نەوزاد عەلی-سلێمانی
قایمقامی قەزای سەیدسادق ڕایدەگەیەنێت، هەر بڕیارێک لە پارێزگای سلێمانی و لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بدرێت، ئێمە وەک خۆی جێبەجێدەکەین.
تەندرووستی سەیدسادق بەهەماهەنگی لەگەڵ قایمقامیەتی قەزای سەیدسادق بڕیار دراوە بە ڕاگرتنی دەوامی مەڵبەندو بنكە تەندروستیەكان لە سنووری ئەو قەزایە بۆ ماوەیەكی كاتی.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، دیاری ڕەفیق، قایمقامی قەزای سەیدسادق، سەبارەت بە ڕاگرتنی دەوامی مەڵبەند و فەرمانگە تەندرووستییەکان، ڕایگەیاند: لەسەر ڕاسپاردەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، بڕیارماندا بە ڕاگرتنی دەوامی سەرجەم مەڵبەند و بنكە تەندروستییەكانی سنووری قەزای سەیدسادق و ناردنی كارمەندانی مەڵبەندەكانی بۆ نەخۆشخانەی شەهید شەوكەت بەپێی پێویستی بۆ خەزمەتی زیاتری هاوڵاتیان.
قایمقامی قەزای سەیدسادق گوتیشی “لە ناو نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت ژوورێکی تایبەت بە تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید-١٩) کراوەتەوە و هەر لەوێ پشکنینە سەرەتایییەکان بۆ ئەو کەسانە دەکرێت، کە گومانیان لێدەکرێت هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بن”.
لەبارەی درێژکردنەوەی ماوەی قەدەغەی هاتوچۆ، دیاری ڕەفیق گوتی”لەبەرئەوەی لەڕووی ئیدارایییەوە سەر بە پارێزگای سلێمانین، بڕیارەکانی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و پارێزگاری سلێمانی وەک خۆی لەسلێمانی چی جێبەجێ بکرێت، ئێمەش لێرە هەمان ئەو بڕیارانە جێبەجێی دەکەین”.