شلێر سەعید
ئەمڕۆ( سێشەممە 28-1-2020) پۆلیسی سۆران ئەو کەسەی دەستگیر کرد، کە لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران دوو قاسە شکێندران و بڕی زیاتر لە هەشت ملیۆن دیناری عیراقی دزرابوو.
مقدەم شەمال دێواری، گوتەبێژی پۆلیسی سۆران، لەمبارەوە بە نوچەی ڕاگەیاند: لە برواری ۲۰۲۰/۱/۵ بە بوونی ڕووداوێکی دزی کردن لە بەشی ژمێریاری بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران، کە تیایدا دوو قاسە شکێندران و بڕی ( ٨٫۱۳٤٫۰۰۰ ) هەشت ملیۆن و سەد و سی و چوار هەزار دیناری عیراقی دزرابوو.
مقدەم شەمال دێواری گوتیشی، دوای هەوڵ و ماندوبوونێكی زۆر لەلایەن بەڕێوەبەر و ئەفسەر و كارمەندانی بەشی نەهێشتنی تاوانی سۆران، بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران، لەناو خودی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران، ئەنجوومەنی لێکۆڵینەوە پێکهاتبوو، كە زۆر هاوكار و هەماهەنگ بوون، توانرا گومان لێ كراوێك بەناوی ( ه ح ح ) پیشە پۆلیس لەبنكەی پۆلیسی فریاكەوتنی سۆران بدۆزنەوە، كە گومان هەبوو دەستی لەتاوانەكەدا هەبێ؛ دوای كۆ كردنەوەی زانیاری لەسەری و لێكۆلێنەوە كردن لەگەلی دواچار تۆمەتبار دانی نا بە تاوانەكە.
گوتەبێژی پۆلیس ئاشکراشی کرد، کە ئێستا تۆمەتبار بە پێی مادەی ٤٤٤-ی یاسای سزادان دەستگیرکراوە لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی سۆران.