شوان قەڵادزێی بۆ نوچەنێت: سەرۆكی هەرێم وتی، ئێوە بڕیار بدەن منیش ئیمزای دەكەم

0

10294286_1446665522245733_57732471358185239_nشوان قەڵادزێی بۆ نوچەنێت: سەرۆكی هەرێم وتی، ئێوە بڕیار بدەن منیش ئیمزای دەكەم

نوچەنێت: تایبەت
دكتۆر شوان قەڵادزێی سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان، بە نوچەنێتی راگەیاند، داوای لە سەرۆكی هەرێم كردووە، كە لێبوردنی گشتی بۆ زیندانییەكانی هەرێمی كوردستان دەربكات، ئەویش لە وڵامدا وتویەتی “ئێوە بڕیار بدەن، منیش ئیمزای دەكەم”.
سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی، بۆ نوچەنێت زیاتر دوا و وتی “لە كۆبوونەوەی بەرێز سەرۆكی هەرێم لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان، واتە پێش چوونە ناو هۆڵی پەرلەمان، چەند سەرنجێكم خستە بەردەم بەرێزیان، داوام كرد كە لێبوردنێكی گشتی بۆ زیندانییەكان دەربكات، بە تایبەتی لە ئێستادا كە ئێمە پێویستیمان بە ئاشتەواییەكی كۆمەڵاییەتی پتەوتر هەیە و پێویستمان بەوە هەیە كە خەڵك دڵخۆش بكرێت، بۆ ئەوەی هەموومان لە پرۆژەی ریفراندۆمدا كە كاری بۆ دەكەین هەمووان بەشدار بن”.
دكتۆر شوان قەڵادزێی ئاماژەی بەوەدا، كە وەڵامەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ داواكەی ئەو دڵخۆشكەر بووە، چونكە وەك ئەو وتی “سەرۆكی هەرێم لە وەڵامدا پێوتووم كە ئەو راوێژكاری كاروباری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم دەنێرێتە پەرلەمان، تا كار لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمان و پەرلەمانتاراندا بكات و راوێژ و گفتوگۆ بكەن، هەتا وتیشی ئێوە بڕیار بدەن منیش ئیمزای دەكەم، ئەوەیش بۆخۆی دڵخۆشییەكی پێوە دیارە و حەقە حیساب لەسەر ئەو قسانە بكرێت”.
سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوە ئەوەیشی وت، كە سەرۆكی هەرێم وادەی ناردنی راوێژكارە یاساییەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی، بۆ پەرلەمانی كوردستان دیاری نەكردووە.

 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com