سەرۆكایەتی هەرێم بۆ مالیكی: خاكی عێراق و كەلوپەلی شەش فیرقەی سوپات دایە دەست داعش

0

irq_66276505_1400690513سەرۆكایەتی هەرێم بۆ مالیكی: خاكی عێراق و كەلوپەلی شەش فیرقەی سوپات دایە دەست داعش

 

نوچە: هەولێر

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، لە رێی وتەبێژەكەیەوە وەڵامێكی توندی نوری مالیكی دەداتەوە و پێیدەڵێت ” تۆ بوویت خاكی عێراق و كەلوپەلی شەش فیرقەی سوپای عێراقت دایە دەستی داعش. جەنەڕاڵە كۆنە بەعسییەكانت لە دەوراوپشتی خۆت كۆ كردەوە و یەك كاتژمێریش بەرگرییان پێ نەكرا”.
هەروەها دەڵێت “چۆن و بە چ ڕوویەك دێیت و لەسەر شاشەكان دەدوێیت. تەنیا ئەوەندەت پێ دەڵێین كە داوای لێبوردن لەگەلی عێراق بكە كورسییەكەت جێ بهێڵە و چونكە وڵاتت وێران كردووە و ئەوەی وڵات وێران بكات ناشتوانێ لە قەیرانەكان ڕزگاری بكات”.

لێدوانی وتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەبارەی قسەكانی نووری مالیكی

ڕۆژی چوارشەممە 9ـی 7ـی 2014 لە پەیامی حەفتانەی بەڕێز مالكی گوێبیستی كۆمەڵێك تۆمەتی بێبنەما بووین كە خراوەتە پاڵ هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان.

كە بیر لە ئەم قسانەی مالیكی دەكەینەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە ئەم كەسە تووشی هیستریا بووە و تەوازونی خۆی لەدەست داوە.

هەموو هەوڵێكیشی بۆ ئەوەیە كە پاساو بۆ هەڵە و شكستەكانی خۆی بهێنێتەوە و ئۆباڵی فەشەلهێنانی خۆی بخاتە ئەستۆی خەڵكی تر.

لێرەدا بە نووری مالیكی ڕادەگەیێنین جێگەی شانازیی كوردستانیانە كە هەولێر هەمیشە پەناگەی هەموو خەڵكێكی ستەملێكراو بووە و پەناگەی تۆش بووە كاتێك لەدەستی دیكتاتۆری پێشووی خۆت ڕاتكردبوو و ئێستاكەیش خەڵك لەدەستی دیكتاتۆرییەتی تۆ هاتووەتە هەولێر.

هەولێریش شوێنی داعش و خەڵكانی وەك داعش نییە، داعشەكان شوێنیان لای تۆیە. هەر تۆ بوویت خاكی عێراق و كەلوپەلی شەش فیرقەی سوپای عێراقت دایە دەستی داعش. جەنەڕاڵە كۆنە بەعسییەكانت لە دەوراوپشتی خۆت كۆ كردەوە و یەك كاتژمێریش بەرگرییان پێ نەكرا.

ئێستاكە چۆن و بە چ ڕوویەك دێیت و لەسەر شاشەكان دەدوێیت. تەنیا ئەوەندەت پێ دەڵێین كە داوای لێبوردن لەگەلی عێراق بكە كورسییەكەت جێ بهێڵە و چونكە وڵاتت وێران كردووە و ئەوەی وڵات وێران بكات ناشتوانێ لە قەیرانەكان ڕزگاری بكات.

د. ئومێد سەباح

گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

9ـی 7ـی 2014

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com