی و هەروەها هەندێ بەڵگەی نێوخۆیی کە ئاشکرا بوون، نیشاندەری ئەوەن، کە لە چەند هەفتەی سەرەتای سەرهەڵدانی نەخۆشییەکەدا هەندێ کەمترەخەمی هەبووە و ئەو هەڵەیە بووە هۆی ئەوەی، کە نەخۆشییەکە ببێتە پەتایەکی جیهانی.

گوازرانەوە لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ

لە کۆتایی مانگی دیسەمبەر، دوای ئەوەی، کە لان پاش بیست ڕۆژ لە نەخۆشخانە چاک بووەوە، دەنگۆیەک سەبارەت بە نەخۆشییەکی ڕەمزاوی یان نەدرکاو دەم بە دەم دەگەڕا. بەکارهێنەرانی ئینتێرنێت لە 30 دیسەمبەردا هەندێ وێنەی وی چەتیان (WeChat) بینی، کە پزیشکێک لە نەخۆشخانەی خاچی سووری ووهان هۆشداری دەدایە هاوکارەکانی لە نەخۆشخانەیەکی تر، سەبارەت بە هەندێ نموونەی پشت ڕاست کراوە، کە بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تووشی نەخۆشی ببوون. ئەو پزیشکە نووسیبووی “دەستەکانتان بشۆرن! ماسکی دەموچاو و دەسکێش لە بیر نەکەن!”. 

هەر هەمان ڕۆژ، چاو پزیشکێک (لی ونلیانگ) لە نەخۆشخانەی ناوەندی ووهان لە وی چەتدا بە گروپێک لە هاوپۆلییە پێشووەکانی لە قوتابخانە، وتی، کە حەوت کەس لەو نەخۆشخانەیەدا خەوێندراون، کە بە بڕوای ئەو هۆکاری نەخۆشییەکەیان سارس بووە. سارس ئەو نەخۆشییە بوو، کە هۆکاری تووش بوون بەو نەخۆشییەش جۆرێک ڤایرۆسی کۆرۆنایە، کە لە نێوان ساڵانی 2002 تا 2003 بووە هۆی گیان لە دەست دانی 600 کەس لە چین و هۆنگ کۆنگ. 

هەمان ڕۆژ هۆشداری خێرای لێژنەی تەندروستی ووهان سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی خێرا و پەیتا پەیتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە دەبێتە هەو کردنی سییەکان، ڕاگەیەندرا و لە رێکەوتی 30 دیسەمبەردا بە شێوەی ئەنلاین بڵاو کرایەوە. لەو ڕاگەیەندراوەدا فەرمان درابوو بە نەخۆشخانەکان، کە “پێشەنگایەتی بەرپرسیارانەی بەهێز” بگرنە بەر و لەوە دڵنیا ببنەوە، کە هیچ کەس بە بێ مۆڵەت زانیارییەکان بۆ خەڵک ئاشکرا ناکات. 

بە هۆی گوشاری زۆر، ڕۆژی دواتر لێژنەی تەندروستی ڕایگەیاند، کە توێژەران سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن سەبارەت بە 27 نموونەی هەوکردنی سییەکان (پنومونی)، کە هۆکارەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ڤایرۆس. لەو ڕاگەیەندراوەدا هیچ بەڵگەیەکی ڕوون و ئاشکرا بەرچاو نەدەکەوت سەبارەت بەوەی، کە ئەو ڤایرۆسە لە ڕێگای مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. جەخت لەوە کرابووەوە، کە سەرچاوەی ئەو نەخۆشییە بازاری خواردەمەنی دەریاییە و خەڵک دڵنیا دەکەینەوە، کە هەموو نەخۆشەکان کەرەنتینە کراون و پەیوەندییەکانیان لە ژێر چاودێریدایە. هەروەها جەخت لەوە کرابووە، کە “دەکرێ ڕێگری لە پەرەسندنی نەخۆشییەکە بکرێ و کۆنتڕۆڵ بکرێت”. 

ڕۆژێک دواتر، لە یەکەمی ژانوییەدا، بازاری خواردەمەنییە دەریاییەکانی هوانان داخرا و فەرمانگەی ئاسایشی گشتی ووهان ڕایگەیاند، کە 8 کەس بە هۆی بڵاو کردنەوەی درۆ و دەنگۆکان تەمێ کراون. هەروەها بەرپرسەکان، نەخۆشخانەکانیان ڕاسپارد بۆ ئەوەی پشکنین بۆ ئەو کەسانەی بکەن لەو بازارەدا کار دەکەن. بەڵام تا 20-ی ژانویە داوا لە دووکاندارانی ئەو بازارە نەکرا، کە پشکنینی گەرما و خوێن بکەن. 

بەڵام لە قەراخ ڕووباری یانگ تسە، کە 6 مایل لەو بازارە دوور بوو، هەندێ کەس، کە تەنانەت سەردانی ئەو بازارەیان نەکردبوو، نەخۆش دەکەوتن. لە هەفتەی دوومی ژانویە، کو کو هان، کە خاتوونێکی تەمەن 22 ساڵان بوو، تووشی کۆخەیەک بوو، کە جووڵەی لێ بڕی. پاش هەفتەیەک، لە 20-ی ژانویە سەردانی نەخۆشخانەی ناوچەکەی کرد و سی تی سکەنی بۆ ئەنجام درا. ئەنجامی پشکنینەکە نیشانی دا سییەکانی تووشی نەخۆشی بوون. پزیشکێک بە جلوبەرگی تایبەتەوە، بە مەبەستی پشکنینی زیاتر ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی تری کرد. 

 دایکیشی لەگەڵی بوو و لەگەڵ کچەکەی چووە ژوورێکی قەرەباڵەغ و هەموو ئەوانەی چاوەڕوانی پشکنین بوون، ئەوەندەی تر ترسان. هان ماسکی لێ دابوو، بەڵام دایکی لەبەر ئەوەی، کە دەوڵەت سەبارەت بە نەخۆشییەکە دڵنیایی دابوو، خۆی بواردبوو لەوەی ماسک بە کار بهێنێت. خاتونێکی لاو لە بەردەم ئەواندا بورایەوە و دایکی هان لە باوەشی گرت و بە کچەکەی وت، کە تەواشای نەکات. 

لە حاڵێکدا، کە [پزیشکەکان] رایانگەیاند، کە لەوانەیە هان پێشتر تووشی هەوکردنی سییەکان بووبێت، ئەو نەیدەتوانی، کە لە توشبوونی خۆی بەو نەخۆشییە دڵنیا بێتەوە، لەبەر ئەوەی ئەو نەخۆشخانەیە مۆڵەتی ئەنجامدانی پشکنینی بۆ ئەو جۆرە نەخۆشییە نەبوو، ئەوەش گرفتێک بوو، کە سەرەتا زۆربەی نەخۆشەکان ڕووبەڕووی دەبوونەوە. بە هان وترا، کە دەبێ بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە و خۆی کەرەنتینە بکات، بەڵام پزیشکەکان هەندێ دەرمانیان پێ دا، کە ناچار بوو هەر سێ ڕۆژ جارێک سەردانی نەخۆشخانە بکاتەوە و لەگەڵ ئەوانی تر چاوەڕوانی بکات. هان دەڵێت “زۆر نیگەران بووم لەوەی کەسی دیکە تووشی نەخۆشییەکە بکەم، بەڵام نەمدەتوانی بهێڵم دایک و باوکم سەردانی شوێنە مەترسیدارەکان بکەن”.

دارون هو، کەسێکی تر بوو، کە هەرگیز سەردانی بازاری خواردەمەنی دەریایی هوانانی نەکردبوو، بەڵام لە 16-ی دیسەمبەردا هەستی کرد، کە تای هەیە و سەری سووڕ دەخوات. هەستی دەکرد لەبەر ئەوەی شەوی ڕابردوو بڕێکی شەراب خواردووەتەوە، ئێستا برسییەتی. سێ ڕۆژ دوای ئەوە، کە هێشتا نەخۆش بوو، سواری شەمەندەفەرێک بوو بەرەو پارێزگای جیانگ سو بە مەبەستی ئەنجامدانی کارێکی ئیداری. پاشان گەڕایەوە بۆ ووهان و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک گەڕایەوە بۆ زێدی خۆی لە باشوور. 

کاتێک هو، لە نەخۆشخانەی ناوچەکە خەوێندرا، گروپێک لە لێکۆڵەران، کە لە لایەن حکومەتەوە نێردرابوون، گەیشتبوونە ووهان. ژونگ نانشان پسپۆڕیی بەناوبانگی نەخۆشی هەناسە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گێڕانەوەی دەوڵەت سەبارەت بە سارس، لە ئێوارەی 20-ی ژانویە ڕایگەیاند، کە پێشتر هەندێ نموونەی گوازراوە لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ تۆمار کراون. 

هو، کە لە زۆر نەخۆش بوو و جگە لە تاو و کۆخە، توشی سکچوون و کێشەی هەناسەیش ببوو، بە بنەماڵەکەی وت، کە حاڵی باشترە. بەڵام لە ماوەی 24 کاژمێر دواتردا، لانیکەم سێ نەخۆشی تر مردن. هو بیری لە نووسینی وەسیەتنامە دەکردەوە. بە ئێمەی وت “دەمبینی هەندێ کەس تەسلیم دەبوون. لەو کاتەدا زۆر هەست بە تەنیایی دەکەی”. 

هەست دەکرا ڕووداوەکان لە ژێر کۆنتڕۆڵدا نین

کاتێک بەرپرسانی چین هەواڵی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەیان ڕاگەیاند، نەخۆشخانەکانی ووهان پڕ ببوون و ژمارەی تووشبووان زۆر ببوو. گرتە ڤیدیۆیەک، کە لە 22 و 23-ی ژانویەدا گیرابوو، ژمارەیەکی زۆر نەخۆشی لە نەخۆشخانەی ژمارە 6-ی ووهان لە ووچانگ، کە هەرێمێکی تری ووهان بوو، نیشان دەدا. 

پەرەستارێک، کە لە کەمپی نەخۆشخانەکە دەخەوت و هەر چوار کاتژمێر جارێک لەگەڵ گروپێکی شەش کەسی درێژەی بە کارەکەی دەدا، دەڵێت “زۆر قەرەباڵەغ بوو. نەمدەتوانی سەردانی مەڵەوە بکەم”. 

پزیشکێکی تر، کە لە دەروەی نەخۆشخانەکە پیاسەی دەکرد، دەڵێت “هەموو شوێنێک پڕ بوو.. هەموو ڕۆژێ خەڵک دەمردن”. 

لە 23ی جانیوەری دا، شاری 23 ملیۆنی ووهان کەرەنتینە کرا. ناوچەکانی دەوروبەریش پەیڕەوی ئەو بڕیار بوون و بە گشتی زیاتر لە 50 ملیۆن کەس بە شێوەی دیفاکتۆ (کرداری) کەرەنتینە کران. 

لەبەر کەمبوونی کەلوپەل و کارمەند و شوێن، چەند هەفتەی دواتر زۆر دڵساردکەرەوە بوو. نەخۆشخانەکان نەخۆشەکانیان دەناردنەوە بۆ ماڵەوە و زۆر جار خێزانەکانیان تووش دەکردن. گرتە ڤیدیۆییەکان نیشانیان دەدا، کە پزیشکەکان دەگریەن و خەڵک لە شەقامەکاندا دەوەرین. تەرمی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەست دابوو لەو نەخۆشخانانەی، کە کەرمەندەکانیان زۆر سەرقاڵ بوون وێڵ کرا بوون. ئینتێرنێت پڕ بوو لەو ماڵپەڕانەی، کە داوای یارمەتییان دەکرد بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی خۆشەویستەکانیان. تا 19-ی فێبریوەری، ئەو کەسانەی بە هۆی ڤایرۆس گیانیان لەدەست دابوو، زیاتر لە 2000 کەس بوون. 

پزیشکێک، کە لە نەخۆشخانەی ناوەندی ووهان سەرقاڵی چارەسەری تووشبووانی کۆرۆنا بوو، دەڵێت “ڤایرۆسەکە زۆر خێرا تەشەنەی دەکرد. سەرەتا، هەست دەکرا هیچ شتێک لە ژێر کۆنتڕۆڵدا نەماوە. ئێمە نەماندەزانی چی دەقەومێت”. ئەو پزیشکە داوای لێ کردین، کە ناوی بڵاو نەکەینەوە، لەبەر ئەوەی ناتوانێ لەگەڵ میدیاکان قسە بکات.

ئەوە لە حاڵێکدایە، بەرپرسان بۆ دەربڕینی خۆشحاڵی خۆیان بە هۆی تەواو بوونی نزیکەی سێ مانگ کەرەنتینەی ووهان ئاهەنگ دەگێڕن؛ رووداوێک، کە هەندێ نیشانەی ئاشکرا و بەرزکردنەوەی ئاڵای سەرکەوتن لە “شەڕی خەڵک”ی پێوە دیارە. 

 هو فۆنگ هۆنگ (Ho-Fung-Hung) مامۆستای ئابووری سیاسی زانکۆی جۆن هۆپکینز ئاماژە بەوە دەکات، کە “چین زۆر بە جددی کاری کردووە بۆ ئەوەی بتوانێ ڕووبەڕووی شەپۆلی ڕەخنە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان ببێتەوە.. بەڵام ئەوە نابێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی خەڵک بەرپرسیارییەتی چین و نهێنی کارییەکەی لە سەرەتادا، لە بیر بکەن”. 

ئێستا ووهان هێدی هێدی دەگەڕێتەوە سەر ژیان. گەڕەکەکان هەندێ ئاڵا و هێمایان بەرزکردووەتەوە، کە نیشان دەدات ئەو شارە لە ڤایرۆس ڕزگاری بووە. پاش گەڕانەوەی خەڵک بۆ سەر کاروباریان، شەقامەکان سەرلەنوێ پڕ بوونەتەوە لە تڕۆمبیل. سەرەڕای ئەوەش، هێشتا هەندێ نیشانە لە هەبوونی ئەو نەخۆشییە گشتگیرە ماونەتەوە. پەرژینە بەرزەکانی دەوری بازاری خواردەمەنییە دەریاییەکان هێشتا لا نەبراون و پۆلیس ڕێگای چوونە ژوورەوەی داخستووە. 

خەڵکیش ئەو چیرۆکە لەبیر ناکەن. هان لەم دواییانەدا، لە سەر دیوارێک لە نزیک ماڵەکەی خۆی، نووسیویەتی (من ناتوانم، من تێ ناگەم)، کە ئاماژەیەکە بۆ هۆشدارەکانی “لی ونلیانگ”، ئەو پزیشکەی چاو ناچار کرا ئیمزا بدات و تەنانەت پێش ئەوەی خۆی تووشی کۆرۆنا بێت، هەندێ بابەتی سەبارەت بە کۆرۆنا ئاشکرا کرد.

سەرچاوە:
https://www.theguardian.com/world/2020/apr/10/birth-of-a-pandemic-inside-the-first-weeks-of-the-coronavirus-outbreak-in-wuhan

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com