ئابووری سەربەخۆ و گەڕاندنەوەی ناوچە كێشە لەسەرەكان، مەرجی كوردن بۆ بەشداری كردن لە حكومەت

0

1780735_722685057755859_749276530_nئابووری سەربەخۆ و گەڕاندنەوەی ناوچە كێشە لەسەرەكان، مەرجی كوردن بۆ بەشداری كردن لە حكومەت

نوچە: هەولێر

كەمال كەركووكی ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، مەرجی كورد بۆ بەشداری كردن لە حكومەتی داهاتووی عێراق ئاشكرا دەكات و دەڵێت “دەبێ هەرێمی كوردستان ئابووریی خۆی هەبێت. هەروەها ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم جارێكی تر نابێ بگەڕێنەوە بۆ پێش مانگێگ بەر لەمڕۆ”.
كەمال كەركووكی بە ئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاندووە، بەشداری كردنی ئەمجارەی كورد لە حكومەتی عێراق ئاسان نیە، چونكە ئەو وتویەتی “ئەمجارەیان مەرجی زۆر قورسمان دەبێ ئەگەر بەشداریش بكەین، دوو لەو مەرجانە دەبێ هەرێمی كوردستان ئابووریی خۆی هەبێت. هەروەها ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم جارێكی تر نابێ بگەڕێنەوە بۆ پێش مانگێگ بەر لەمڕۆ”.
دەربارەی پرسی جیابوونەوەی كورد لە عێراق و پشتیوانییەكانی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ ئەو هەنگاوە، كەركووكی وتوویەتی “پشتگیری كەس رەت ناكەینەوە، ئێستا لەسەر ئاستی جیهانی عەرەبی و وڵاتانی رۆژئاوا وڵاتانێكی زۆر هەیە پشتگیری لە بڕیاری خەڵكی كوردستان دەكەن، یەكێتی سۆڤیەت هەڵوەشایەوە چەندین دەوڵەتی لێكەوتەوە، یوگسلافیا حەوت وڵاتی لێ كەوتەوە چیك و سلۆفاكیا جیابوونەوە. كەواتە دەبێ میللەت چی بڕیارێكی دا وڵاتانی تر پشتگیری بكەن. ئەمە مافە. زۆر وڵاتیش ئەمڕۆ تێگەیشتووهن بەسەربەخۆیی هەرێمی كوردستان سوود مەند دەبێت”.
كەركوكی سیاسەتی ئەمریكا لە عێراق بە هەڵەو ناودەبات و پێیوایە ئەو وڵاتە لە ئیدارەدانی عێراق سەركەوتوو نەبووە، چونكە وەك ئەو وتوویەتی “ئەمریكا لە عێراق فەشەلهی هێناوە، ئێستا دەگوترێ ئەمریكا دەیەوێ سیاسەتی بگۆرێ و بەخۆیدا بچێتەوە. بەپێچەوانەوە ئەمریكا ئێستا هەڵبژاردنی كۆنگرێسی لە پێشە دەیەوێ بە خەڵك بڵێ سیاسەتم سەركەوتوو بووە. كاتێك سیاسەتی ئەمریكا لە عێراق سەركەوتوو دەبێ كورد و سونەو شیعەش مافی خۆیان پێبدرێت. وەك كورد جارێكی تر ناخەڵەتێین بچینە حكومەتێك دواتر شەڕی لایەنێك بكەین و نەزانین مافەكانی خۆمان چیە”.

 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com