كۆسرەت رەسوڵ لەگەڵ سەرۆكی هەرێم هاوڕایە

0

10432492_604537452994531_453155823170489907_nكۆسرەت رەسوڵ لەگەڵ سەرۆكی هەرێم هاوڕایە

نوچەنێت: هەولێر

لە روونكردنەوەیەكدا، لێپرسراوی نوسینگەی راگەیاندنی كۆسرەت رەسوڵ جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند، چەند دەزگایەكی راگەیاند، لێدوانێكی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان ئاوەژوو كردۆتەوە و ویستویانە چاو بەستێك لە خەڵكی كوردستان بكەن، كە گوایە كۆسرەت رەسوڵ لەگەڵ دامەزاندنی دەوڵەتی كوردی نیە.
هەروەها لە روونكردوەكەدا هاتووە “بەڵێ‌، هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ هەموو لایەنەكانی ناوخۆیی و سیاسەتی هەرێمی و نێودەوڵەتی لێكداوەتەوەو كۆمەڵێك فاكتەر بەپێویست دەزانێت بۆ راگەیاندنی ئەو دەوڵەتە سەربەخۆیە كوردییە، بۆیە دەڵێت پێویستە كورد یەك دەنگ و یەك هەڵوێست و یەك بڕیار بێت لەو هەنگاوە چارەنووسسازەدا، وەكو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش خۆی بە خاوەنی بیری سەربەخۆیی و دروستبوونی دەوڵەتی كوردی دەزانێت و لەو هەنگاوەشدا یەكدەنگ و هاوڕایە لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ راپرسی و بڕیاری بە كۆمەڵی چارەنووسسازی گەلی كوردستان”.
دەقی رونكردنەوەكە

روونكردنەوەیەك لەلێپرسراوی نوسینگەی راگەیاندنی كۆسرەت رەسول عەلی

ئەمڕۆ 7/7/2014 چەند دەزگایەكی راگەیاندن لێكدانەوەیەكی شێوێندراو رەنگە بە مەبەستی سیاسیش بێت، لێدوانێكی هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان ئاوەژوو كردووەو شێواندووەو ویستوویانە چاوبەستنێك لە رای گشتی و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكەن، كە گوایە كۆسرەت رەسوڵ عەلی لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی نییە، بۆیە بەپێویستمانزانی ئەم روونكردنەوەیە بخەینە بەر دیدی رای گشتی و خەڵكی كوردستان:

1- ئەو حزبەی كە هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتییەكەیەتی، یەكەم حزبی سیاسیە لە كوردستان و بە درێژایی شۆڕشی رزگاریخوازی گەلەكەی كە دروشمی مافی چارەی خۆنووسینی هەڵگرتووەو بە كردەوەش كاری بۆ كردووە.

2- ئەگەر بەویژدانەوە خوێنەری كورد بەدوای لاپەڕەی رۆژنامەو گۆڤارەكاندا بگەڕێت، زیاد لە 15 ساڵە هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ عەلی بە راشكاوانە داوای دروستبوونی دەوڵەتی كوردی كردووەو ئێستا خەڵكانێك وەكو موزایەدەیەكی سیاسی بەخۆمانی دەفرۆشنەوە.

3- لەكاتێكدا هەندێك لایەن و كەس دەوڵەتی كوردی بە خەون ناودەبەن، كۆسرەت رەسوڵ عەلی لەهەمان چاوپێكەوتندا دەڵێت “ئەوە ئاواتی هەموو تاكێكی خەڵكی كوردستانەو هەموو شۆڕشەكانیش لەم پێناوەدا هەڵگیرساون.

4- بەڵێ هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ هەموو لایەنەكانی ناوخۆیی و سیاسەتی هەرێمی و نێودەوڵەتی لێكداوەتەوەو كۆمەڵێك فاكتەر بەپێویست دەزانێت بۆ راگەیاندنی ئەو دەوڵەتە سەربەخۆیە كوردییە، بۆیە دەڵێت پێویستە كورد یەك دەنگ و یەك هەڵوێست و یەك بڕیار بێت لەو هەنگاوە چارەنووسسازەدا، وەكو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش خۆی بە خاوەنی بیری سەربەخۆیی و دروستبوونی دەوڵەتی كوردی دەزانێت و لەو هەنگاوەشدا یەكدەنگ و هاوڕایە لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ راپرسی و بڕیاری بە كۆمەڵی چارەنووسسازی گەلی كوردستان.

5- ئێمە لە لێكدانەوەی چەواشەكارانەی هەندێك لە میدیاكان بۆ وتەكانی هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ تێدەگەین و بە بەرپرسیان دەزانین و مەرام و نیەتی سیاسییانەش لەبەرچاو دەگرین، كە بۆ ئەو مەبەستە لەئارادان.

كۆسرەت رەسوڵ عەلی چۆن لە مێژووی پڕسەروەری خۆیدا پێشمەرگەیەكی گیانفیدای رێگای رزگاری كوردستان بووە، لەم هەنگاوەشدا هەمان ئەو پێشمەرگەیەیەو قوربانی زیاتری بۆ دەدات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com