ئارام ئەحمەد: ئەو هێزە دەرەکی وناوەکیانە کامانەن دژی سەربەخۆین ؟ بۆ ؟

0

Aramئەو هێزە دەرەکی وناوەکیانە کامانەن دژی سەربەخۆین؟ بۆ؟

ئارام ئەحمەد

بۆچی زۆربەی وڵاتانی عەرەب، دەوڵەتە دراوسێکان ئەوەندە دژی سەربەخۆی و دەوڵەتی کوردستانین؟ بۆچی هەموو نەتەوەکان خاوەنی کیانی خۆیانن، کوردنەبێت وئەمانیش بە هیچ جۆرێک ئەمە قبوڵ ناکەن؟  دیارە خۆ ئەوخاڵەی کە عەرەب+ ئێران لێی تۆقیوە، دەوڵەتی کوردییە، ئەمەش لە ڕوانگەی تێڕوانین و ئەقڵی ئەوانەوە دەگەڕێتەوە بۆ بوونی ئیسرائیل، جیهانی عەرەب پێی وایە لە مێژوو دابڕاوە، کەبە بۆنەی بلاوکردنەوەی دین ی ئیسلامیەوەو لە پشتیەوە ئەقڵیەتی قەومچێتی، تا دورەدەسترین جێگا ڕۆیشتبوو.

وایدەبینن ئەوروپا بەتایبەت ئینگلیزەکان دەستیان هەبووە، لەپارچە پارچەکردنی  دنیای عەرەب، لێرەوەیە جوڵانەوەی قەومی عەرەبی لە مێژە هەموو شتێکی دەرەوەی خۆیان تەعریب دەکەن و دەیکەنە موڵکی خۆیان، پێیان وایە ئەوان تاقە نەتەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن و خەون بە گەڕانەوەی مێژویەکەوە دەبینن، کە  دۆڕاندویانە، بەشێک لەم دۆرانەو سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەیە بە بوونی ئیسرائیلەوە گرێیان داوەو پێیان وایە، ئیسرائیل ڕێگری یەکەمەو ئەگەریش دەوڵەتێکی کوردی دابمەزرێت، ئەوا دوو ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا خەتەریەکە لەسەریان زیاترو زیاتر دەکات.

ئەمان پێیان وایە، دروستبونی دەوڵەتی کوردی، قوت بونەوەی ئیسرائیلێکی ترە لە ناوچەکەداو ئەمە بە زەرەری خۆیان دەزانن، ئەمە لە کاتێکدایە زۆربەیان پیاوی ئیسرائیلن و ئەوەی ئیسرائیل نەیەوێت بە ئاسانی ناتوانن بیکەن.

پرسیار ئەوەیە،  ئایە دنیای عەرەب، بۆچی ئەوەندە درۆزنانە دژی ئیسرائیلە؟

ئایە لەم دژایەتییەدا لەسەر هەقە؟

بە بۆچونی من جگە لە بەیەکدادانی دوو دین، واتە شەڕێکی فاشیانەی دینی + قەومچێتی ، مێژویی  هیچی تر نییە، ئەگەر ئەمانە ئەوەندە بەڕاستیانە، بۆچی گەلی ئیسرائیل لە لوتکەدایە لە ئاستی دنیاداو لە داهێنانە ئەدەبی و هونەری وبواری ئابوری و زانستیەکانیشدا، ئەوان لە پێشی پێشەوەن و دنیای عەرەب غەرقی زبڵ وخاشاک و جەهل بووە؟

بۆچی ئەمانە ناتوانن سەرکەوتو بن، بەرامبەر گەلی ئیسرائیل، لەکاتێکدا خاوەنی دەیان دەوڵەتن؟، دەیان ساڵە کێشەی فەلەستین هەیە، کە ئەوە سەلماوە عەرەب زەوی ئیسرائیلی داگیرکردوە، وەک چۆن کەرکوکیان داگیرکردوە، لەم ڕوەوە لەسەر هەق نین، بەڵام کەس لە ڕۆژهەلاتی ناویندا، ناوێرێت لەبەر ڕەنجاندنی دڵی دنیای عەرەب و ئیحساسە دینییەکە، ئەم ڕاستیانە بڵێت، لەسەرو ئەمەیشەوە بۆچی دنیای عەرەب جگە لە درۆکردن، هیچی بۆ کێشەی فەلەستین نەکردو ناکات و زیاتر بۆ قازانجی خۆیان بەکاری دەهێنن؟

هونەری ئەمە لە چیدایە، عەرەب + ئێران باوەڕیان وایە، دروستبونی دەوڵەتی کوردی، واتای قوتبونەوەی ئیسرائیلێکی ترە، لە ناوچەکەدا؟، بۆ مەگەر بوونی ئیسرائیل خەتەریەکەی چییە؟ کەلە مەیدانی داهێنانداو لەهەموو بوارەکاندا  عەرەب پێی ناگات، یەکەم دەو ڵەتی دیموکراسیە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا، یەکەم دەوڵەتە کە نرخی ئینسان دەزانێت و مافەکانی مرۆڤی پاراستوە، لە بارەی هەیمەنەی سیاسییەوە، بەسەر دنیادا سایەو سێبەری هەیە و ئەمریکا وەک گەورەترین دەوڵەت، لە ئاستی دنیادا مەجلیسەکەی سێ بەشی ئەوانن، لەمەیدانی داهێنانی زانستی توبی و بەشەکانی تریشدا، زۆربەی داهێنارەکان ئیسرائیلین.

 

پرسیارێکی تریش ئەوەیە ئایە بێدەنگی تورکیا، بەرامبەر بەم بانگەشانەی سەربەخۆیی کوردستان، تەنها لەبەر نەوت وبەرژەوەندی هاوبەشە لەگەڵ هەرێم، یان پەیوەندی بە ڕێکەوتن وقازانجی هەردو حکومەتی “ئیسرائیل +  تورکیاوە هەیە؟ من وایدەبینم ئەولەویەت بۆ ڕێکەوتنی ئیسرائیل تورکیاو بەرژەوەندیەکانیانە، دوای ئەوە، مەسەلەی نەوت دێتە ئارا، کە ڕۆڵی تەواو بەرچاوی هەیە، ئاخر ڕێکەوتنی سیاسی دوو دەوڵەت لەسەر قازانجی هاوبەشە.

مادام ئەوانە رازی نابن، با بپرسین، ئەم ڕازی نە بونە”کاتی”یە، یان بۆهەتا هەتاییە؟ دیارە هەموومان دەزانین، قەناعەتێکی گشتییەو هەتا عەرەب مابێت، ئەگەر بە خواهیشتی ئەوان بێت، هەرگیز نابێت  کورد ببێتە خاوەنی دەوڵەتی خۆی، کەواتە نابێت کورد چاوەڕوانی رازی بوونی ئەوان بکات و پێی وابێت، بە ڕەخساندنی زەمینەی گفتوگۆو لەیەک تێگەیشتن و دۆزینەوەی کۆمەڵێ میکانیزمی هاوبەش، دەستی بە ڕازی بوون وباوەڕی دنیای عەرەب دەگات؟، دیارە من ناڵێم ئەم ڕێگایانە نەگرێتە بەر، چونکە لە کۆتاییدا تەنها ئەوانە باشترین ڕێگان، نەک شەڕو ئاشوب، بەڵام لەگەڵ دۆزینەوەی ئەو میکانیزمانەیشدا، نابێت بترسێت و دەبێت هەوڵی خۆی بدات.

لەو سەربەندەدا ئەوەی کە بەلامەوە سەیرە، کوردەکان خۆیانن، وەک دەبینین وەک چۆن دنیای عەرەب و ئێران دژی، دەوڵەتی کوردیی وسەربەخۆین، حیزبە وابەستەکانی ئێران وەک”پارتی کرێکاران، یەکێتی، پەیەدە” دژی ڕیفراندۆم وسەربەخۆین، بە بیانوی”کاتی”نییە، ئیتر ناڵێن ئەمە بە قازناجی گروپەکانی خۆمان نییە، ئەو سیانە لەبەر ئەوەی هاوجوتی سیاسەتەکانی ئێران وبەشار ئەسەدن، بەهەموو جۆرێک دژن، بەڵام ئەم دژ بوونە تەنها لەبەرخاتری ئێران و سوریاو دژایەتی تورکیا نییە، بەڵکو بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ ئەقڵیەتی” حیزب سالاری”، ئەگەر دیقەت بدەن پارتی و بنەماڵەی بارزانی، کە باسی ڕیفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆیی دەکەن،دەیانەوێت کە دامەزرا بیکەنە موڵکی خۆیان  و مۆرکی حیزبیانەو بنەماڵەییانەی خۆیان لێبدەن، حیزبەکانی تر هەمان دنیا بینی “حیزب سالاری”ان هەیەو دەیانەوێت خۆیان ببنە خاوەنی ئەم مێژوە، کە ناوی دروستکردنی دەوڵەت و نەتەوەیە.

لە کاتێکدا ئەمە جۆری بیرکردنەوەیەو زاڵبونی ئەم دیدگایە بەسەر زەین و بیرکردنەوەی کورددا،هەمان ئەقڵیەتی زاڵی  داگیرکەرانەو تەنها ئەمانە دەیجونەوە لەبەر قازانجی  حیزبی و دەسەڵاتی کۆمەڵێ دەم وچاو بەرژەوەندی تایبەت، لەکاتێکدا بۆ ئینسانێک +  حیزبێک + بیرکردنەوەیەک، ئەگەر دروست بیربکاتەوە، ئەم دنیا بینییە نییە، ئەسڵ ئەوەیە گەلی کورد گەلێکە، لەسەر نیشتیمانی خۆی ناهێڵن دانیشێت،  نایانەوێت ئەم گەلە خۆیان خۆیان بەڕێوە بەرن، نایانەوێت زوڵمی  قەومی لەسەر ئەم نەتەوەیە لابچێت و دەیانەوێت لە ناوچەکەدا، لەسەر زەوی خۆیان غەریبە بن و هەمیشە دەرەجە دووبن، کەواتە ئەسڵ ئەوەیە، هەموومان ئەو باوەڕەمان لا دروست بێت، باشترین چارەسەری هەتا هەتایی”سەربەخۆییە” جا خوای دەکرد، بسمارکی ئەڵمانی دەهات ودروستی دەکرد، ئاخر کوردستان موڵکی هیچ حیزب و بنەماڵەیەک نییە، ڕۆژێ لە ڕۆژان ئەوان دەڕۆن و نیشتیمان وگەلەکەمان وەک خۆی دەمێننەوە، گەلی ئەڵمـان کە نەتەوەو دەوڵەتیان دروستکرد، بۆ ئەوەنەبو هیتلەر بێت، بەڵام هاتیش، ئێران بۆ ئەوە نەبو” شا” یان “خومەینی” بێت، لیبیا بۆ هاتنی قەزافی نەبوو، عێراق بۆ هاتنی سەدام نەبوو، بەڵام هاتیشن، ناکرێت لەبەر ئەوەی بنەماڵەی بارزانی باسی سەربەخۆیی  دەکەن، ئیتر ئێمە بکەوینە دژایەتی دروستبونی، یان هەر حیزبێکی تر ئەم شیعارە هەڵبگرێت و ئێمە دژی بین، لەبەر ئەوەی لە بناغەوە دژی حیزبەکەین، ئەم ڕق لێبونەوەیە چاوانمان کوێر وبیرکردنەوەمان کۆڵەوار بکات و هەلەمێژوییەکان و ئایندەی نەتەوەکەمان بکەینە قوربانی ئەم ڕق لێبونەوەیە.

ئەوەی ئەسڵە کارکردنە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، یەک گوتارییە بەرەو پراکتیزەکردن و خولقاندنێکی بوون بە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ، دوای ئەوە لەناو خۆی ولاتدا، وەک ئەم دنیا زیندوە، کێشمەکێشەکان هەروا دەمێننەوەوئاڵوگۆڕ ڕودەدات بۆ دامەزراندنی دنیایەکی باشتر.

 

07-07-2014

 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com