لەبارەی بڕینی دەرماڵەی فەرمانبەران روونکردنەوە دەدرێت

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حکومەتی هەرێم پەیڕەوەی بۆ یاسای چاکسازی دەرکردووە و بەهیچ شێوەیەک باس لە بڕینی دەرماڵەکان ناکات.  

دوای چەندین کۆبوونەوە و کارکردن لەسەر پڕۆژەیاسای چاکسازی ڕۆژی پێنجشەممە ١٦-١-٢٠٢٠، لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستاندا بە دەنگی ٨٩ پەرلەمانتار، پڕۆژەیاسای چاکسازی بە تێکڕای بڕگە و ماددەکانی پەسەند کرا، لە ئێستاشدا کە حکومەت دەیەوێت پڕۆژەیاساکە جێبەجێ بکات، لە سۆشیاڵ میدیا دەنگۆی ئەوە بڵاو دەکرێتەوە، کە گوایە حکومەتی هەرێم دەیەوێت دەرماڵەی فەرمانبەران ببڕێت.  

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، زیاد جەبار، سەرۆکی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە یاسای چاکسازی، ڕایگەیاند”یاساکە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە و ئەوەی کە ئەرکی ئێمە بێت جێبەجێ مانکردووە، هەروەها سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان واژۆی لەسەر کردووە و لە ڕۆژنامەی (وقاعە)ی کوردستانیش بڵاوکراوەتەوە، ڕۆژی چوار شەممە ١-٤-٢٠٢٠، حکومەتی هەرێم پەیڕەوەی بۆ دەرکردووە ئیتر دەبێت بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە”.  

لەبارەی دەرماڵەی فەرمانبەران، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، جەختیکردەوە و گوتی”یاسای چاکسازی ڕوونە، کە باس لەڕێکخستنەوەی دەرماڵەی فەرمانبەران دەکات، دوێنێش حکومەتی هەرێم بڕیاری خۆی داوە و بەهیچ شێوەیەک باس لە بڕینی دەرماڵەکان ناکات، تەمەنا دەکەین ئەو بڕیارەی حکومەت کە دەرچووە وەک خۆی جێبەجێبکرێت”. 

زیاد جەبار، گوتیشی”دوو جۆر دەرماڵە هەیە، جۆرێکیان دەرماڵە جێگیرەکانە، جۆرێکی تر یان دەرماڵە ناجێگیرەکانە، هەردوو جۆرەکەش بەیاسا ڕێکخراون و ئەو دەرماڵانە هەر چۆنێک بێت و چۆنیش درابێت بەیاسا دراوە، بەڵام لێرە و لەوێ، ڕەنگە ناداد پەروەری تێدابوو بێت، لەوشوێنێک درا بێت و لەشوێنێک نەدرابێت، حکومەت ئەرکییەتی لە چوارچێوەی یاسای چاکسازی ئەم دەرماڵانە ڕێکبخاتەوە، ئەمەش جیاوازە لەو هەڵا ئیعلامییەی درووستکراوە، کە گوایە دەرماڵەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت”.      

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com