شلێر سەعید: هەولێر
شکاندنی کێلی گۆڕستانی کاکەییەکان لە گوندی سفەیەی سەربە قەزای خەبات لە هەولێر، ناڕەزایی کاکەییەکانی کوردستانی بەدوای خۆیدا هێناوە و ئەوان پێیانوایە دەستێک لەپشتی ئەو گێرەشێوێنیە هەیە.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی وەزیری ھەرێم بۆ كاروباری پێكھاتەكان، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، وەک ئاگادارین دوێنی شەو چەند کەسێکی نەفس نزم و گێرەشێوێن ھەستاون بە تێکدان و پەلاماردانی گۆڕستانی (سوفەیە)ی کاکەییەکانی نزیک شاری ھەولێر ئێمە بە توندی ئەم جۆرە ھێرش و کارە تێکدەرانە ڕەتدەكەینەوە و ئیدانەی دەكەین بە کارێکی ترسنۆکانە وەسفی دەکەین چونكە ھیچ خزمەتێك بە پێكەوە ژیانی نێوان پێكھاتەكان ناكات ھیواخوازین ئەم جۆرە ڕەفتارانە دووبارە نەبنەوە و داواکارین لە لایەنی پەیوەندیدار بە زووترین کات ئەنجامدەرانی ئەم کارە نامرۆڤانەیە بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەنێت .
لە لێدوانێکی تایـەت بە نوچە، هێمن کاکەیی، بەرپرسی رێکخراوی زەنگ، کە یەکێکە لە چالاکوانە مەدەنییەکانی کاکەیی لە هەولێر، ڕایگەیاند: هێرشێکی ناڕەوا کراوەتە سەر گۆڕستانی گوندی سفەیە، چەندین کێلی گۆڕستانەکەیان شکاندووە و شێواندویانە و شکاندنی گۆڕەکان مانایەکی دیکە دەبەخشێت.
هێمن کاکەیی دەڵێت، داواکارین وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم لە سەر ئەم پرسە دەست بە لێکۆڵینەوە بکات.