ئەو کەسەی بۆ یەکەمجار بانگەوازی راپەڕینی کرد ئێستا چی دەڵێت؟

0

ئەسعەد مورادی

٢٩ ساڵ لەمەوبەر و لە ٥ی ئاداری ساڵی ١٩٩١ی زایینی لە چوارچێوەی پلان و بەرنامەی بەرەی کوردستانی لە باشووری کوردستان، لە شاری ڕانیە یەکەم چەخماخەی یادی ڕاپەڕینی شکۆداری خەڵکی کوردستان لێ درا و خەڵک دژی حکوومەتی پێشووی بەعس ڕاپەڕین و بناغەی قۆناغیکی گرنگی ڕزگارییان لەدەستی ستەمکاری دانا.

هەرچەند بەپێی بڕیار و ڕاسپاردەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لەپێناو پێشگیری و خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆرنا هەموو ئاهەنەگ جەماوەری و و بەکۆمەڵەکانی یادەکانی ئادار و ڕاپەڕین لە هەرێمی کوردستان ڕاگیراون، بەڵام بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە ٥-٣-٢٠٢٠ لە شاری ڕانیە و لەو شوێنەی کە یەکە فیشەکی راپەڕینی لێ تەقێندرا ئاڵای کوردستان هەڵبکرێت و شار بە ئاڵای کوردستان و دروشمەکانی تایبەت بە ێادی ڕاپەڕین ڕازێندراونەتەوە و تاجەگوڵینەی وەفاش لەسەر مۆنۆمێنی شاەهیدان دادەنرێت و بەم چەشنە یادی 29ساڵەی ڕاپەڕینی شکۆداری باشووری کوردستان لە ساڵی ١٩٩١.

ئەمساڵ تەنها تاجەگوڵینە لە سەر

گۆڕی شەهیدانی سەربەرز دادەنرێ

ماوەی ٢٩ ساڵە و دوای ڕاپەڕینی بەشکۆی باشووری کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ هەموو ساڵێک لە ڕێکەوتی ٥-٣ -ەوە تاکوو ٢١-٣، کە ڕۆژی نەورۆزە، تێیدا سەرجەم شار و شارۆچکە و گوندەکانی باشووری کوردستان لە ئاسەوارەکانی ڕژێمی ڕووخاوی بەعس پاک کرانەوە، خەڵکی بەشکۆوە یادی بۆنەکانی ئادار و ڕاپەڕین و نەوروز دەکەنەوە و وەک دەسپێکی قۆناغیکی گرنگ و چارەنووسساز لە دیرۆکی خەباتی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستاندا پێناسەی دەکەن.

لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچە، حسین مەحمود قایمقامی قەزای رانیە، سەبارەت بە ئامادەكاری بە یادی ڕاپەرینە مەزكەوە ڕاگەیاند: بەهۆی ڤایرۆسی كۆڕۆناوە بە بڕیاری حكومەت هەموو بۆنەكان وەستان بۆیە ئەمڕۆ لە یادی ڕاپەرینەمەزنە مەزنەكەی دەڤەری ڕاپەرین ٥-٣-١٩٩١ تەنها تاجە گوڵینە لە سەر گۆڕی شەهیدانی سەربەرز دادەنێن لەلایەن كەسوكاریان و هیچ قەرەباڵغیەك نەكرێت. 

بەپێی بەڵگە و دیکیۆمێنتەکانی کاتی ڕاپەڕین ڕۆژی ١٩٩١-٣-٤ دانیشتوانی شارۆچکەی چوارقوڕنە ڕاپەڕین و شارۆچکەکەیان لەژێر دەستی دامودەزگا داگیرکارەکەی ڕێژیمی ستەمکاری بەعس ئازاد کرد و پاشان لە ڕۆژی دواتردا و لە ڕێکەوتی ١٩٩١-٣-٥ دانیشتوانی شاری ڕانیە بە پشتیوانی هێزی پێشمەرگە ڕاپەڕین و بە هەمان شێوەی شارۆچکەی چوارقوڕنە شارەکەیان ڕزگار کرد و بەمەش نازناوی دەروازەی ڕاپەڕینی بۆ خۆی وەرگرت، بە واتای ئازادکردنی ناوچەیەکی گرنگ و گەورەی باشوری کوردستان.

لە لێدوانێكی تایبەتدا دەرباەری یەكەم تەقەی ڕاپەرین پشتیوان كاكل، بە نوچەی ڕاگەیاند: سەرەتا سەبارەت بە ڕاپەڕینی ٥-ی ئازار، ئەمڕۆ ٥-ی ٣ ڕاپەڕین دەستی پێكرد خۆی دەبوو ٧-ی ٣ بێت، بەڵام عەلی نەبی، ڕوحی شاد بێت، كە زانی ڕژێمی بەعس هێزی زۆری كۆكردۆتەوە و بە پیلانەكەی زانیوە، بۆیە عەلی نەبی ڕاپەڕینی پێش خست بۆ ٥-ی ٣ و دەستی كرد بە كۆكردنەوەی چەك و دابەشی دەكرد بە سەر خەڵك و یەكەم تەقە عەلی نەبی كردی لە نزیك مزگەوتی ڕانیە، كاتێك ٣ ئەمن بەرەو رووی دەهاتن ئەو كوشتنی لەوەوە ڕاپەرینەكە دەستی پێكرد و جەماوەر لەگەڵی تێكرا هەستان تا چوارقورنەوەی كانی ماران هەموو ئازاد كران.

پەشیمان نیم لەوەی یەكەم كەس بووم بانگەوازی ڕاپەرینم كرد،

بەڵام پەشیمانم لەوەی، كە ئامانجەکانی راپەڕین نەهاتۆتە دی

عەلی نەبی پێشمەرگە بو زۆربەی كەسوكاری گیرابوون و دوای وەك كاری رێکخستن هاتۆتەوە ناو شار و خەڵكی ئاگادار دەكردەوە، كە كارێكی وادەكەن، بە تەنسیقی پێشمەرگە و دواجار لە ساڵی ١٩٩٤ لە شەڕی براكوژی شەهید بوو. 

سەبارەت بە ڕاپەرینی كۆیە، ٩-ی ئازار، ڕاپەرینی كۆیە پشتیوان كاكل گوتی، من یەكەم كەس بوم بانگەوازی ڕاپەرینم كرد، بە شاهێدی مەمەند ئاغا و تاریق عەباس، حەمە هەڵدێر و ڕەمەزان عەلی، چوم دەرگای مزگەوتم شكاند و بە بڵیندگۆی مزگەوتەکە بانگەوازم كرد، كە خەڵک ڕاپەڕن و داوام لە جاشەكان كرد لولەی تفەنگیان ڕوو لە دوژمن بكەن، نەك ڕوو لە هاوڵاتی بكەن، كە هەر كەسوكاری ئێوەن و یەكەم ئافرەت، كە هات بەدەم بانگەوازەكەم، بەناوی كەحلە خان بوو، ئێستا لە سوید نیشتەجێیە.

پشتیوان كاكل دەڵێت، بەداخەوە ڕاپەڕین ئامانجەکەی نەهێنایەدی، ئەوەی ئێمە دەمانویست نەبوو، پەشیمان نیم لەوەی یەكەم كەس بووم بانگەوازی ڕاپەرینم كرد، بەڵام پەشیمانم لەوەی، كە ئامانجەکانی ڕاپەڕین نەهاتۆتە دی.

پاشان لە ڕۆژانی دواتردا شار و ناوچەکانی تری کوردستان بەمشێوەیە ڕزگارکران:

  • چوارقوڕنە ٤-٣
  • رانیە ٥-٣
  • سلێمانی ٣-٧
  • گەرمیان ٨ و ٩-٣
  • هەولێر ١١-٣
  • دهۆک و بادینان ١٤-٣
  • کەرکوک ٢٠-٣

پەیامی سەرۆکی هەرێی کوردستان

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان

ئێوارەی رۆژی چوارشەممە ٤-٣-٢٠٢٠، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بە بۆنەی بیستونۆیەمین ساڵیادی راپەڕینە مەزنەكەی باشووری كوردستان بڵاو كردەوە و تیایدا رایگەیاند: جەماوەری سەربەرز و خۆڕاگری کوردستان، بە بۆنەی بیست و نۆيەمین ساڵیادی ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی ئازاری ١٩٩١وە، گەرمترین پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرجەم کوردستانييان لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان دەکەم.

نێچیرڤان بارزانی دەڵێت “ڕاپەڕین، کە یەکێکە لە سەروەرییە مەزنەکانی مێژووی گەلەکەمان، دەربڕی باوەڕ و خواستى گەلی کوردستان بۆ ژیانێکی ئازاد و سەرفرازانە و ڕەتکردنەوەی ستەم و زۆرداری بوو، ترۆپكی خەبات و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە و ڕۆڵەکانی گەل و یەکێتی و یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکان و سەرجەم خه‌ڵكی کوردستان بوو، پاراستنی دەستکەوتەکانیشی، ئەرک و بەرپرسیاريه‌تی هەموو لایەن و پێکهاتە و هه‌موو تاکێكی کوردستانه‌ و وەفادارییانە بۆ گیانی پاکی شەهیدە قارەمانەکانمان و هەموو قوربانیيانی ڕێگای ڕزگاریمان”.

هەروەها لە پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا هاتووە “کوردستانیيانی ئازیز، گیانی خۆڕاگری و بەرەنگاریی دلێرانه‌تان سه‌رباری ئه‌و لێبوورده‌ییه‌ی له‌ ڕاپه‌ڕیندا نواندتان، زادەی هەمان ئەو کولتوورە مرۆڤدۆستانەیە کە ئیلهامبەخش و نەخشەڕێی سەرجەم بەرخودان و شۆڕشەکانی كوردستان بووه‌‌ به‌ ڕاپەڕینیشه‌وه‌. خەباتی ئێوە، هەمیشە هه‌ڵگری باوەڕ و نه‌ریت و به‌ها و جیهانبینییه‌كی بەرز بووه‌ کە شایانی ئه‌وه‌ن نەوە بە نەوەی ئەم گەلە، شانازییان پێوە بکەن. ئەوە ڕاپەڕین و خواستى ئێوە بوو کە سەلماندی مەحاڵە هیچ زه‌بر و زه‌نگ و سه‌ركوتكارییه‌ك بتوانێ شکۆ و خواستى گەلی کوردستان بۆ ژیانێکی سەرفرازانە و ئامانجە نیشتمانیيەکانی، بشكێنێ”.

لە بەشێكی تری پەیامەكەدا دەڵێت “کوردستانیيانی خۆشەویست، ڕاپەڕین بەڵگەی زیندووی ئەو ڕاستیەیە، کە یەکڕیزی و تەبایی نێوان لایەن و پێکهاتەکانی کوردستان و ئاشتەوایی ناوخۆ، هەمیشە گەلەکەمانی بەرەو سەرکەوتن و سەرفرازیی زیاتر بردووە، بۆیە بۆ بەدیهێنانی سەرجەم ئامانجە نیشتیمانیيەکان و مسۆگەرکردنی ژیانیکی شایستە بە خەبات و قوربانیيەکانی گەلەکەمان و ئایندەیەکی گەشتر بۆ نەوەکانمان، دەبێ هەوڵی هەموو لایەن و پێکهاتە و هه‌ر تاکێکی کوردستان، لە خزمەتی پتەوکردنی زياترى گیانی تەبایی و بنەماکانی پێکەوەژیان و لێبووردەیی و ئاشتیخوازیدا بێت”.

لە كۆتاییدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوای كردووە، كە یادی ڕاپەڕین ببێتە وزە و ئیرادەی زیاتر بۆ یەکڕیزی و تەبایی و خزمەتکردن بە گەل و وڵات.

مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

لە پەیامەکەیدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدان کرد و رای گەیاند: ”راپەڕینی شکۆداری ١٩٩١ وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو لە خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی خەڵکی کوردستاندا کە بەرامبەر ستەم و داگیرکاریدا راپەڕی و ئەو پەیامەی بە هەموو جیهان گەیاند کە گەلی کوردستان ژێردەستەیی و چەوساندنەوە و نکۆڵیکردن لە مافە رەواکانی رەتدەکاتەوە“

جەختیشی کردەوە کە راپەڕینی ئاداری ١٩٩١، بەرهەمی یەکگرتوویی و یەکڕیزیی هەموو چین و توێژ و پێکهاتەکانی کوردستان بوو، دەسکەوتەکانی ئێستای گەلی کوردستان و ئەو ئاوەدانیی و پێشڤەچوونەی دۆزی رەوای خەڵکی کوردستان و پێگەی دیاری هەرێمی کوردستان لە نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، بەرهەمی شۆڕش و سەرهەڵدانە بەردەوامەکانی خەڵکی کوردستانە و لە نێویشیاندا راپەڕینی مەزنی ١٩٩١ کە ”پێویستە بە هەمان گیانی یەکڕیزی و  یەکدەنگی راپەڕینەوە پارێزگاری لە دەسکەوتە نیشتمانییەکانمان بکەین“. 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com