مەترسی لە سەر شارە كوردییەكانی خۆرئاوا روو لە زیاد بوونە

0

YPG-Qamisloمەترسی لە سەر شارە كوردییەكانی خۆرئاوا روو لە زیاد بوونە

نوچەنێت: تایبەت

داعش مەترسی بۆ سەر شارە كوردییەكانی خۆرئاوای كوردستان درووست دەكات و لایەنە كوردییەكانیش داوای پاڵپشتی كوردان دەكەن، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش، پێكەوەبوونی هەموو لایەنە سیاسییەكان و یەكڕییان دەكاتە پێشمەرجی هاوكارییەكانی، چونكە وەك وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێم راگەیاند، با كوردەكانی خۆرئاوا پێكەوە بن، بە گشت لایەك پشتیوانیان دەكەین.
بەهۆی ئەو چەك و تەمەنی و پارە زۆرەی كە رێكخراوی داعش لە شاری موسڵ و پارێزگە سوننیەكانی عێراق دەستیان كەوتوون، داعش مەترسییەكی گەورەی لەسەر شارەكانی خۆرئاوای كوردستان درووست كردوو و هێرشەكانی بۆ سەر ئەو شارانە چڕتر كردوونەتەوە، ئەمەیش وای لە لایەنە سیاسییەكان كردووە، كە دان بە مەترسی رەوشەكەدا بنێن و داوا لە هەموو كوردێك بكەن هاوكاریان بكەن، بۆ رەواندنەوەی مەترسییەكان.
هەوڵەكان بۆ بەرگری كردنی ناوچە كوردییەكان، لە ناوخۆی ئەو پارچەی كوردستاندا، گەیشتۆتە ئاستێك كە داوا لە خەڵك بكەن، ناوچەكانیان چۆڵ نەكەن، موسلیم محەمەد ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نیشتمانی كورد لەسوریا ENKS داوای لە هاوڵاتیانی هەرێمی كۆبانێ و هەموو گەنجانی پارتەكان كرد، كە گوندەكان چۆڵ نەكەن و ناوچەكانیان لە هێرشی داعش بپارێزن، موسلیم دەڵێت “ئێستا ئەو دۆخەیە كە لەسەر هەموو پارتەسیاسیەكان فەرزدەكات یەكگرتووبن و لەبەرامبەر چەتەكانی داعش ناوچەكانی خۆیان بپارێزن “.
موسلیم وتیشی “چەتەكانی داعش سەری منداڵان و رۆشنبیران و پیرەكان دەبڕن، نە رەمەزان دەناسن و نە رۆژوو دەاناسن، داعش گروپێكی توندرەوە و دەخوازێت كاولكاری دروست بكات، بۆیە دەبێت ئێمە هەموومان لەبەرامبەر بوەستین و كۆبانێ بپارێزین .”
لە لایەكی ترەوە، هاوسەرۆكایەتی دەستەی بەرێوەبەری كەجەكە دەربارەی راگەیاندنی هەڵمەتی سەرتاسەری حكومەتی كۆبانێ، رایگەیاند كە دەبێت هەرچوارپارچەی كوردستان وەڵامی هەڵمەتەكە بدەنەوە.
كەجەكە دەڵێت “لەسەرووی هەموویانەوە گەنجانی وڵاتپارێزی باكووری كوردستان، گەنجانی بەخۆدانڤانی باشوور، رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی كوردستان و هەموو گەلەكەمان وەڵامی بانگەوازیەكەی كۆبانێ بدەنەوە و وەك ئەركێك بیبینن و لەئاستێكی بەهێز ببنە وەڵام”.
كەجەكە دەربارەی هێرشەكانی داعش، كە ئەوان بە (چەتەكانی داعش) ناویان دەبەن، كە لە دووی تەمموزەوە لە دژی هەرێمی كوبانی دەستی پێكردووە دەڵێت “هەوڵدانی داعش وەك هێرشەكەی موسڵ كە لەدژی كۆبانێ دەستی پێكردووە و بەئامانجی لەناوبردنی رۆژئاوای كوردستان بەرێوەدەچێت، لەبنەمادا ستراتیجیەكی مەترسیدار و پیلانێكی چەپەڵە، ساڵوەگەری شۆرشی رۆژئاوای كوردستان لە 19ی تەمووزە نزیك دەبێتەوە و ئێمە دەبینین لەو كاتەدا هێرشی چەتەكانی داعش لەبەرامبەر رۆژئاوای كوردستان رووی لەزیادبوون كردووە”، هەروەها دەڵێت “گەلی رۆژئاوای كوردستان، یەكینەكانی پاراستنی گەل و یەكینەكانی پاراستنی ژن لەدژی هەموو جۆرە هێرشێكی داعش و هێزە پاڵپشتەكانی تێكۆشان و بەرخۆدان دەكەن، لێرە بەدواوەش بەهەمان قارەمانی رووبەرویان دەبنەوە”.
هاوسەرۆكایەتی كەجەكە، روو لە تێكڕای كورد دەكات و دەڵێت “دەبێت هەموو لایەك هەوڵوێستی خۆی نیشان بدات لەو كاتەدا كە هێرشی چەتەكانی داعش روویان لەزیادبوون كردووە، هەروەها لەكاتێكدا كە پاراستنی دەستكەوتەكانی كوردان زۆر گرنگە، هەر كوردێكی وڵاتپارێز بانگەشەی ئەوە دەكات كە لەدژی داعشە دەبێت هەڵوێستی هەبێت، بۆیە پێویستە هیچ رێكخستنێك و لایەنێك لەبەرامبەر ئەو هێرشانە بێ دەنگ نەبن، هەلومەرجی كوردبوون و وڵاتپارێزی تاكەرێگایە كە لەبەرامبەر گروپە چەتەكانی داعش بوەستینەوە، شانبەشانی پاراستنی هەبوونی گەلەكەمان و پاراستنی ئازادیدا جێگا بگرین، گەلەكەشمان لەبەرامبەر ئەوانەی هەڵوێستی خۆیان نیشان نادەن بەگومان هەڵسوكەوت دەكات و هەڵوێستی خۆشی نیشان دەدات، گەلی كورد باش دەزانێت كە ئەو كەسانەی پشتیوانی بەرخۆدانی پیرۆزی كۆبانێ ناكەن و دەبنە ئامرازێكی سیاسەتی لەناوبردنی دەستكەوتەكانی كوردان، ئەمانە كوردی وڵاتپارێزنین، هەر بۆیە پێویستە هەموو ئەو لایەنە و رێكخراوانەی دەڵێن، ئێمە لەدژی داعشین، پێویستە بەشداری بەرخۆدانی گەلی كۆبانێ ببن و پشتگیری بكەن، ئەمرۆ یارییەكی مەزن لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بەرێوەدەچێت . دەبێت گەلی كورد نەبنە ئامراز و هاوكاری هیچ پیلانگێریەك”.
هاوسەرۆكایەتی كەجەكە، پەیامێك ئاراستەی هێزە كوردییەكان دەكات و دەڵێت “پەیامێك بۆ هێزە كوردییەكان ئێمە وەك تەڤگەرێك كە دەستكەوتەكانی كوردان لەهەرشوێنێك لەژێر مەترسی دابێت، كورد لەلایەن كێ و لەكامە شوێن لەمەترسی دابن، ئێمە بۆ پاراستنی هەبوون و دەستكەوتەكانی كوردان ئامادەین، هەڵوێستی وڵاتپارێزی، شۆرشگێر، بەخۆدانڤان و راستیش ئەمەیە، بۆیە پێویستە تەواوی هێزە كوردستانییەكانیش بەشێوەیەكی بەرپرسیانە لەبەرامبەر ئەو رەوشە هەوڵوێستیان هەبێت، بانگەوازی بۆ گەنجانی كوردستان گەلی رۆژئاوای كوردستان و كۆبانێ تەنیا نیە . ئێمە ستایشی بەرخۆدانی پیرۆزی گەلی كۆبانێ دەكەین، دەستنیشانی دەكەین كە بەهەموو هێزی خۆمان پاڵپشتی ئەوانین . لەسەرووی هەموویانەوە پێویستە گەنجانی وڵاتپارێزی باكووری كوردستان ، گەنجانی بەخۆدانڤانی باشوور ، رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی كوردستان و هەموو گەلەكەمان وەڵامی بانگەوازیەكی كۆبانێ بدەنەوە و وەك ئەركێك بیبینن و لەئاستێكی بەهێز ببنە وەڵام”.
لە لایەكی ترەوە، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، لە رێی لێدوانی وتەبێژی فەرمی خۆیەوە، ئامادەیی هەموو لایەكی خستەڕوو، بۆ پشتیوانی لە كوردانی خۆرئاوا، بەڵام سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، پێشمەرجی یەكبوون و یەكڕیزی و پێكەوەبوونی تێكڕایی یەنە سیاسییەكانی خۆرئاوای كوردستانی دیاری كرد، بۆ پێشكەش كردنی پشتیوانییەكان، دكتۆر ئومێد سەباح، وتەبێژی فەرمی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانەكەیدا وتی “سەبارەت بە هەڕەشەكانی داعش و چەكدارە توندڕۆییەكان لەدژی خاك و خەڵكی ڕۆژئاوا و لێدوانەكانی موڕاد قەرەیلان ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پەكەكە لەمبارەیەوە، هەڵوێستی هەرێمی كوردستان هەر لەسەرەتاوە ڕوون و ئاشكرا بووە و جەختی لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان لەم بەشەی كوردستاندا كردووەتەوە. هەموو بستێكی خاكی كوردستان پیرۆزە و دەبێ لە هەڕەشەی دوژمن و نەیاران بپارێزرێت”.
وتەبێژەكەی سەرۆكایەتی هەرێم وتیشی “هەر لەسەرەتای قەیرانی سووریاوە هەرێمی كوردستان پشتگیریی مافە ڕەواكانی گەلی كوردی كردووە و بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی بەردەوامدا بوو بۆ یەكخستنی ڕیزەكانی لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەگەر و پێشهات و هەڕەشەیەك گەلی كورد پێویستیی بە یەكڕیزی هەیە. دیسانەوە دووپاتی دەكەینەوە با هەموو كوردەكانی ڕۆژئاوا پێكەوە بن بە گشت لایەك پشتگیرییان دەكەین. بە دڵنییاییەوە تەنیا لە یەكڕیزی و برایەتیدا كورد بەهێزتر دەبێت و سەردەكەوێت. ئێستایش بە خوشك و براكانمان لە ڕۆژئاوا ڕادەگەیێنین كە هەرچی پێویست بێ و لەدەستمان بێت ئامادەین لەپێناو پشتگیرییان بیكەین”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com