نەوزاد عەلی: سلێمانی
بەڕێوبەری ناحیەی سیدەکان ڕایدەگەیەنێت، گوندی سنخەیلان بۆ ماوەی ١٤ ڕۆژ کەرەنتن کراوە و ڕێگە بە هیچ کەس نادرێت بێتە ناو گوندەکە و کەسیش ناچێتە دەرەوەی گوندەکە.
ئەمڕۆ دووشەممە ٦-٤-٢٠٢٠، وەزارەتی تەندرووستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، لە بەردەوامی پشکنینەکان وگەڕان بەدوای گومانلێکراوان، ٤١ تووشبووی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ لەشاری هەولێر دەستنیشانکراون، کە ١٧ ئافرەت، ١٥ پیاو و ٩ منداڵن بە هەموو تەمەنە جیاوازەکان، کە زۆربەی زۆریان بەرکەوتەی تووشبووەکانی ھەردوو پرسەی ماتەمینی گەرەکی کارێزانی شاری ھەولێرن، دووانی دیکە پێشینەی گەشتیان هەبووە،٣ لە تووشبووەکانیش لە ناحیەی سیدەکانە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، ئیحسان چەلەبی، بەڕێوبەری ناحیەی سیدەکانی سەر بەقەزای سۆران، سەبارەت، ڕایگەیاند: ئەو پرسەی لە کارێزانی هەولێر بوو، دایکی یەکێک لە ئافرەتەکانی دانیشتووی گوندی سنخەیلانی سەر بە ناحیەی سیدەکانە، کە نزیکەی یەک کیلۆ مەتر لە سیدەکانەوە دوورە، ڕێکارەکانی ئێمەش داخستنی تەواوی گوندەکە بووە و ئێستا گوندەکە بۆ ماوەی ١٤ ڕۆژ کەرەنتین کراوە و ڕێگە بە هیچ کەسێک نادرێت لەم گوندە بچێتەوە دەرەوە و هیچ کەسێکیش ڕێگەی پێنادرێت بێتە ناو گوندەکە.
ئیحسان چەلەبی، گوتیشی “سامپڵی ئەو کەسانەوەردەگیرێن، کە لە گوندەکەن، لە بەیانیشەوە ئەگەر باران نەبێت دەست دەکەین بەڕشاندنی گوندەکە، کە ژمارەیان ٥٥ کەسە و لە ١١ خانەوادە پێکهاتوون. هەروەها دەست دەکرێت بە پشکنینی ئەو کەسانەی بەرکەوتەیان هەبووە لەگەڵ تووشبووەکە”.
بەڕێوبەری ناحیەی سیدەکان، دەشڵێت “ئەو ئافرەت بەریەک کەوتنی لەگەڵ کەسی دەرەوەی گوندەکەش هەبووە، چونکە، کە گەڕاوەتەوە بۆ گوندەکە، خەڵک بۆ پرسە و سەرخۆشی هاتوونەتە لای و دڵنەواییان داوەتەوە، زۆر بەی ئەو کەسانەشی سەردانی ئافرەتەکەیان کردووە پەیوەندی کردووە”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی جێگای دڵخۆشییە ئەوەیە، کە هاوسەری ئافرەتە تووشبووەکە دوای ئەنجامدانی پشکنین بۆی دەرکەوتووە، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جەستەی نییە، واتە هەڵگری ڤایرۆسەکە نییە.