بەرەی توركمانی هەڵوێستی فەرمی خۆی، دەربارەی ریفراندۆم لە ناوچە كێشە لەسەرەكان راگەیاند

0

303881_241264775921576_1206531044_nبەرەی توركمانی هەڵوێستی فەرمی خۆی، دەربارەی ریفراندۆم لە ناوچە كێشە لەسەرەكان راگەیاند

نوچەنێت: هەولێر

نوێنەری بەرەی توركمانی لە هەولێر، هەڵوێستی فەرمی خۆیانی لە بارەی پرسی ریفراندۆم لە كەركووك و ناوچە كێشە لەسەرەكان خستەڕوو، نیگەرانی لەوەیش دەربڕی، كە لە كاتی ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە، پرسیان پێنەكراوە.
ئایدن مەعروف نوێنەری بەرەی توركمانی لە هەولێر، كە هاوكات ئەندامی پەرلەمانی كوردستانیشە، لە لێدوانێكدا بۆ نوچەنێت، هەڵوێستی فەرمی بەرەی توركمانی دەربارەی پرسی ریفراندۆم لە پارێزگای كەركووك و ناوچە كێشە لەسەرەكان خستەڕوو، ئایدن وتی “ئێمە وەك پێكهاتەی توركمان هیچ كێشەیەكی وەهامان لەگەڵ برا كوردەكانمان نیە و پێمانوایە دەبێت پێكەوە بە هاوبەشی كار بكەین، بە تایبەت لەو بارودۆخەی كە لە عێراقدا درووست بووە”.
ئەو نوێنەرەی بەرەی توركمانی ئاشكرای كرد، كە توركمان متمانەیان بە هیچ كام لە لایەنە دەسەڵاتدارەكانی ئەو ناوچەیە نەماوە، چونكە وەك ئەو وتی “ئەو لایەنانەی كە لەو ناوچانە هاتوونەتە سەر حوكم، نەیانتوانیوە بەشێوەیەكی دیموكراسی ئیدارەی ناوچەكە بدەن، دەبێت دەسەڵاتی كوردی هەوڵبدات متمانە بۆ توركمان بگێڕێتەوە و بەرژەوەندییەكانیان بپارێزێت و رازیان بكات، بۆیە دەبێت لە پاشە رۆژدا بەشێوەیەكی عاقڵانە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆسییەدا بكات”.
دەربارەی پرسی ریفراندۆم و یەكلاكردنەوەی چارەنووسی ناوچە كێشە لەسەرەكانیش وتی “ئێمە پێشتریش هیچ ئیعترازێكمان نەبووە لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم و پشتگیریشی دەكەین، بەڵام دەبێت ریفراندۆم لە كاتێكدا ئەنجام بدرێت، كە دۆخی ئەو ناوچەیە ئاسایی بكرێتەوە، بەڵام ئێستا لەو ناوچانەی كە دەكەونە ناو ماددەی سەد و چلەوە، حاڵەتێكی ئیستیسنائی هەیە و ناوچەكە لە شەڕدایە، بۆیە پێویستە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، ئەو دۆخە ئارام بكرێتەوە و ئاسایی بكرێتەوە و پاشان ریفراندۆم بكرێت لەسەری، بەڵام ئێمە تەئكیدی دەكەینەوە، كە دەسەڵاتی كوردی یان هەر دەسەڵاتێكی تری سیاسی یان ئیداری، ئەگەر هەستێت بە ئەنجامدانی ریفراندۆم یان جوڵانەوەی هەر شتێكی تایبەت بەو پرسە لەو ناوچانە، دەبێت راوێژ بە توركمان بكات و لەگەڵ توركمان رێك بكەوێت”.
ئەو نوێنەرەی بەرەی توركمانی، ئەوەیشی ئاشكرا كرد، كە تا ئێستا هیچ راوێژێك بە توركمانەكان نەكراوە، وتیشی “لە چوونی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە، بیر لەوە نەكراوەتەوە كە توركمان پێكهاتەیەكی گرنگی ناوچەكەن و دەبێت راوێژیان لەگەڵ بكرێت، بەڵام هیچ پرسێك بە توركمان نەكراوە، چونكە بەر لە ریفراندۆم، دەبێت لایەنە ناوخۆییەكانی ئەو ناوچەیش رازی بكرێن، ئەگەر وا نەكرێت ئیدارەدانی ناوچەكە سەركەوتوو نابێت”، هەروەها وتی “ناوچەكە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، ئێمەیش ئامادەی هەموو گفتوگۆیەكین، لە كەركووك و ناوچە كێشە لەسەرەكانیش كورد دەسەڵاتدارە، بۆیە دەبێت كورد دەستپێشخەری گفتوگۆ بكات لەگەڵ توركمان و پێكهاتەكانی تریش”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com