ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆتایی نیولیبراڵیزم و ترامپ-یش لەوە تێگەیشتووە

0

شۆلمۆ ئاوینری

ئاشکرایە لەم قۆناغەدا ناتوانین بە شێوەیەکی ورد هەڵسەنگاندن بکەین بۆ کاریگەرییەکانی کۆرۆنا لەسەر سیاسەت، ئابووری و کۆمەڵگە، چ لە ئاستی نێوخۆیی و چ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. بەڵام سەرەڕای ئەوەی، کە هێشتا سەرقاڵی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکەین، دەتوانین بە مەبەستی لێکدانەوەی شێوازەکانی بەڕێوەبەری قەیران و هەنگاوەکانی دواتر، هەندێ لە تێبینییەکانمان بخەینەڕوو. 

دەرئەنجامی سەرەکی ئەم قەیرانە، داڕووخانی مودیلی کۆنسێرڤاتیزمی نیولیبراڵە، کە لە لایەن مارگارت تاچێر و رۆناڵد ریگانەوە بنیاد نرا. ئەو مودیلە هەوڵی دەدا تا ئەو جێگایەی، کە دەتوانێت ڕۆڵی دەوڵەت سنووردار و بەرتەسک بکاتەوە و پەرە بدات بە هێز و سیستەمی بازار ئازاد. بیانوویان ئەوە بوو، کە دەوڵەت ڕێگرە بۆ پەرەسەندنی داهێنەرانەی بازار ئازاد، بۆیە دەبێ دەسەڵاتی سنووردار بکرێت و دەرفەت بۆ هێزەکانی بازاری ئازاد بڕەخسێت تا بەبێ هیچ بەربەستێک درێژە بە کاری خۆیان بدەن.   

ریگان بە وتنی ئەوەی، کە دەوڵەت رێگەچارە نییە، بەڵکو کشەیە، بە شێوازێکی زێدەڕۆیانە باسی ئەو پرسەی کرد. بنیامین نەتانیاهۆیش بە کەڵک وەرگرتن لە میتافۆڕێکی ساویلکانە خۆی خستە بەرەی ڕەیگان: بەوەی، کە کەرتی گشتی وەک پیاوێکی قەڵەو وەسف کرد، کە سوار کۆڵی کەسێکی لاواز، واتا کەرتی تایبەت، بووە. 

بەپێچەوانەی بەستێن یان زەمینەی ئەم ئایدۆلۆژییە نیوکۆنسێرڤاتیزمە، سیاسەتێکی توندڕۆیانە جێبەجێ کرا و بووە هۆی لەباربردنی دەوڵەتی خۆشگوزەران، کە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا سەری هەڵدابوو. 

ئەم سیاسەتە بریتییە لە بەتایبەتی کردنی بەربڵاوی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و لەوانە کەرتی تەندروستی و پەروەردە، بچووک کردنەوەی تۆڕی پشتیوانی کردن لە هەژارەکان و هەڵوەشاندنەوەی هەندێ لە یاسا و ڕێساکانی بانک و بۆرسەکان بە مەبەستی ڕەخساندنی دەرفەت بۆ چالاکی زیاتری هیزەکانی بازار ئازاد. ئەوە لەسەر بنەمای ئەو گریمانە ئایدۆلۆژیکە بوو، کە پێی وابوو ئەگەرچی کێبەرکێی ئازادانە لە بازاردا هەندێ جار دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی قەیران، بەڵام لە کۆتاییدا دەتوانێت هاوسەنگی و سەقامگیری بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە بەدی بێنێت. 

ئەم ئایدۆلۆژیای نیوکۆنسێرڤاتیزمە، ئەو زەمینە مێژووییەی لەبەرچاو نەگرت، کە بووە هۆی جێگیربوونی دەوڵەتە خۆشگوزەرانەکانی پاش جەنگی دووەمی جیهانی. دەوڵەتی خۆشگوزەران، بەو شێوازەی، کە لە بەریتانیا و ئەمریکا دامەزرا و پاشان لە لایەن هەموو وڵاتانی دیموکراتیکەوە پەسەند کرا، تێکەڵاوێک بوو لە هێزی کاری ڕێکخراوە، کە لە حاڵی پەرەسەندندا بوو و بەشوێن پەرەپێدان بە مافی دەنگ دانەوە بوو، بە پشت بەستن بەو تێگەیشتنە لۆژیکییەی، کە ئابووری بێ ڕۆحی بازار بووە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووری 1929 و لێکەوتە سیاسییەکانی: واتا پەرەسەندنی حزبە کۆمۆنیستییەکان لە ڕۆژئاوا و قەبووڵ کردنی فاشیزم و نازیزم لە لایەن بەشێکی زۆر لە خەڵکەوە. ئەو جۆرە تێگەیشتنە، بۆ نموونە لە تیۆرییەکانی جان مینارد کینز، ئابووریناسی بەریتانیایی و هەروەها لە ڕێککەوتننامەی نوێی سەرۆک کۆمار- فرانکلین رۆزڤێڵت-دا خۆی نواند. 

دەوڵەتی خۆشگوزەران لە ڕاستیدا ڕێگایەکی سێیەم بوو لە نێوان بێ جووڵەیی سەرمایەداری و سوسیاڵیزمی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا، کە دەرکەوتەی تێکەڵاوێکی بێ وێنە بوو لە هزری بەرپرسیارانە کۆمەڵایەتی و هەندێ تێبینی ڕیاڵ پۆلەتیک، کە هەوڵی دەدا ڕێگری بکات لە گەڕانەوە بۆ ئەو بارودۆخەی، کە ببووە هۆی لەنێوچوونی دیموکراسی لە وڵاتانێک وەک ئیتالیا و ئەڵمانیا؛ لە حاڵێکدا، کە هەڕەشەی لەنێوچوونی لە هەندێ شوێنی تردا دەکرێ.  

سیاسەتەکانی دەوڵەتی خۆشگوزەران لە زۆرینەی وڵاتانی ڕۆژئاوادا سەرکەوتوو بوون. سەرەڕای ئەوە، ڕەخنەگرانی نیوکۆنسێرڤاتیزم ڕێک دەستیان خستە سەر هەندێ لە کەموکوڕییەکانی ئەو مودیلە: بۆ نموونە ئەوان بەردەوام ئاماژەیان دەکردە متمانەی زێدەڕۆیانە و لەڕادەبەدەر بە بۆرۆکراسییە دەوڵەتییەکان و بەنیشتمانی کردنی ئەو دامەزراوانەی، کە لەوانەیە لە نێو کێبەرکێ و داهێنانە تاکەکەسییەکاندا [واتا لە کەرتی تایبەت] سوودمەندتر بن. هەموو ئەو ڕەخنانە دروست بوون، بەڵام هەوڵ دان بۆ گەڕانەوە بۆ سەرمایەدارییە بێ ڕۆحەکەی سەدەی نۆزدەیەمیش کە لە لایەن کارل مارکس و بیرمەندانی تری قوتابخانەی سوسیالیزمەوە ڕەخنەی لێ گیرابوو، بە جۆرێک بێ سوود بوو. 

بەجیهانیبوون (Globalization)  کە یەکێک بوو لە بەرهەمەکانی مودیلی نیوکۆنسێرڤاتیزم، هەندێ دەرئەنجامی پۆزەتیڤی هەبوو و بووە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی خۆشگوزەرانی زۆرێک لە توێژەکانی کۆمەڵگە، بەڵام هاوکات خەسار و زیانی زۆری هەبوو بۆ زۆرێک لە کرێکارانی پێشەسازی و چینی مامناوەندی، ئەوەش زەمینەی ڕەخساند بۆ سەرهەڵدانی بزووتنەوە پۆپۆلیستییەکان لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا. 

چەقینێکی تر؟

قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا سەلمێنەری ئەوەیە، کە لە هەلومەرجی نالەباردا، سەرەتا هێزەکانی بازار تووشی داڕووخان دەبن و توانای خستنەڕووی چارەسەریان نییە. کەوابوو لە کاتی قەیراندا هەموو کەس ڕوو لە دەوڵەت دەکات. 

تەنانەت سەرۆک کۆمارێکی توندڕۆی وەک دوناڵد ترەمپ، کە ئەوەی لە توانایدا بووە بە مەبەستی لاواز کردنی دەوڵەت ئەنجامی داوە و لەوە تێگەیشتووە، کە بە بێ دەستێوەردانی بەربڵاوی دەوڵەت- لە بازاری بۆرسە- زیاتر بەرەو داڕووخان دەچێت. ترەمپ هەروەها بەو ئەنجامە گەیشتووە، کە دەبێ لە هێزی دەوڵەت، واتا دەوڵەتی فیدراڵ، بۆ ڕزگارکردنی ئابووری لە قەیران و ڕێگری لە بێکاری زیاتر، کەڵک وەربگیردرێت. قەیرانی ئابووری و بێکاری بەربڵاو، نەک هەر شانسی هەڵبژاردنەوەی دووبارەی ترامپ کەم دەکەنەوە، بەڵکو ئەگەری ئەوە هەیە ئەمریکا بەرەو قەیرانێک ببەن هاوشێوەی داچوون یان چەقینە گەورەکەی (Great depression)[ساڵانی ١٩٢٩-١٩٣٠]. 

بۆریس جانسۆن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، کە پێی وابوو ڤایرۆسی کۆرۆنا، وەک پشکێک لە بازاری بۆرسەی پشکەکاندا ڕۆڵ دەگێڕێت، ناچار بوو وێرای مسۆگەر کردنی لانیکەمی داهات بۆ هەموو هاوڵاتیان، ڕێوشوێنی توندتر بۆ هاتوچووی خەڵکی بەریتانیا بگرێتە بەر. تەنانەت نەتانیاهۆ لەوە تێگەیشت، کە دەوڵەت، تاقە ناوەندی جێ متمانەیە بۆ ڕێگری کردن لە سەرهەڵدانی قەیرانێکی بێ وێنە. تەنانەت بۆ یەکەمجار چەمکی بەرپرسیاریەتی چەند لایەنەی (Mutual responsibility) بەکارهێنا، ئەگەرچی باسی یەکپارچەیی (Solidarity) نەکرد، کە بەردەوام وەک درۆی سوسیالیزم ناوی لێ دەبرد. 

ئەوە جێی خۆشحاڵییە، کە نەتانیاهۆ گەڕایەوە سەر ڕێگای ڕاست- ئەو ڕێگایەی، کە دەڵێ لەوانەیە یەکانگیری و یەکپارچەیی تەنانەت گرنگتر بن لە ستایش کردنی “دەرکەوتەکانی” تەکنۆلۆجیای پێشکەوتوو، کە تەنیا دەبنە هۆی دەوڵەمەند بوونی ژمارەیەکی کەم. دەوڵەتی داهاتوو، هەر چییەک بێت، دەبێ لەوە تێبگات، کە بەبێ پاڵپشتی جددی دەوڵەت، ئابووری پێگەی خۆی بەدەست ناهێنێتەوە، دەبێ لەوە تێبگەین، کە پشتیوانی بەربڵاوی دەوڵەت بۆ دابین کردنی پێداویستییەکانی ئەو کەسانەی بێکارن، پێویستییەکی سەرەکییە و هەروەها سیستەمی تەندروستی ناتوانێت پاش ئەوەی، کە لەم ساڵانەی دواییدا پشت گوێ خراوە، هەمدیسان بکەوێتەوە بەر شەپۆلەکانی بازار ئازاد. 

پشتیوانی دەوڵەت لە بەرهەمهێنەرە لۆکاڵییەکان، بەتایبەت لە کەرتی کشتوکاڵ، دەبێ ببێتە ئەولەوییەتی سەرەکی دابینکردنی ماددە خۆراکییەکان بە مەبەستی دەرباز کردنی ئیسرائیل لە بەستراوەیی بە هاوردەکردنی خۆراک، لەبەر ئەوەی، کە لەم کاتانەدا کە قەیران ڕووئەدات ڕەوتی گواستنەوە لە ڕێگای ئاسمانەوە ڕادەوەستێت. هەبوونی کەرتی گشتی کارامە و بەتوانا و خاوەن دەسەڵات و بڕیار پێویستییەکەی سەرەکییە، زۆر زیاتر لە هەبوونی بۆرسە و سەرمایەدارەکان. 

بەڵام پێویستی بەهێزکردنی دەوڵەت تا رادەیەک مەترسیداریشە. ڕژێمە ملهۆڕ و توتالیترەکانی بەرەی چەپ و ڕاست، هەمیشە لە کاتی سەرهەڵدانی قەیران و لەو کاتانەدا سەریان هەڵداوە، کە هەست بە پێویستبوونی ڕێبەرێکی بەهێز، وەک بیانوویەک کەڵکی لێ وەرگیراوە بۆ لاواز کردنی دیموکراسییەکان. لینین و هاوڕێکانی کەڵکیان لە قەیرانە خۆفناکەکەی روسیا لە پاش جەنگی یەکەمی جیهانیەوە وەرگرت بۆ ئەوەی یەکەمین ئەنجومەنی یاسادانەری هەڵبژێردراو لە مێژووی روسیادا هەڵوەشێننەوە. بەلشەڤیکەکان نەیانتوانی لە هەڵبژاردنەکاندا زۆرینەی دەنگەکان بەدەست بهێنن، بەڵام لە کۆتاییدا کۆنترۆڵی وڵاتێکی شڵەژاو و پڕ قەمچ و پێچیان بەدەستەوە گرت. 

پاش داگیرکردنی کەرتی پیشەسازی و شەقامەکان لە لایەن گروپە شۆڕشگێڕەکانی ئیتالیاوە، موسیلینی دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت. لە لایەکی ترەوە، هیتلەر کاتێک دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت، کە ملیۆنان تاکی بێکار ئەوەی لە سەقامگیری ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەڵمانیا مابوویەوە لە نیویان برد و پەرلەمان لە هەوڵەکانیدا بۆ ڕێکخستنەوەی دەوڵەت، پاش هەڵبژاردنەکان شکستی خوارد. 

ئێمە خۆمان بینیمان کە چۆن ڤلادیمیر پۆتین، لە دۆخی پاشاگەردانی پاش هەرەسهێنانی یەکێتی سۆڤیەت، کەڵکی وەرگرت بۆ پێکهێنانی رژێمێکی نیوسێزاریستی (Neo-Czarist) لە روسیادا. سەردەمی قەیران هەمیشە دەرفەتێک بووە بۆ سەرهەڵدانی کەسانێکی سەرەڕۆ، کە لە پەراوێزی هەموو کۆمەڵگەیەکدا بەدی دەکرێن، بۆ ئەوەی خۆیان وەک ڕزگاریدەری نەتەوە و هەموو جیهان وێنا بکەن. 

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مەترسیانە دوو خاڵ سەبارەت بە ڕۆڵی بەرچاوی دەوڵەت زۆر گرنگن: یەکەم، دڵنیابوونەوە لە سەربەخۆیی پەرلەمان و دەزگای دادەوری بۆ ڕێگری کردن لە کۆبوونەوەی لە رادەبەدری دەسەڵاتی دەوڵەت و دووەم پاراستنی کۆمەڵگەی مەدەنی بەهێز. 

هاوسەنگی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ پێکهێنانی دیموکراسی پێویستە. ئەم بابەتە پێشتر لە لایەن ئالەکسیس دۆتوکویل (Alexis de tocquelle) نزیکەی ٢٠٠ ساڵ پێش، لە کتێبی “دیموکراسی ئەمریکا” ئاماژەی پێ کراوە. دۆتوکویل ئاماژەی کرد، کە ئازادی نەک هەر لەبەر هەبوونی دەستوور، بەڵکو بە هۆی هەبوونی کۆمەڵگەی مەدەنی بەهێزەوە لە ئەمریکا دەپارێزرێت. ئەو کۆمەڵگەیە، موزاییکێکی ڕەنگاوڕەنگە، پێکهاتوو لە ڕێکخراوە خۆبەخشەکان و گروپە ئابووریی و کۆمەڵایەتییە سەربەخۆکان لەسەر بنەمای خواستی هاوڵاتیان بۆ دامەزراندن و پاراستنیانیان. 

کێڵگە هاوبەشەکان و هەندێ بابەتی تر

ئیسرائیل لە هەلومەرجێکی نالەباردا، کە بەرهەمی هەندێ پرسی پەیوەندیدار بە ئاسایش و هەروەها کۆچی بەربڵاو بوو، لە پاراستنی ئەو هاوسەنگییەدا زۆر سەرکەوتوو بوو. هۆکاری ئەو سەرکەوتنە تا ڕادەیەک دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، کە پێش دامەزراندنی دەوڵەت، کۆمەڵگەی جووەکانی ژێر دەسەڵاتی بەریتانیا، پێکهاتبوو لە ڕێکخراوە خۆبەخشەکان، ڕێک وەک ئەمریکا، کە نەریتی خۆبەڕێوەبەری لە سەردەمی بەریتانیای کۆلۆنیاڵیست پێش قۆناغی سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەتی فیدراڵ، هەبوو. لە ئیسرائیل، ژمارەی زۆری حزبەکان، سەندیکاکانی کرێکاران، کێڵگە هاوبەشەکان، دادوەری کۆمەڵایەتی و دامەزراوە شارییە هەڵبژێردراوەکان، بنەمای دیموکراسی ئیسرائیل بوون، تەنانەت بەبێ هەبوونی دەستوورێکی نووسراوە. 

لە ڕاستیدا، لە ئیسرائیلدا تەنیا یەک جار هەوڵ دراوە دەوڵەت بڕواتە ئاستێکی سەرتر لە ناوەندە خۆبەخشەکانی کۆمەڵگە. ئەویش پاش لێکەوتەکانی Lavon Affair – ئوپەراسیونی ئاڵای درۆیینە لە میسر- بوو، کە دەیڤید بن گوریون، بایەخی دەوڵەتی وەک بایەخێکی سەرتر پێناسە کرد. 

ڕۆڵی دەوڵەت هەمیشە بەشێک بووە لە ئەخلاقی زایۆنیستی، ئەگەرچی هەمیشە سەرترین بایەخ نەبووە. هەڵوێستەکەی بن گوریون هەوڵیك بوو بۆ سنووردار کردنی هێزی فیدراسیونی کرێکاری هیستادروت و ڕێگری کردن لە سەرهەڵدانی ڕەخنە لە نێو حزبەکەی خۆیدا. هەروەها کەڵکی نابەجێ وەرگیرا لە لە ئارمانجەکانی ئازادی میدیا و چاپەمەنی و جیهانی ئاکادیمیک. 

من وەک مامۆستایەکی لاو لە دەیەی 1960دا، بوومە ئەندامی گروپی لاینگری لاون مین هایسود، کە پێک هاتبوو لە ئەندام و لاینگرانی حزبی مەپایی بن گوریون و دژی هەڵوێستەکەی بن گوریون بوون. بۆ زۆرێک لە ئەندامانی مەپایی کارێکی ئاسان نەبوو، کە لە دژی ڕێبەرە مەزنەکەی وڵاتەکەیان و ڕێبەری حزبەکەیان بووەستنەوە. هەوڵەکەی بن گوریون شکستی خوارد و بە گشتی هاوسەنگییەکی ورد لە نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگەی ئیسرائیلدا بەردەوام بوو، ئەگەرچی لە وڵاتانی تر، زاڵبوون بەسەر پرسەکانی پەیوەندیدار بە ئاسایش و بەرگریدا، ئەو هاوسەنگییە لە نێو بردووە. 

ئەم رۆژانە کەڵکەڵەیەک بوونی هەیە، کە تا ڕادەیەک ڕاست و تا رادەیەکیش رەشبینانەیە و ئەویش کەڵکی نابەجێ وەرگرتنە لەو کێشە و گرفتانەی ئێستا و بانگەواز کردن بۆ رێبەرێکی بەهێز و دەوڵەتێکی نائاسایی نیشتمانی. لێرەدا دژییەکییک دێتە ئاراوە و ئەویش ئەوەیە، کە لە پاڵ ئەوەدا، کە دەوڵەتێکی بەهێز و سەقامگیر پێویستە، بەهێزکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی و ناوەندەکانی، واتا  ڕێکخراوە خۆبەخشەکان، حزبەکان و میدیای سەربەخۆیش پێویستن. هەروەها هەبوونی ئۆپوزسیۆنێکی کارامە و بەرپرسیار لە پەرلەمان پێویستە. ئاشکرایە، کە ناکرێت ئوپۆزسیۆن پشت گوێ بخرێت و بکەوێتە بەرەی کەسانێکی توندڕۆ لە بەرەی راست یان چەپ و ئەوەش کێشەیەکی زۆر جددییە. 

وەرگێڕان: نوچە نێت

سەرچاوە:

١_ https://www.haaretz.com/opinion/.premium-coronavirus-has-killed-neoliberalism-even-trump-knows-that-1.8717467

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com