نازم دەباغ بۆ نوچە: كوردستان وەك دراستانێك وایە، بە ئاگر دەورە دراوە

0

10363668_647449495334232_3116032915298057192_n (1)نازم دەباغ بۆ نوچە: كوردستان وەك دراستانێك وایە، بە ئاگر دەورە دراوە

 

نوچە: تایبەت

نوێنەری حكومەتی هەرێم لە كۆماری ئیسلامی ئێران، راگەیاند كۆماری ئیسلامی ئێران دەیەوێت كورد لە چوارچێوەی عێراقێكی یەكگرتوودا بمێنێتەوە و بەشداری پرۆسەی سیاسی عێراقی بكات، وتیشی “كوردستان وەك دارستانێك وایە، كە بە ئاگر دەورە دراوە”.
نازم دەباخ نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تارانی پایتەختی كۆماری ئیسلامی ئێران، لە لێدوانێكدا بۆ نوچەنێت، سیاسەتی فەرمی كۆماری ئیسلامی، دەربارەی كێشەكانی عێراق خستەڕوو، كە وەك ئەو وتی، نیگەرانە لەو بارودۆخەی ئێستا لە عێراقدا درووست بووە.
نازم دەباخ وتی “سیاسەتی كۆماری ئیسلامی ئێران روون و ئاشكرایە و وەك هەموو دەوڵەتەكانی تر، پێیوایە گەلی كورد پێكهاتەیەكی سەرەكییە لە عێراقدا، ئەو پێكهاتەیە خۆی بپارێزێت و بەپێی دەستوور بەشدار بێت لە پرۆسەی سیاسی عێراق، كۆماری ئیسلامی ئێران جەخت لەوە دەكاتەوە، كە لە چوارچێوەی عێراقێكی یەكگرتوو و دەستووردا كورد كێشەكانی خۆی چارەسەر بكات و بەشداری پرۆسەی سیاسی بێت”.
دەربارەی هەڕەشەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ داخستنی مەرزەكان بە رووی هەرێمی كوردستاندا، لە كاتی ئەنجامدانی راپرسی و راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان، نازم دەباخ وتی “ئەو هەڕەشانە هیچ بنەمایەكیان نیە، ئەوەندەی ئێمە ئاگادار بین، كێشەیەك هەبوو لە هاتنی سومەنی لە دیوی هەرێمی كوردستانەوە بۆ ئێران، ئەوەیش بڕیارە بە زووترین كات چارەسەر بكرێت، ئێمە ئەم چەند رۆژە لە پەیوەندیدا بووین، بۆیە جگە لەوە هیچ كێشەیەكی تر نیە و مەرزەكان وەك خۆیان كراوەن و كەلوپەل دێن و دەچن”.
نوێنەرەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەربارەی هەنگاوەكانی ئێستای هەرێمی كوردستان وتی “ئێستا ناوچەكانی ماددەی 140 كەوتونەتە بندەستی كورد، دەكرێت ریفراندۆم بكەین و لەو رێیەوە ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە بۆ سەر هەرێمی كوردستان، ئەوەیش دەبێتە ئیجاری بۆ چارەسەر كردنی ئەو كێشەیە”، بەڵام مەترسی خۆیشی لە دۆخەكە نەشاردەوە و وتی “كوردستان وەك دارستانێك وایە، كە بە ئاگر دەورە دراوە، بۆیە بە دەبێت بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكرێت”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com