داوا لە پەرلەمانی عێراق دەکرێت بەمەرج گشتپرسی کوردستان پەسەندبکات
نوچە.نیت. رووداو
سەرکردەیەکی ئیئتیلافی یەکێتیی هێزە نیشتمانییەکانی عێراق داوا لە پەرلەمانی عێراق دەکات بە مەرج گشتپرسی هەرێمی کوردستان پەسەندبکات.
حەیدەر مەلا، سەرکردە لە ئیئتیلافی یەکێتیی هێزە نیشتمانییەکان لە بەیاننامەیەکدا داوا لە پەرلەمانی عێراق دەکات ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ جیابوونەوەی کورد پەسەندبکات، بەڵام بەو مەرجەی لە چوارچێوەی سنووری رۆژی 19ی مانگی ئازاری ساڵی 2003 بێت. ( واتا پێش روخانی رژێمی پێشوو).
یەکێتیی هێزە نیشتمانییەکان بەشێکی بەرچاوی لایەنە سوننەکانن، هاوپەیمانییەکە پێکدێت لە موتەحیدونی ئوسامە نوجەیفی و کوتلە عەرەبی ساڵح موتلەگ و کوتلەکەی سەلیم جبوری.
حەیدەر مەلا جەختلەوەدەکاتەوە، هەرکەسێک نەیەوێت بەشێک بێت لە عێراق، مافی خۆیەتی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، بەڵام پاراستنی سامانەکانی عێراق و ناسنامەی عەرەبی هێڵی سوورە و قابیلی سازشکردن نییە.
لەبارەی کەرکووکەوە، حەیدەر مەلا دەڵێت “کەرکووک پارێزگایەکی عێراقییە و هەر بە عێراقی دەمێنێتەوە، بۆیە هەر دەستدرێژیکردنێک بۆ سەر خاک، دەستدرێژیکردنە بۆ سەر ئابڕو”.