پڕو پاگەندەو کۆرۆنا

0

رێدار محەمەد ئەمین- پسپۆڕی نەخۆشییە دەرونییەکان

“تاکو راستی قەیتانی پێڵاوەکانی گرێدەدات، درۆ بەدەوری زەویدا دەخولێتەوە”  ماڕک توین

لە زۆربەی شەڕەکاندا، پڕوپاگەندە فاکتەری سەرەکی بردنەوەبوو، دەگێڕنەوە: مەغۆلەکان بەر لە داگیرکردنی هەر ناوچەیەک، کۆمەڵێک کەسیان رەوانەی شوێنەکە دەکرد و باسی ئازایی و دڕندەیی و هێز و توانای مەغۆلیان بۆ خەڵک دەکرد و چاوترسێنیان دەکردن. بۆیە کاتێ شەڕ دەستیپێکرد بە زووی بەلای مەغۆلەکاندا پارسەنگ دەبوو.

چونکە پڕوپاگەندە دەبێتە هۆی ترس، ئەگەر ترس بەسەر مرۆڤدا زاڵبوو، دەبێتە راستییەکی حاشا هەڵنەگر، بەو پێیە کاریگەری لەسەر ئیرادەو هێز و توانای مرۆڤ درست دەکات. لە رۆژگاری ئەمڕۆدا کە کۆرۆنا ترس و بیمێکی زۆری دروستکردووە، پڕوپاگەندەی زیاتر بڵاودەبنەوە، ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی بڵاوبوونەوەی پڕوپاگەندە جگە لە ترس کە فاکتەری سەرەکی ئەمانەی خوارەوەن:

١.دیارنەبوونی سەرچاوە، یان ناروونی زانیاری: هەرچەندە سەرچاوە دیارنەبێ ناروون دەبێ، لێڵ بێ پڕوپاگەندەکە زیاتر بڵاودەبێتەوە.

٢.زانیارییەکان: هەرچەندە زانیاری زانستی، لۆژیکی، یان تەنانەت قەناعەت پێکراوی تێدابێ زیاتر بڵاودەبێتەوە.

٣.گرنگی زانیارییەکان: تا زانیارییەکان گرنگ بن، پڕوپاگەندەکە خێراتر بڵاودەبێتەوە.

٤. چەندە پەیوەستە بە کەسی وەرگر: تا زانیارییەکان زیاتر پەیوەست بن بە وەرگرەوە، پڕوپاگەندەکان قوڵترن.

٥.سەرچاوەی پڕوپاگەندە: هەرچەندە سەرچاوەکە لە شوێنی باڵاتربێ وەک، کەسانی رۆشنبیر، زانستی، پلەوپایەی کۆمەڵایەتی، ئەوەندە پڕوپاگەندەکە جێگیرتردەبێت.

٦.کاتێک لە هەواڵەکە دڵنیانییەو دەیەوێ راستی هەواڵەکە بزانێت.

٧.کاتێک لە رارایدایەو دەیەوێ بە بڵاوبوونەوەی لە رارایی خۆی کەم بکاتەوە! وەک بڵێی کۆبوونەوە لەگەڵ خەڵک جەژنە.

٨. بۆ خۆپیشاندان، وەک من یەکەم کەس بووم زانیارییەکەم زانی، من بووم هەواڵەکەم پێدان!

ئەمانەی سەرەوە هەموو هۆکاری بڵاوبوونەوەی پڕوپاگەندەن، کە زیان دەرونی بەزۆر کەس دەگەیەنێ.

چؤنێتی خۆپاراستن لە  پڕوپاگەندە

پێویستە سەرەتا قەناعەت بەوەبکەین، کە هەمیشە درۆ بەر لە راستی دەگات. بەگەڕانەوە بۆ قسەکانی مارک توین، پاشان لەوە تێبگەین کە لە جیهانی سۆشیال میدیادا وەک ئەوەیە لە ناو بازاڕێكی گەورەبین، کە لە هەموو ئاست و چین  وتەمەنێک خەڵکی تێدایە، رێک وەک بازاڕە.

بۆ نموونە ئەگەر لە بازاڕ تەقینەوەیەک رووبدات و تۆ لەم شوێنە دووربی،  هەر کەسێک لە بازاڕ بێتەوە بڕوای پێدەکەی(ناپرسی ئەوە منداڵە، پیرە، راستگۆیە، لە راستیدا لەوێ بووە؟…هتد)

ئینجا یەکێک دێ لە تۆ دەپرسێ تۆش هەمان هەواڵ و زانیاری پێدەدەی، جا کارەسات لەوەدایە کە تۆ کەسێک بی لە پلەیەکی زانستی، کۆمەڵایەتی و سیاسی، یان هەر پلەیەکی تری بەرز، وادەکات پڕوپاگەندەکە خێراتر بڵاوبێتەوە. بۆیە مەرج نییە پڕوپاگەندە تەنها لەلایەن کەسی نارۆشنبیر و نابەرپرس بڵاوببێتەوە. بەڵکو دەکرێ کەسێکی وا بڵاوی بکاتەوە، ئینجا ئەو کەسەش یان قوربانییە و لە نەزانینی خۆی تێکەوتووە یاخود مەبەستێکی، ئابوری و سیاسی یان هەر مە بەستێکی تری لە دواوەیە.

ئەم لێدوانانەی دوایی سەرۆکی ئەمریکا، باشترین بەڵگەن، کە هەموو دەم ریکلام بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەکات.

کەواتە بۆئەوەی لە پڕوپاگەندە بەدووربین، دەبێ باوەڕ بە هەموو سەرچاوەیەک نەکەین، ئەو سەرچاوانەش کە باوەڕیان پێدەکەین لە یەک دانە زیاتر بن و هەرگیز پەلە نەکەین لە بڵاوکردنەوەیان.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com