ئەمڕو 41 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی دا تێدەپەڕێت

0

مورادی

ئەمڕۆ (یەکشەممە ١-٣-٢٠٢٠)، ٤١ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی، رێبەری بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کورددا تێپەڕ دەبێت. بارزانی لە ١٤ ئاداری ١٩٠٣ لە بارزان دایک بووە، پێنجەم کوڕ شێخ محمەد و دوایین کوڕی شێخ محمەد بووە.
کاتێک تەمەنی یەک سالان بووە باوکی ئەمری خوای کردووە. تەمەنی منداڵی و لاوێتی لە ناوچەی بارزان بەسەربردووە و بەشداری ھەموو ئەو چالاکیانەی کردووە کە دژ بە رژێمەکانی ئەوسای عێراق کراوە.

سەرکردایەتیکردن

لە ساڵی ١٩١٩ بەشداریی شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفید دەکات و سەرکردایەتی ھێزێکی ٣٠٠ کەسی پێدەسپێردرێت.

لە ساڵی ١٩٣٢، حکوومەتی عێراقی سەردەمی پاشایەتی، بە پشتیوانی بەریتانیاییەکان، ھێرشیان کردە سەر ھێزەکانی کورد کە لەلایەن شێخ ئەحمەد بارزانیی برایەوە سەرکردایەتی دەکرا، دوای بەدیلگرتنی شێخ ئەحمەد، مەلا مستەفای بارزانی، دەستی کرد بە سەرکردایەتیکردنی ھێزەکان و ڕێکخستنەوەیان.

دوای ساڵێک، حکوومەتی عێراق لێبووردنی گشتی بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە و بنەماڵەی بارزانییەکان دەرکرد، بۆیە لە ماوەی ساڵانی ١٩٣٦ تا ١٩٤٣، چالاکیی سەربازی لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگەوە ڕاگیرا، تا لە ساڵی ١٩٤٣ دووبارە بزووتنەوەی کوردی و خەباتی پێشمەرگایەتی، بەسەرکردایەتیی مەلا مستەفای بارزانی،  دەستی پێکردەوە.

Image result for مەلا مستەفا بارزانی

جەنگی جیھانیی دووەم

مەلا مستەفای بارزانی، توانی دۆخی جەنگی دووەمی جیھانی و کودەتاکەی سەر حکوومەتی عێراقی کە بە سەرکردایەتیی بەکر سدقی بەڕێوەچوو، لە خزمەت دۆسیەی کورد بقۆزێتەوە و جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی لە بارزان، لەوێ ھەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتدا پچڕاند و داواکارییەکانی حکوومەتە لاوازەکەی بەغدای ڕەت کردەوە کە داوای دەکرد، بزووتنەوە پێشمەرگایەتییەکەی، ڕابگرێت.

حکوومەتی عێراق بەردەوام بوو لە سازشکردن، تا ئەو کاتەی مەلا مستەفا توانی ھەموو داخوازییەکانی ئەو کاتیان بەسەردا بسەپێنێت، ئەوەبوو ژمارەیەک ئەفسەری کورد ئیدارەی ناوچەکەیان بە سەرپەرشیی وەزیرێکی کورد، گرتە دەست و دواتر ئەو وەزیرە کوردە و ئەفسەرەکان لە بری حکوومەتی عێراق، فەرمانەکانیان لە مەلا مستەفای بارزانییەوە وەردەگرت، شارەزایی سەربازیی ئەفسەرەکانیش لە کاروباری سەربازیدا سوودیان لێوەرگیرا و توانرا ناوچەکە توندوتۆڵ بکرێت و ھێزێکی پێشمەرگەی ٢٥٠٠ کەسی پێک بھێنرێت، لە ئەنجامدا حکوومەتی بەغدا کۆنترۆڵی ناوچەکەی بەدەستەوە نەما.

بەڵام دوای ساڵ و نیوێک، حکوومەتی عێراق، توانی ھێزێکی زۆر کۆبکاتەوە و ھێرش بکاتەوە سەر ناوچەی بارزان، لە مانگەکانی ئاب و ئەیلوول و تا سەرەتای تشرینی یەکەمی ١٩٤٥، شەڕێکی قورس ڕووی دا و ھێزەکانی پێشمەرگە بەرگرییەکی سەختیان کرد، دواتر کشانەوە بۆ ناوچەی (کانی ڕەش) لەسەر سنووری تورکیا.

جەنەڕاڵی سوپای کۆماری کوردستان

لە  ١٦-ی ئابی ١٩٤٥ لە ئێرانەوە دامەزراندنی پارتی دیموکراتیی کوردستان ڕاگەیەندرا، دوای ماوەیەکی کەم، سەدای پارتی گەیشتە ناوچەکانی کوردستان و توانرا چەندین بڵاوکراوە بە خەڵکی کوردستان بگەیەنرێت، بۆیە حکوومەتی عێراق دەستی کرد بەدەستگیرکردنی ئەندامانی پارتی.

Image result for مەلا مستەفا بارزانی

لە ساڵی ١٩٤٥ و دوای کۆتاییھاتنی جەنگی دووەمی جیھان و کشانەوەی ڕووسیا لە ئێران و کۆتاییھاتنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، ھێزەکەی مەلا مستەفا و ھێزەکانی ئێران پێکدائاڵان و شەڕ درووستبوو، لەوێ ھێزەکانی کوردستان دوای بەرگرییەکی توند، توانییان خۆیان بگەیەننە ناوچەکانی سنووری یەکێتیی سۆڤیەتیی جاران، ماوەی ١٢ ساڵ لەو وڵاتەدا مانەوە.

لەسەرەتاوە مەلا مستەفا لە ‌ئازەربایجان و ئۆزبەکستان نیشتەجێ بوو، پاشان بۆ مۆسکۆ گواسترایەوە، زمانی ڕووسی و ھونەرکارییەکانی سەربازی و زانیاریی ئابووری خوێندووە.

لە 26ی تشرینی یەکەمی 1958دا گەڕایەوە عێراق.

ئەویش پاش شۆڕشی ١٤-ی تەمووز بوو کە عەبدولکەریم قاسم دەسەڵاتی لە عێراقدا گرتبووە دەست و سیستەمی کۆماری ڕاگەیاندبوو.

لە کاتی گەڕانەوەیدا سەروەری و ڕێز و نەوازشێکی زۆری لێنرا، بەڵام بەھۆی پابەندنەبوونی حکوومەتەکەی عەبدولکەریم قاسم بەو بەڵێنانەی بە کوردی دابوو و ھەڵگیرساندنی جەنگ لە دژی کورد، لە ‌ئەیلوولی ١٩٦١ دا مەلا مستەفا بارزانی شۆڕشی دژی دەسەڵاتدارانی بەغدا ڕاگەیاند، لەبەگژداچوونی دژی دەسەڵاتداران عێراق ھەتا ١١-ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ بەردەوام بوو.

ڕێککەوتنامەی ئادار

لە ساڵی 1968، گۆڕانکاری بەسەر سەرکردایەتیی عێراقدا ھات و کودەتای دووەمی بەعسییەکان ئەنجام درا، مەلا مستەفای بارزانی و حکوومەت دەستیان بە گفتوگۆ کرد، بەرھەمی گفتوگۆکان ڕێککەوتنی ئاداری 1970ی لێکەوتەوە کە بەپێی بڕگە و ماددەکانی ئەو ڕێککەوتنە، کورد ھاوبەش دەبێت لە حوکمڕانیی عێراق و زمانی کوردیش لە دامودەزگاکانی فێرکردن، دەبێتە زمانی فەرمی، جگە لەوەی سیستەمی حوکمی زاتی لە کوردستاندا جێبەجێ دەکرێت و کورد لە ناوچەکەی خۆیدا حوکمی خۆی دەکات، بەڵام دواتر حکوومەتی عێراق خۆی لە ڕێککەوتنەکە دزییەوە و پاشان لەگەڵ ئێران لەسەر دژایەتیکردنی کورد ڕێککەوتن و لە ساڵی ١٩٧٥ ڕێککەوتننامەی جەزائیریان واژۆ کرد.

لە ھەوڵی تیرۆرکردن

لە ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی ٢٩-ی ئەیلوولی ١٩٧١، ھەوڵی تیرۆرکردنی مەلا مستەفای بارزانی درا.

لەمبارەیەوە سەیف دووری، مێژوونووسی عێراقی ئاماژەی بەوە داوە: ”لە ٢٩-ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٧١ و دوای ساڵ و نیوێک لە واژۆکردنی بەیاننامەی ئاداری ٧٠ لە نێوان کورد و حکوومەتی ئەوکاتی بەغدا، نازم گزاز، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی گشتی عێراق، ھەوڵی تیرۆرکردنی مەلا مستەفای بارزانی، سەرکردەی کوردی دا و ھەوڵەکەی شکستی ھێنا”.

ھەوڵەکە لە ڕێگەی شاندێکەوە بوو کە لە ١٠ پیاوی ئایینی پێکھاتبوو، ئەوان لە بەغداوە چوون بۆ سەردانی بارزانی بۆ نێوانگیری و راگرتنی شەڕی نێوان شۆرشگێرانی کورد و سوپای عێراق.

شاندی پیاوە ئایینییەکان لە کاتژمێر ٤:٤٥ خولەکی ئێوارە، بە دوو ئۆتۆمبێل گەیشتوونەتە بارەگای سەرکردایەتی لە حاجی ئۆمەران.

مێژوونووسە عێراقییەکە دەڵێت ”نازم گزاز، ئامێرێکی تۆمارکردنی دا بە یەکێک لە ئەندامانی شاندەکە و پێیگوت، سەرکردایەتی حزبی بەعس، دەیەوێ گوێی لە گفتوگۆکانی بارزانی بێ”.

ئەو بەو ئەندامەی شاندەکەی گوتبوو، لە بەردەمی بارزانی دانیشە و ھەر دەستی بە قسەکردن کرد، دەست بە دوگمەی ئامێری تۆمارکردنەکەدا بنێ بۆ ئەوەی دەنگی بارزانی تۆمار بکەی، ئەو کاتەی، کە مەلا مستەفا دەستی بە قسەکردن کرد، دەنگێکی بەھێز ھات و دووکەڵ چوو بە ئاسماندا و شووشەی پەنجەرەکان شکان، بەڵام پیلانەکە سەری نەگرت و بارزانی نەمر لە تیرۆرکردن رزگاری بوو.

ئەمڕۆ 41 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی جەنەراڵ مستەفا بارزانیدا تێدەپەڕێت

لە نێوان ساڵی ١٩٢٠-١٩٢١ دا لەگەڵ ھێزێکدا دەچێتە ھاواری (ئەندارێک) پاشای ئەرمەنییەکان لە تورکیا و پاشا و چەندین ئەرمەنیش لە کوشتارەگەی ئەرمەنیەکانی تورکیا ڕزگار دەکەن و ئەندارێک پاشاو خێزانەکەشی دەگەیەننە سووریا و خۆشیان تا دەگەنەوە زاخۆ ١٤ قوربانی دەدەن.

لە ٩-١٢-١٩٣١ لە ڕاپەڕینی یەکەمی بارزان، لە شەڕی (بەرقی بەگ) دا، بە ھەشتا بارزانییەوە سوپای دەوڵەتی شکاند و زیانی (١٢٦) کوژراوی بە دوژمن گەیاند بەرامبەر بە پێنج شەھید.

لە ٢٢-٦-١٩٣٣ دا کە حکومەتی تورکیا، شێخ ئەحمەد بارزانی دەگرێت و تەسلیم بە حکومەتی عێراقی دەکاتەوە، مستەفا بارزانی بەخۆی و خێزانە بارزانییەکانەوە، بە یارمەتی برا کوردەکانی تورکیا خۆی دەرباز دەکاو دەگەڕێتەوە ناوچەی بارزان، حکومەتی عێراقیش ناچار دەکا لە کۆتایی ئابی ١٩٣٣ دا شێخ ئەحمەدی بارزانییش ئازاد بکات و بیگێڕێتەوە بارزان.

لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٣٦ دا، کە بۆ ووتوێژ دەچێتە موێڵ لەوێ دەست بەسەر دەکرێ و لە لای موتەسەریفی ئەوسای موێڵ دەرمان خوارد دەکرێ، دواتر لە مەرگ ڕزگاری دەبێ پاش دوو ھەفتەی بێھۆشی، ھەر لە کۆتایی ئەو ساڵەدا خۆی و شێخ ئەحمەدی برا گەورەی و ھەموو خێزانە بارزانیەکان دەگوێزرێنەوە بۆ بەغدا و شارەکانی دیکە و لەوێ دەست بەسەر دەکرێن.

لە ١٢-٧-١٩٤٣ بارزانی پاش چەندین ساڵ دەربەدەری و دەست بەسەری، بە یارمەتی حیزبی ھیوا و چەند کەسانێکی نیشتمان پەروەر لە سلێمانی دەرباز دەبێ و دەگاتە شاری شنۆ-ی رۆژهەڵاتی کوردستان. ھەردوو حکومەتی عێراق و ئێران، ھەریەکەیان ٥٠ ھەزار دینار پاداشت بۆ سەری بارزانی نەمر تەرخان دەکەن، بەڵام بارزانی لە ٢٨/٠٧/١٩٤٣ دەگەڕێتەوە ناوچەی بارزان و لە ماوەی دوو مانگ دا پتر لە دوو ھەزار پێشمەرگەی لێ کۆدەبێتەوە و شۆڕشی ١٩٤٣-١٩٤٥ بارزان دەستی پێکرد.

  1. ٠٢/١٠/١٩٤٣ شەڕی بەناوبانگی (شانەدەر).
  2. ١٢/١٠/١٩٤٣ شەڕی بەناوبانگی (خێرۆزۆک).
  3. ٠٦/١١/١٩٤٣ شەڕی بەناوبانگی (گۆڕەتوو).
  4. ١٠/١١/١٩٤٣ شەڕی بەناوبانگی (مەزنە).
  5. ٢٩/١١/١٩٤٣ دەستپێکردنی ووتووێژ لەگەڵ حکومەت.
  6. ١٥/٠١/ ١٩٤٥ لیژنەی (ئازادی) پێکدێنی.
  7. ٢٥/٠٨/١٩٤٥ شەڕ دەست پێ دەکاتەوە.
  8. ٠٥/٠٩/١٩٤٥ شەڕی بەناوبانگی (مەیدان مۆریک) لەم شەڕەدا بەرامبەر بە پێنج شەھید، دەوڵەت ( ٨٠ ) دیل و (٤٨٠) کوژراو بەجێ دەھێڵێت.
  9. ١١/١٠/١٩٤٥ کشانەوە بۆ کوردستانی ئێران.
  10. ٢٩/٠٤/١٩٤٦ شەڕی بەناوبانگی (قاراوا) لە ناوچەی سەقز و بەرگری کردن لە کۆماری کوردستان، لەم شەڕەدا (٨٠) سەرباز و ئەفسەری سوپای ئێرانی کوژران و (١٢٠) یشیان لێ بەدیل گیرا بەبێ ئەوەی ھێزەکانی بارزانی ھیچ زیانێکیان لێ بکەوێت.
  11. ١٥/٠٥/١٩٤٦ شەڕی گەورەی (مل قەرەنی) یا (مامە شاە).
  12. ١٦/٠٨/١٩٤٦ پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقی دامەزراند.
  13. ھەفتەی یەکەمی ٠٣/١٩٤٧ شەڕی (نەلۆس).
  14. ١٣/٠٣/١٩٤٧ شەڕی بەرەی (شنۆ و نەغەدە).
  15. ٢٤/٠٣/١٩٤٧ شەڕی (قارنە) لە ناوچەی خانە.
  16. ٢٥/٠٣/١٩٤٧ شەڕی (ھەڤرس- ھەلەج) ناوچەی مەرگەوەڕ.
  17. ٠٣/٠٤/١٩٤٧ شەڕی نێرگێ (بەری زەر). بارزانی خۆی بە سووکی بریندار بوو.
  18. ١٩/٠٤/١٩٤٧ دێتەوە ناو خاکی عێراق.
  19. ٢٥/٠٥/١٩٤٧ دەگاتە گوندی (با) لە کوردستانی تورکیا.
  20. ٢٧/٠٥/١٩٤٧ دەگاتە گوندی (جێرمێ) لە کوردستانی ئێران.
  21. ١١/٠٦/١٩٤٧- ٩ شەڕی چیای (سوسز) و دەشتی (ماکۆ)، ئەم شەڕە سێ شەو و سێ ڕۆژ بەردەوام بوو بەبێ وەستان سوپای ئێران تۆپ و فڕۆکە و تانکیان تێدا بەکار ھێنا، سوپای ئێران دەمێک پێشتر خۆیان بۆ ئامادە کردبوو، بەڵام بارزانییەکان شکاندیانن و جگە لە سەدان کوژراو ( ٢٧١ ) کەسیشیان بەدیل گرتن .
  22. لە ڕۆژی ١٨/٠٦/١٩٤٧ دا ، بارزانی دوا کەسی ھێزەکەی بوو لە ئاوی (ئاراس) پەڕیەوە چووە نێو خاکی سۆڤیەتەوە.

مەلا مستەفا لەگەڵ ھاوەڵەکانی ماوەی ١٢ ساڵ لە یەکێتی سۆڤیەت دەمێنێتەوە، تا ئەو کاتەی کودەتای سەربازی لەعێراق روودەدات و رژێمی پاشایەتی لەناو دەچێت.

مەلامستەفا لە ٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٨ گەڕاوە عێراق و پێشوازییەکی گەورەی لێکرا.

دوای ماوەیەک کۆنگرەی چوارەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بەسترا و دوبارە مەستەفا بارزانی کرایەوە بە سەرۆکی حیزبی پارتی دیموکراتی کوردستان لە باشوور، تا کۆنگرەی پێنجەم دووبار ئەم ھەڵبژێردرایەوە بە سەرۆک حیزب تا کۆنگرەی شەشەم لە ساڵی ١٩٦٤ بەسترا.

لە ئازار ١٩٦٣ بارزانی کونگرەیەکی نەتەوەیی لە کۆیە بەست، کە سەرکردایەتی حزب و بەرپرسانی پێشمەرگە و کەسایەتی کۆمەڵایەتی و عەشائری بەشداریان تێدا کردوو، و بارزانی داوای حوکمی زاتی دەکرد بۆ ھەمان مەبەست وەفدێکی بە سەرۆکایەتی جەلال تالەبانی و ئەندامیەتی سالح یوسفی محمود محمد، حسین خانەقا، حمد محمد، حبیب محمد کریم، عەگید ێدیق، شاخەوان نامق، بابەکر رەسول ،مستەفا عزیز، کە بۆ ووتوێژ چوونە بەغدا، پاشان حکومەتی لامەرکەزی لە جیاتی حوکمی زاتی راگەیەندرا.

وەفدی کوردیش بە ھیلیکوپتەر لە بەغداوە گوازرانەوە کەرکوک لەوێش گیران، دوایی لەساڵی ١٩٦٤ دوبارە کۆنگرە ئەنجام دراو بۆ جارێکی تریش مەلا مستەفا کرایەوە بەسەرۆک حیزب وە لەکۆنگرەی ساڵی ١٩٦٦یش واتە کۆنگرەی حەوتەم دووبارە مەلا مستەفا بووەوە سەرۆک حیزب دوایی لەساڵی ١٩٧٠ کۆنگرەی ھەشتەم بەسترا و بارزانی بە کۆی دەنگ بە سەرۆکی پارتی ھەڵبژێردراوە.

لە دوای رێککەوتنی عێراق و ئێران لە جەزائیر لە ساڵی ١٩٧٥، شۆرشی کوردستان نشوستی ھێنا و بە ناچاری بەرەو ئێران کۆچی کرد و مەلا مستەفاش لەگەڵ سەرکردایەتی شۆڕش رویان لە ئێران کرد.

نەخۆشکەوتن و کۆچی دوایی

لە ساڵی ١٩٧٦دا بە مەبەستی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەی بەرەو واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا بەڕێکەوت و لە ١ی ئازاری ١٩٧٩دا بە ھۆی شێرپەنجە لەوێ کۆچی دوایی کرد.

Image result for مەلا مستەفا بارزانی

لە ٥-ی ئازاری ١٩٧٩دا تەرمەکەی لەسەر وەسیەتی خۆی لە شاری شنۆ لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان ئەسپەردە کرا.
لە ٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٣، پاش ئازادبوونی بەشێکی باشووری کوردستان لەگەڵ تەرمی ئیدریسی کوڕی، لە گوندی بارزان نێژرایەوە.

ڕۆژانەش قوتابییان، مامۆستایان، ڕۆشنبیران، پێشمەرگە، ئافرەتان و سەرجەم چین و توێژەکانی کوردستان، وەک ڕێزگرتنێک لە خەباتی ساڵەھای ساڵەی مەلا مستەفا بارزانی، دەچنە سەر مەزارەکەی و نزای خێر و خۆشی بۆ نیشتمان دەکەن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com