قایمقامی سەیدسادق: لەگرانفرۆش قبوڵناکرێت

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

قایمقامی قەزای سەیدسادق ڕایدەگەیەنێت، زۆربەی مارکێت و هەفتەبازاڕەکان، ئەو رێوشوێنی ئیداری و ڕێنمایییە تەندروستییانەی بۆمان دانابوون، تائێستا هەموویان جێبەجێکردووە.

بەهۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەغەی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان، بەشێک لە خاوەن مارکێت، مۆڵ، هەفتە بازاڕ و دوکانەکانی هەرێمی کوردستان، نرخی کاڵاکانیان زیادکردبوو، لە ڕێگەی لیژنەکانی قایمقامیەتی پارێزگاکان و قەزاکانەوە چەندین شوێن داخراون و سزادراون بەهۆی سەرپێچیکردن لە ڕێنمایییەکانی وەزارەتی ناوخۆ.    

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، دیاری ڕەفیق، قایمقامی قەزای سەیدسادق، سەبارەت بە چۆنیەتی جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی کردنەوەی دوکان و هەفتەبازارەکان ڕایگەیاند: زۆربەی مارکێت و هەفتەبازاڕەکان گەڕاوم، رێوشوێنە ئیداری و رێنماییە تەندروستییەکانی بۆمان دانابوون، تا ئێستا هەموویان وەک خۆی جێبەجێکراوە و نەیان شکاندووە، ڕێگەش نادەین بەهیچ کەسێک ئەو ڕێکارانە بشکێنن، ئەو دوکان و مارکێتانەشی پێشتر مۆڵەتی ئیدارەیان هەبووە هەر هەمان ئەو مارکێت و دوکانانەی پێشوون زیادیان نەکردووە. 

سەبارەت بەگران بوونی نرخی شتومەک، دیاری ڕەفیق ئاماژە بەوە دەکات، کە سەیدسادق لە زۆر شوێنی دیکە باشترە و نرخی کاڵاکان گونجاون، پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناش، لە شارو شارۆچکەکانی دیکەوە خەڵک سەردانی سەیدسادقیان کردووە و شتومەکیان کڕیوە، چونکە نرخەکان زۆر گونجاوبوون لە چاو شوێنەکانی دیکە، هەروەها دووکاندارەکانیش هاوکاری خەڵکیان کردووە.   

قایمقامی سەیدسادق، جەختیشیکردەوە و گوتی”ئێستاشی لەگەڵدا بێت جگە لەئارد، ئەوەی کە لەپێسترا هاتووە لەهەموو شار و شارۆچکەکانی دیکە نرخی گرانبووە، لە سەیدسادق بڕیکی کەم لەنرخەکەی چووەتەسەر، ئەگەر نا نرخی شتومەک لای ئێمە هەر وەک خۆتی و زیادی نەکردووە، حاڵەتی دەگمەنمان هەبووە وەک هێلکە، ئارد و چایی، بۆ ئەوەش لەگەڵ ژووری بازرگانی قسەمان کردووە، ئەوەش پەیوەندی بە گواستنەوەوە هەبووە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com