جیهانی پێش و دوای کۆرۆنا

0

بەهرە حەمەڕەش

پەیدابوون و پێشکەوتنی ژیان، پەیوەستە بە دیالێکتیکی هاودژەکان. مرۆڤ هەمیشە هەوڵی سەرکەوتن بەسەر کۆسپەکانی ژیان دەدات و زەمینەسازی بۆ پێشکەوتن خۆش دەکات، بەڵام تا بەسەر کۆسپێکدا زاڵ دەبێت کۆسپێکی تر دێتە بەردەمی. ئەوەش هەوڵدانی بێ وچانی داوەتە ژیان، کە مرۆڤ هەمیشە لە سەر پرۆسسی ململانێ بژیت، چونکە چێژ و بەردەوامی لە وەدایە. چێژ بینین لە هەوڵدان، وادەکات مرۆڤ لە خەونێکەوە بۆ یەکیتر بڕوات، ئەوە وایکرد هەوڵبدات بەسەر بوویەرەکانی سروشت و مەترسی بوونەوەرەکانی تردا زاڵ بێت.

مرۆڤ چۆن خەونەکانی کۆتایی پێنایەت، بەرامبەری ئەو خەونانەش کۆمەڵێک ململانێ لە نێوان تەوژم و چینەکانی کۆمەڵگە، لە نێوان مرۆڤ و سروشت و لە نێوان حەشەرات و گیانلەبەر هەن و پێشدەکەون.

سروشتی مرۆڤ وایە، چێژ لەو شتانە دەبینێت، کە زیاتر هەوڵ و تێکۆشانی بۆ دەکات و لای بەنرخترە. بۆیە زۆربەمان دەڵێین و گوێمان لێدەبێت، کە دەڵێین، ژیانە سادەکەی جاران خۆشتر بوو، چونکە ژیان لە ئێستادا ئاڵۆزییەکی بێتامی تێکەوتووە.

مرۆڤ لە رێگەی عەقڵەوە هەوڵیدا لە سروشت دوور بکەوێتەوە، بۆیە لە گەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، لە جیاتی کۆیلەی سروشت، مرۆڤ بووە کۆیلەی عەقڵی ئامێرەکان. لە ئێستادا وەکو رۆبۆتێکە و زیاتر بەرەو رۆبۆتبوون دەچێت. کەواتە لە هەوڵدان بۆ پێشکەوتنی ئامێرەکانەوە بەرەو کوێ؟

بەهۆی پێشکەوتنی گلۆباڵ، جیهان بۆتە گوندێک، ئەم گوندەش چۆن لایەنە نەرێنییەکەی هەیە، ئەوندەش گوندەکە خەریکە دیالۆگ و کلتورێکی جیهانی دروست دەکات و سنورەکان دەسڕێتەوە. کاتێک بە ئاسانی سود لە پێشکەوتنەکانی وەردەگری، بە ئاسانیش بەر کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو پێشکەوتنە دەکەوی، بەبێ ئەوەی هەست بکەی یان ویستی تێدا هەبێت.

هەوڵدان و کارکردن گەیشتۆتە ئاستێک لەم گوندە جیهانییەدا، کە مرۆڤ جەوهەری بیرچۆتەوە. هەموان پابەندی ئامێر و هەڵپەی تەکنەلۆژیان. دەسەڵاتی سەرمایەداری کرۆکی مرۆڤی وێران و بێ گیان کردووە. قەت وەک ئێستا مرۆڤ لە بەرامبەر دەسەڵاتی ماددەدا دەستووستان نەبووە، چونکە ماددە نرخی سەرووی گیانی مرۆڤەکان کەوتووە!

بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، زۆر بە ئاسانی بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای ئەم گوندە جیهانییەوە بە دنیادا بڵاوبۆوە. کاتێک مرۆڤ پێیوابوو گەیشتۆتە لوتکەی دەسەڵاتی خۆی و شتێک نییە بەسەریدا زاڵ نەبێت، هەروەها کاتێک مرۆڤەکان هێز و توانایان لە دەسەڵات و ماددە وەردەگرت و بەهۆیەوە هەموو کۆسپەکانیان دەبڕی، ڤایرۆسێکی بچووک بەرامبەری ئەم دەسەڵات و غرورە وەستا و هەموانی لە بەرامبەردا یەکسان کردەوە. کەواتە کۆرۆنا هەژار و دەوڵەمەند، دەسەڵاتدار و بێ دەسەڵات ناناسێ. ئەمەش هێز و غروری مرۆڤی عەیاردایەوە!

لە سەردەمێکین، کە ئاینیش لە حاڵەتی رۆحی مرۆڤەکانەوە هێنرابۆ گۆڕەپان و ئامرازی وەرگرتنی دەسەڵات، چەندین مرۆڤ ماف بەخۆیان دەدەن بە ناوی خودا و پێغەمبەرەوە قسە بکەن و فەتوای جۆراوجۆر دەربکەن. کاتێک لایەنی رۆحی مرۆڤ بەهۆی ئاینەوە ئارام بوو، خەریکە ویستی شەڕانگێزی و دەسەڵاتخوازی ئەوەش لە خەڵکی ئاسایی زەوت بکات. ئاین و زانست، لە خزمەتکردنی مرۆڤەوە گەیێنراونەتە ئاستێک، کە مرۆڤ بکەنە کۆیلە و خزمەتکار. بەداخەوە لە شەڕی بەرژەوەندییەکاندا، بوونەتە ئامرازی ئەزیەتدانی مرۆڤ!

ئایا بۆچی شەڕانگێزی و بەرژەوەندیخوازی گەیشتۆتە ئەو راددەی، کە بەهاکان تێکبشکێت و مرۆڤ لە سەنتەربوونەوە بکاتە رۆبۆت/ پەراوێز؟

ئایا جیهانی پێش کۆرۆنا و دوای کۆرۆنا هەمان جیهان دەبێت، یان دەبێتە راچڵەکاندنی عەقڵ و رۆڵ دەداتەوە بە ویژدان، کە لە رۆبۆتبوونەوە ببینەوە مرۆڤ؟ دیارە جیهانی دوای کۆرۆنا، بیری مرۆڤ دەخاتەوە، کە لە ماددە گرنگتر هەیەوە و هەمیشە دەسەڵاتێک هەیە، کە دەتوانێ مرۆڤەکان یەکسان بکاتەوە و لە بەرزەفڕی و خۆبەزلزانین رایانگرێ؟ راستە هێشتا جارێ زوویە باس لە قۆناغی دوای کۆرۆنا بکرێت، بەڵام بە پێی تێگەیشتنی زانا و پسپۆرانی ئەم بوارە، پەتای کۆرۆنا وەرچەرخانێکی تری مێژوویی گەورە دروست دەکات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com