دڵشاد عەبدولڕەحمان: لەسەردەمی کابینەی پێنج وەزارەتی پەروەردە خرایە ناو بازنەی رووبەرووبوونەوەی توندوتیژی خێزانی

0

نوچەنێت-تایبەت

لە کابینەی پێنجەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یاسای باری کەسی لە بەرژەوەندی خێزان بە گشتی و ئافرەتان بەتایبەتی هەموارکرایەوە.دەست بۆ هەندێ دیاردەی زۆر هەستیاری وەک، فرەژنی و میرات و شوشتنەوەی ناموس(غسل عار) برا. تا ئێستا دوای وڵاتی تونس، بە پێشکەوتووترین یاسای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت.

لەسەردەمی ئەم گۆڕانکارییانەو دوای هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی، زۆر لە وەزارەتەکان خرانە ناو بازنەی کاری رووبەرووبوونەوەی توندوتیژی خێزانی، وەزارەتی پەروەردە یەکێک لەو وەزارەتانە بوو، کە سەرنجی زۆری لەسەربوو بەو پێیەی کە کەمکردنەوەی توندوتیژی دەبێ لە بواری پەروەردەوە کاری لەسەربکرێت.

دڵشاد عەبدولڕەحمان، وەزیری پەروەردە لە کابینەی پێنجەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت” وەزارەتی پەروەردە ئەندام بوو لەو لیژنەی پێک ھێنرابوو بۆ وەزارەتەکان، ئەوکات من وەزیربوم لە کابینەی پێنجەمی حکومەت، چەند ڕێگایەک بۆ رووبەرووبوونەوەی توندوتیژی  گیرایە بەر، لەوانە ھەڵمەتی ١٥ ڕۆژ بۆ ھۆشیارکردنەوەی   ژنان و پیاوان  بۆ  نەھێشتنی توندوو تیژی، جیا لەوە ھەڵمەتی بەردەواممان ھەبوو لە ناوەندەکانی خوێندن”.

کارێکی تر کە لەوکاتەدا بە پێویست زانرا بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان، زیادکردنی ئەو قوتابخانانە بوو کە تێکەڵاون لە رووی رەگەزەوە” وەزارەتی ئێمە  کاری لەسەر تێکەڵ کردنی کوران و کچان کرد چونکە پێمان وابوو، تا ئەو دوو ڕەگەزە لەیەکترنزیک بن زیاتر ئاشنای یەکتر دەبن و بواری پێکەوە ژیان زیاتر دەبێ و توندوو تیژی کەمتر دەبێتەوە”.

دڵشاد عەبدولڕەحمان، هەر سەبارەت بە گرنگی تێکەڵاوی کچان و کوڕان لە قۆناغەکانی خوێندن گوتی”لە لێکۆڵینەوەی زانستی دەرکەوتووە، ئەو قوتابخانانەی تێکەڵن رێژەی توندوو تیژی تێدا کەمترە ، لە فەلسەفەی خوێندن ئەو گۆڕانکاریانەی تێیدا کرا ئەوە بوو کە توندوو تیژی بە گشتی نەمێنن لە قوتابخانەکان  جا چ فیزکی بێت یان دەرونی. بەمەش توندوو تیژییەکان بەرامبەر کچان کەم بویەوە ، جگە لەوانە بڵاوکردنەوەی چەمکی پێکەوە ژیان کە قونابیانی لەسەر گۆش دەکرا کە بێگومان ھەر کۆمەڵگایەک بەم شێوە پەروەدەبکرێت ئەوە توندوو تیژی کەم دەبێتەوە”.

لەبارەی ئەم پرسیارەی کە ئایا تا ئێستاش ئەو ھەڵمەتانە بەردەوامە وەزیری پەروەردە لە کابینەی پێنجەم دەڵێت” بەڵێ بەردەوامە بەڵام بەو قەبارەیە نییە کە لە و دوسێ ساڵی پێشو کرا”.

دڵشاد عەبدولڕەحمان، ھۆکاری بەردەوامی توندوو تیژییەکان و خۆکوشتن لە لایەن کچان و ژنان، بۆ” بۆ نەبوونی سزا و سوڵحی خێڵەکی” گەڕاندەوە و بەپێویستی دەزانێت” پێویستە ھەموو پێکەوە بەرەنگاری ئەو توندوو تیژیانە ببینەوە کە بەرامبەر بەژنان دەکرێت”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com