ئێران بە نیازە حیزبوڵڵاى عێراقیش دابمەزرێنێت
نووچەنێت-ئاژانسەکان
چەند سەرچاوەیەکى عێراقى دەڵێن ئێران سەرگەرمى درووستکردنى رێکخراوى حیزبوڵڵاى عێراقییە، لەسەر شێوازى حیزبوڵڵاى لوبنان.
بەگوێرەى ئەو سەرچاوانە، ئێرانییەکان هەستیان کردووە فتواى جیهاد لەلایەن سیستانییەوە هەل و مەرجێکى باشى گونجاندووە بۆ درووستکردنى میلیشیایەکى شیعەى هاوشێوەى حیزبوڵڵاى لوبنانى و بۆ ئەم مەبەستەش ئێران چەند کەسێکى لەبەرچاوگرتووە بۆ سەرۆکایەتى حیزبوڵڵاى عێراق، کە دیارترینیان هادى عامریى سەرۆکى رێکخراوى بەدرە کە هەمانکات وەزیرى گواستنەوەى عێراقە و بە کەسایەتییەکى نزیک لە سوپاى پاسدارانى ئێران ناسراوە.
ئێستا سوپاى پاسداران لەڕێگەى هاوپەیمانەکانییەوە لە سوریا و لوبنان بەشدارییەکى سەربازیى چالاکى هەیە و بەرپرسانى ئێرانى ئەو میلیشیایانەى سوریا و لوبنان بە رۆڵەى یەکەم و دووەمى سوپاى پاسداران دەناسن و دوێنێش لە ووتارى هەینى شارى هەمەداندا لیوا حسێن هەمەدانى مژدەى داوەتە ئامادەبووان کە بەم زووانە رۆڵەى سێیەمى سوپاى پاسداران لە عێراق لەدایک دەبێت، کە مەبەستى درووستکردنى حیزبوڵڵاى عێراقى بووە.