نەوزاد عەلی-سلێمانی
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پێدانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەردەوام دەبێت و حکومەت پلانی خۆی هەیە دەستکاری موچەی فەرمانبەران ناکات.
بە هۆی ڕێکارەکانی حكومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بە هۆی دواکەوتنی موچەی فەرمانبەرانی چەند وەزارەتێک، خەڵکی کوردستان ترسی ئەوەیان هەیە جارێکی تر هەرێمی کوردستان تووشی قەیرانی دارایی ببێتەوە پاشەکەوتی موچە بگەڕێتەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، محەمەد سەعدەدین، بڕیار دەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە بەردەوامی موچەی فەرمانبەران، ڕایگەیاند: مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا مەترسییەکی جیهانییە و کاریگەری نەرێنیشی هەبووە لەسەر هەرێمی کوردستان، نرخی نەوتی زۆر دابەزاندووە و داهاتە ناو خۆیییەکانی هەرێم کەمی کردووە، بەڵام ئەم دۆخەی ئێستا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری نەرێنی نابێت لەسەر موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و حکومەت دەتوانێت مانگانە موچە بدات.
محمەد سەعدەدین گوتیشی “حکومەتی هەرێم بۆ بەردەوامی پێدانی موچەی فەرمانبەران پلانی خۆی هەیە و بەهیچ شێوەیەک دەستکاری موچەی فەرمانبەران ناکات، بەڵکو خەرجییەکانی کەم دەکاتەوە و ئەو بودجانەی بۆ پڕۆژە و چالاکییەکان دابینی کردووە ڕایدەگرێت. حكومەتی هەرێم ئێستا زیاتر فۆکس دەخاتە سەرئەوەی، کە پێدانی موچەی فەرمانبەران بەردەوام بێت”.
ئەو بڕیاڕدەرەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان جەختیکردەوە “ڕاستە ئەم دۆخەی ئێستا کاریگەری دەبێت لەسەر ئابووری هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەمە واناکات هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو تووشی قەیرانی موچە بین، چونکە کەمبوونی داهاتی هەرێم جیاوازە لە قەیرانی موچە و حکومەتی عێراقی ئێستا بەرپرسە لە پێدانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و پارێزگاکانی دیکەی عێراق؛ عێراق پارەی یەدەگی خۆی هەیە و لە حاڵەتێکی وادا دەتوانێت بەکاری بهێنێت”.
سەعدەدین ئاماژە بەوە دەکات، ئێمە ساڵانی ڕابردوو قەیرانی موچەمان هەبوو، بەهۆی ئەوەی عێراق بە بڕیارێکی سیاسی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی نەدەنارد، بەڵام هەتا ئێستاش ئەو کێشەیەمان نییە و موچەی فەرمانبەران مانگانە لە بەغداوە دێت.
هەروەها دەڵێت “دواکەوتنی موچە پەیوەندی نییە بەوەی موچە نەدرێت، بەڵکو پەیوەندی بەمەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا-وە هەیە، کە هیچ ئالیەتێک نییە موچە دابەش بکات و قەرباڵغی دروست نەبێت، پێموایە حکومەت پێی باشترە چەند ڕۆژێک موچە دوابکەوێت لەوەی خەڵک تووشووی نەخۆشی ببێت و بکەوینە قەیرانێکی سەخت -ترەوە، ئەم دۆخەش دۆخێکی کاتییە و تێی دەپەرێنین”.