نوچە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوە و دانانی ئاڵای کوردستان لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ترەمپ ستایشی بۆ رۆڵی پێشمەرگە لە شەڕی داعش هەبووە و دانانی ئاڵای کوردستانیش تەنیا بۆ کوردی عێراق نەبوو بۆ هەموو کورد بوو.
ئەمڕۆ هەینی (24-01-2020) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەبارەی سەردانەکەی بۆ داڤۆس، لەبارەی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق رایگەیاند: هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکان لە عێراق روونە، ئێمە پێمانوایە ئەو هێزانە لەسەر داوای عێراق هاتوون بۆ یارمەتیدانی عێراق لە ساڵی 2014وە هاتوون، پێشمانوایە و هەتا ئێستاش وا دەبینین کە مانەوەیان لە عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش پێویستە”.

دەقی پرسیار و وەڵامەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
١- هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لەسەر خۆپیشاندانەکانی عێراق بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق؟
هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکان لە عێراق روونە، ئێمە پێمانوایە ئەو هێزانە لەسەر داوای عێراق هاتوون بۆ یارمەتیدانی عێراق لە ساڵی 2014ـەوە هاتوون، پێشمانوایە و هەتا ئێستاش وا دەبینین کە مانەوەیان لە عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش پێویستە، چونکە تاوەکو ئێستا داعش مەترسییەکی گەورەیە، نەک بۆ کوردستان بەڵکو بۆ هەموو عێراق. لەبەرئەوە ئێمە پێمانوایە دەبێت بمێننەوە تاوەکو ئەوکاتەی هەموو لایەکمان بە قەناعەتەوە دەتوانین بڵێین داعش تەواو بووە.ئاستی دیلپۆماسییەتی کورد لە کوێدایە بە تایبەت دوای ئەو دیدار و کۆبوونەوانەی لەگەڵ سەرۆک و سەکردەکانی جیهان لە ماوەی چوار رۆژی رابردوو ئەنجامتانداوە؟
بێگومان ئێمە بە فەرمی لەلایەن کۆڕبەندی ئابووری جیهان لە دڤۆس داوەت کراوین کە ئەمساڵ 50ـیەمین گەڕی کۆنفرانسەکە بوو لە شارۆچکەی داڤۆس، ئێمەش لەو چوارچێوەیە بەشداریمان کردووە.
بۆ ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان دەرفەتێکە کە بەشداردەبین لەو شوێنانە، روئیای خۆمان لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان و ئەو پێشهاتانەی ئەمڕۆ لە عێراقدا هەن بە شێوەیەکی گشتی، لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی گەورەی دیکە کە بەشداردەبن لەو کۆڕبەندەدا باس بکەین، چونکە خۆتان دەزانن پرسی عێراق ئەو پێشهاتانەی لە ناوچەکە ئێستا بە شێوەیەکی گشتی هەیە، ئەمڕۆ جێی بایەخی هەموو ئەو وڵاتانەیە. هەر لەم چوارچێوەیەشدا ئێمە لەگەڵ گەورە بەرپرسانی وڵاتانی دەرەوە، سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرۆک ترەمپ و کۆمەڵێک لە سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی وڵاتانی دیکە و کۆمپانیاکان کۆبووینەوە، کە تێیدا باسی دۆخی عێراق و روئیای هەرێمی کوردستانمان لەسەر ئەو پێشهاتانەی ئەمڕۆ لە عێراق و ناوچەکەدا هەیە گەیاندمانە هەموو لایەک.
من دەتوانم بڵێم ئاستی دیپلۆماسی و کاری هەرێمی کوردستان باشە، هەرێمی کوردستان وەکو پێگەی خۆی لە چوارچێوەی عێراقدا و بەپێی دەستووری عێراق جێی رێز و بایەخی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە.
٢_ کۆبوونەوەی بەڕێزتان لەگەڵ سەرۆک ترەمپ، هەردوولاتان هاوڕابوون لەسەر چارەسەرکردنی کێشە ئاڵۆزەکانی ئێستای عێراق؟ لە پرسی رووبەڕوونەوەی داعش و هاوکاریکردنی پێشمەرگە هیچ قسەو باس و گفتوگۆتان هەبوو؟
کۆبوونەوەی ئێمە لەگەڵ سەرۆک ترەمپ هەر لە چوارچێوەی کۆڕبەندی داڤۆس کرا، بەڵێ لەم کۆبوونەوەیەدا ئێمە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقمان لەگەڵ سەرۆک ترەمپ باسکردووە، ئەو رێز و پێزانینێکی زۆری هەبوو بۆ رۆڵی پێشمەرگە و رۆڵێ هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی لە ناوچەکە، هەم بۆ پاراستنی پێکهاتەکانی ناوچەکە و هەم رێز و پێزانینی هەبوو بۆ هەرێمی کوردستان کە بووەتە پەناگەیەک بۆ خەڵکی دیکە و شوێنێکی ئارامە، رێز و پێزانینی هەبوو بۆ رۆڵی هێزەکانی پێشمەرگە لە رووبەڕوونەوەی شەڕی داعشدا.
سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشە ئاڵۆزەکانی ئێستای عێراق، ئێمە بە راشکاوانە هەڵوێستی خۆمان راگەیاندووە، پێشتریش گوتوومانە و ئێستاش دەیڵێین. ئێمە پێمانوایە هەبوونی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ هەموو عێراق پێویستە، ئێمە بە ئاشکرا رامانگەیاندووە و گوتوومانە و لەگەڵ ترەمپیش باسمان کردووە.
٣_ دانانی ئاڵای کوردستان و ناساندنی بەڕێزتان لەلایەن سەرۆک ترەمپەوە بە سەرۆکی کوردستان تاوەکو چەند گرنگ و مێژوویی بوو؟
من پێموایە سەرۆکی ئەمریکا و وڵاتی ئەمریکا پێگەی هەرێمی کوردستان دەزانن، دەزانن هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستوورییە لەناو عێراقدا، بە دڵنیاییەوە بۆ هەر کوردێک دانانی ئاڵای کوردستان شتێکە کە جێگەی خۆشحاڵییەوە بۆ هەموو لایەک، لەگەڵ ئەوەش بەپێی دەستووری عێراق ئەمە رێپێدراوە، بەڵام ئەمجارە لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا ئاڵای کوردستان دانرا، من پێموایە جێی خۆشحاڵییە بۆ هەموو کوردێک لە هەر شوێنێک بێت، پەیامەکەش تەنها بۆ کوردی عێراق نەبووە، بە تێڕوانینی من بۆ هەموو کوردێک بووە کە خۆشحاڵ بن بەوەی ئەمە کراوە. ئەم رێزلێنانە رێزلێنان نییە بۆ کەسێک، بەڵکو رێزلێنانە بۆ خەبات و قوربانیدانی میللەتێک و خوێنی شەهیدانی میللەتێک کە لە مێژوودا ماندووبوون و خەباتیان کردووە و زەحمەتیان کێشاوە. من پێموایە ئەو ئاڵایە رەنگدانەوەی هەموو ئەو مێژووەی میللەتی ئێمەیە کە ئەمڕۆ دانراوە کە بۆ کەسێک نەبووە، بۆ هەموو میللەتی کوردبووە و منیش پیرۆزبایی لە هەموو گەلی کوردستان دەکەم لە هەر کوردێک لە هەر شوێنێک.