ئەسعەد موردای
كێشەی كەمی و گرانبوونی غاز لە هەولێر قوڵتر بووە و بەرپرسانیش كۆمپانیایەك بە هۆكاری قەیرانەكە دەزانن و دەڵێن رێگری لە ناردنی غاز بۆ هەولێر و دهۆك دەكات، بەڵام كۆمپانیاكە دەڵێت، رێگریمان نەكردووە. سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان له پهرلهمانی كوردستان ریادەگەیەنێت ”ئەگەر ئەم گرفتە بەتەواوی چارەسەر نەبێت قەیرانی نەبوونی غاز، دەچێتە پاڵ گرفتی نەوت و کەمی کارەبا و گرفتی دیکەشی بەدوادێت”.
قەیرانی غاز بەیاننامەی ناڕەزایی حكومەت و فراكسیۆنی پارتی بەدوای خۆیدا هێنا. گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی یەكشەممە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند “هەندێ كەسی دەستڕۆیشتوو لە گەرمیان و سلێمانی وەك كارتی فشار، رێگرن لەوەی غاز بێتە هەولێر و دهۆك و ئەوە بووەتە هۆی گرانبوونی نرخەكەی”.
هەروەها فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان هەمان رۆژ لە بەیاننامەیەكدا دروستبوونی قەیرانی غاز لە هەرێمی كوردستان بە كردەوەی “كۆمەڵێك مافیارەفتار” ناودەبات كە “دەستیان بەسەر غازدا گرتووە” و داوا دەكات “بەهۆی حەز و چاوچنۆكیی كەسانێك بۆ دەستخستنی پارەی نایاسایی، هاووڵاتییان باجەكەی نەدەن”.
هەر لەوبارەوە شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: “بەدواداچوونمان بۆ ئەم دۆسیە كردووە، هێزێكی چەكداری مەشقپێكراو بە جلوبەرگی سەربازییەوە، بەبەرچاوی دەسەڵاتەوە رێگرییان لە تەنكەرەكانی كۆمپانیای سۆرگاز كردووە”.
گوتیشی: “هێزەكە خاوەنی كۆمپانیاكەیان بەناوی بەكر سدیق رفاندووە، ئەشكەنجەیان داوە و سێ پەراسوویان شكاندووە، داوای پشكیان لێكردووە، هەڕەشەشیان لێكردووە كە نابێت بەهیچ جۆرێك باسی هێزەكە و ئەو پشكانەش بكات كە داوایان كردووە”.
قایمقامی هەولێر: كۆمپانیای پێشوو كە پاڵپشتی
سەربازیشیان هەیە، رێگرن لەوەی غاز دابەش بكرێت
هەولێر لە وەرزی هاویندا رۆژانە پێویستی بە 250 تۆن غازی شل هەیە، بەڵام لە وەرزی زستاندا دەگاتە 400 تۆن، هەرچەندە نرخی بوتڵێك غازی شل بە 7500 دینار دیاریكراوە، بەڵام لە دوو هەفتەی رابردوودا نرخەكەی بەرزبووەوە بۆ 15 هەزار دینار و زیاتریش.
مەغدید عوسمان، بریكارێكی غازی ماڵان لە هەولێر راگەیاند: “نزیكەی 15 رۆژە كێشەی كەمیی غازی شل لە هەولێر دروست بووە، ئەوەی دەدرێتە بریكارەكان زۆر كەمە، خۆم دەبێت غازی نزیكەی 50 گەڕەك دابین بكەم، بەڵام هەفتەی سێ جار غاز وەردەگرم و هەر جارێكیش 70 بوتڵم پێدەدرێت كە بەشی دوو گەڕەكیش ناكات”.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر لەبارەی هۆكاری ئەم قەیرانەوە بە راگەیاندنەکانی راگەیاندووە “كێشەكە بەهۆی دوو كۆمپانیایە، پێشتر كۆمپانیای گۆڵدن جاگوار لەگەڵ داناغاز گرێبەستی كردبوو بۆ دابەشكردنی غاز لە كوردستان، گرێبەستەكەش لە 1/1/2020 كۆتایی هات، بەڵام وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان گرێبەستەكەی بۆ ماوەی مانگێك درێژ كردەوە تاوەكو لەو ماوەیەدا كارەكانی رادەستی كۆمپانیای سۆرگاز بكات، كۆمپانیا نوێیەكەش رێكارەكانی تەواو كرد و هیچ كێشەیەكی نەبوو”.
نەبەز عەبدولحەمید گوتیشی “دوای ئەو وادەیە حكومەت گرێبەستەكەی لەگەڵ كۆمپانیای گۆڵدن جاگوار هەڵوەشاندەوە، كۆمپانیا نوێیەكەش لە رۆژی 1/2/2020 دەستبەكار بوو، بەڵام لەگەڵ دەستبەكاربوونی و لە ئێوارەی هەمان رۆژ هێزێكی چەكدار لە نزیك كێڵگەی كۆرمۆر لە چەمچەماڵ رێگەیان لە تانكەرەكانیان گرت، خاوەنی كۆمپانیاكە رفێنرا و رێگەیان نەدا غازەكە بهێنێت بۆ هەولێر”.
بەگوتەی قایمقامی هەولێر، كۆمپانیای گۆڵدن جاگوار رێگرن لە دابەشكردنی غاز و گوتی: “كۆمپانیای پێشوو كە پاڵپشتی سەربازیشیان هەیە، رێگرن لەوەی غاز دابەش بكرێت، بۆیە پارێزگاری هەولێر یادداشتێكی ئاراستەی سەرۆكایەتی حكومەت كردووە كە پێویستە بێتە ناو كێشەكەوە و بە خێرایی چارەسەری بكات”.
سۆران کەمال، بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی کۆمپانیاکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، ئەوان لەساڵی 2019 گرێبەستیان هەبوو لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و بەبێ کێشە غازیان بۆ هەموو کوردستان دابینکردوە.
بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە گوتیشی، بەڵام کۆمپانیای تازە بەهۆی ئەوەی ئامێری و کەرەستەی پێویستی نەبووە و نەیتوانیوە لەسەرەتای ساڵەوە دەستبەکاربێت بۆیە داوا لەوانکردوە مانگی یەکیش بەردەوام بن و ئەوانیش مانگی یەک بەردەوامبوونە لەسەر کارەکەیان.
حكومەت: ناتوانن هیچ گەرەنتییەك بدەین
كەی كێشەكە چارەسەر دەكرێ
سۆران کەمال ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان هیچ چەکدارێکیان نیە هەتا بینێرنە سەر کۆمپانیاکەی تر کە تەندرەکەی بۆ دەرچووە، بۆیە ئەوان لە کۆتای مانگی یەکەوە سەرجەم کەرەستە و ئامێرەکانی خۆیان گواستۆتەوە و ئێستا دابینکردنی غاز پەیوەندی بە ئەوانەوە نیە.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای گۆڵدن جاگوار دەشڵێت، کۆمپانیای تازە تەندەرەکەی بە نرخێکی گران لێداوە بۆیە بۆی دەرچووە بۆیە ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی نرخی غازی ماڵان گرانبیت لە سەر هاوڵاتیان.
بەرپرسانی حكومەت دەڵێن، ناتوانن هیچ گەرەنتییەك بدەن كەی كێشەكە چارەسەر دەكرێ. بەختیار پشدەری، بەڕێوەبەری كارگەی غازی هەولێر بە (رووداو)ی راگەیاند “ئێستا بەهۆی كێبڕكێی نێوان كۆمپانیای پێشووتر و كۆمپانیا تازەكە غاز دابەش ناكرێ، بۆیە من هیچ گەرەنتییەك نادەم بۆ دابەشكردنی غاز، هەركاتێك غازەكە گەیشتە دەستمان راستەوخۆ لەڕێگەی بریكارەكانەوە دابەشی دەكەین”.
عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی لێژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان و پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی كوردستان رۆژی شەممەی رابردوو لە بەیاننامەیەكدا موژدەی نەمانی قەیرانی غازی راگەیاند، بەڵام رۆژی دواتر بەیاننامەیەكی دیكەی دەركرد و رایگەیاند “ئەوەی جێگای سەرنجە، ئیدارەی گشتیی یەكێتی خۆی رێككەوتووە لەگەڵ ئەم كۆمپانیایە بەڕێژەی 40%، لەگەڵ ئەم كۆمپانیایە شەریكە كە تەندەری بۆ دەرچووە، كەواتە بۆ ناهێڵێت غاز بگاتە ماڵان؟”.
بەگوێرەی ئەو وەڵامە توند و زبرەی كە سایتی (میللەت پرێس)ی نزیك لە لاهوور شێخ جەنگی لەزاری سەرچاوەیەكی نزیك لە یەكێتی نیشتمانیی كوردستانەوە ئێوارەی رۆژی یەكشەممە بڵاوی كردەوە، لە پشت ئەم دوو كۆمپانیایەوە دەستی حیزب و ململانێی حیزبی و شەڕی نەوت و غازی هەردوو زۆنی زەرد و سەوز بە ئاشكرا دیارە.
بەیاننامەكە، گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە “گوتەبێژی حكومەتی پارتی” ناودەبات و دەڵێت “چیتر ناتوانن وەك چۆن مافیائاسا نەوتەكەی كوردستان دەدزن، غازەكەش بدزن”.
بە گوێرەی زانیارییەکان، لە شەوی رابردووەوە لیوای نەوت و غاز ڕۆشتون بۆ کێڵگەی کۆرمۆر بۆ پاسەوانی و بارکردنی غاز دەکەن و ئێستا غاز باردەکرێت، ئەو ھێزە ئەمنیەش کە پێشتر ڕێگربوو بەردەوام ھەڕەشە دەکات و پێدەچێت ئەم کێشەیە بەردەوامی هەبێت.