کورد دەبێ چیبکات؟

0

بەهرە حەمەڕەش

گرفتەکانی کورد و بەغدا لە بازنەیەکدا دەخولێنەوە

دوای ساڵی ٢٠٠٣ و کەوتنی ڕژێمی بەعس لە عێراق، کورد هەوڵیدا ببێتە بەشێک لە ئاوەدانکردنەوەی عیراق لە ژێر هەژموونی ئەمەریکا، ئامانجی کورد لەو قۆناغەدا و نزیکبوونەوە لە بەغدا، لە سەر دەنگدان بە دەستوورێکی هەمیشەیی بوو لە عێراق، کە گەرەنتی مافەکانی کوردی تێدا بکرێت. ئەوکاتە بەسەرکەوتوویی ئەم پرۆسەیە تێپەڕێندرا و ئەوەتا ئێستا گۆڕینی ئەم دەستوورە خواستی بەشێکە لە شوڤێنییەکانی عێراق.

ئەگەرچی تا ئێستا بڕگە و بابەتەکانی ئەم دەستوورە وەک خۆی جێبەجێنەکراوە، بەڵام دوای کەوتنی ڕژێم، هیوای دامەزراندنی عێراقێکی فیدراڵ و دیموکراتی، کە هەموو نەتەوە پێکهاتە و ئایینیەکان لە سایەیدا بحەسێنەوە زۆر بوو. چونکە شیعەکانی عێراق، وەکو کورد دووچاری زاڵم و چەوساندنەوەی ڕژێم ببونەوە.

هەندێ را هەن، کە پێیانوایە هەڵەی زەقی کورد ئەوەبوو، لە دامەزراندنەوەی عێراق ڕۆڵی سەرەکی هەبوو. هەولێر لایەنە عێراقییە ناکۆکەکانی بۆ ئەم مەبەستە کۆدەکردەوە و ڕێککەوتنیان ئەنجام دەدا. ئایا لایەنە عێراقییەکان ئەمەیان وەک نیازپاکی کورد بەرامبەر دامەزراندنی عێراقێکی ئاشتی و ئارامی وەرگرت؟ یان وەکو میللەتێکی ژێر دەستە، کە بواریان هەبوو دەیچەوسێننەوە.

پێویستبوو کورد ئەم پرسیارانەی لە خۆی بکردایە، کە ئایا عەقڵیەتی ئێستا بەڕێوەبردنی عێراق هەمان عەقڵیەتی پێشووە، کە کوردی ئەنفال و ڕەشەکوژ دەکرد؟ ئایا عێراقێکی بەهێز، مافەکانی کوردی تێدا پارێزراو دەبێت؟ لە بنەمادا سیستەمی حکوومەتێکى فیدراڵی یانیش دەسەڵاتێکی مەزهەبی دەبێت؟

ئاشکرایە، کە بەردەوام شەڕێکی شاراوە، هەندێجار ئاشکرا لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە. کورد نە بەشداری فیعلی حوکمڕانی و نە ئۆپۆزسیۆنی تەواوە؛ ئێستا، کە عێراق لە لاوازترین ئاستی خۆیدایە و شەڕی شیعە – شیعە روونە، کورد دیسان ڕۆڵی دامەزراندنەوەی عێراقێکی بەهێز وەردەگرێت، کە ئەمجارەش بوار بۆ دروستبوونی هەبێت؟ یانیش بەدوای خەونەکانی دەکەوێت، کە زیاتر لە سەدەیەکە خەباتی بۆ دەکات؟ 

ئایا خواستی کورد لەم بارەیەوە روونە؟ خۆی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتەکان و رووداوەکان ئامادەکردووە؟ ئەگەر کورد لە چوارچێوەی عێراق بمێنێتەوە، گەرەنتی چییە بۆ پاراستنی قەوارە و مافەکانی؟ بیری لەوە کردۆتەوە، کە چۆن دەرفەتەکان بەکاربێنێ. 

ئەوە روونە، کە مافی هیچ پێكهاتە و نەتەوەیەک، لە ژێر سایەی دەسەڵاتێکی مەزهەبی ئایینی پارێزراو نابێت. ئەمە وێڕای هەبوونی بیرکردنەوەیەکی شۆڤێنی و ئایینی توند دژ بە کورد. لە ئێستادا خیاراتەکانی بەردەم کورد چین. خاڵی زۆر گرنگ و کاریگەر ئەوەیە، کە کورد دەبێ لە ڕێکخستنەوەی گوتاری خۆیەوە دەستپێبکات. بە پەرتەوازەیی و راجیایی لە سەر حسابی مافە نەتەوەییەکان، ناتوانێ بگاتە هیچ مافێک و وەک هەمیشە دەبێت لە بازنەیەکدا بخولێتەوە. 

تا کورد ئەم کارە جددیە نەکات، زۆر سوود لە لاوازبوونی بەغدا، وەک سەنتراڵ وەرناگرێت. دەبێ بەشێوەیەکی پراکتیکی و تیۆری خۆی یەکلابکاتەوە، هیچ نەبێ لەم قۆناغەدا خۆی ساخ بکاتەوە، کە ئایا دەیەوێ بەشێک بێ لە عێراق یان دراوسێ بێ بۆ عێراق. چونکە لە سیاسەتدا گرتنی دار لە ناوەڕاستدا سودبەخش نییە. 

ئێستاش درەنگ نییە، کە کورد بە عەقڵانی و واقیعبینانە ڕەفتار لەگەڵ سیاسەتی دەڤەر و ناوچەکە بکات، چونکە رەوشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێشهاتەکان، لە گۆڕانکاری خێرادان. کەواتە دەبێ کورد لە ئامادەباشیدا بێت بۆ بەرگریکردن لە هەر رەوشێكی نالەبار.

 سەرکردایەتیی کوردی هەر چوارپارچە لەم قۆناغەدا ئەرکیان سەختە، دەرفەتێک هاتۆتە پێشەوە، کە سەدەیەکە چاوەڕێی دەکەین. داگیرکارەکانی کورد لەو پەڕی لاوازیدان و گرفتاری کێشە ناوخۆییەکانیانن. گرانی و برسێتی و شەڕوشۆڕ ئەم وڵاتانەی تەنیوەتەوە. لێرەدا ئەوەی رۆڵ دەبینێت کارامەیی و لێهاتوویی کورد خۆیەتی. هەر هەڵەیەک مێژوویەکی کوشندە تۆماردەکات و دوورنییە دووبارەبوونەوەی ئەم دەرفەتە، پێویستی بەسەدەیەکی تر لە چاوەڕوانی بێت.

ئەگەر کورد خۆی بە بەشێک لە عێراق نازانێت، دەبێت لە ئەمڕۆوە ئیش بۆ دامەزراندنی دەوڵەت لەروی تیۆری و پراکتیکییەوە بکات. دامودەزگاکانی بەهێزبکات و هێزە ئەمنییەکان و هێزی پێشمەرگە یەکبخات، ئەگەر نەیتوانی لە رووی سیاسییەوە خۆی وەک دەوڵەت ڕابگەیەنێت. دەتوانێ لە رووی پراکتیکی و ڕەفتار لەگەڵ دامودەزگا بکات؛ واتە حوکمڕانییەکی سستماتیک و دامودەزگایی پەیڕەو بکات. ئەمە خۆی لە خۆیدا دەبێتە جۆرێک لە دەوڵەتی ڕانەگەێندراو بێ ئەوەی ناوی لە سەر دابنرێت. دەبێت دەستی سیاسیی و بازرگانی چاوچنۆک لە دەسەڵاتە سیاسیی و ئابورییەکان ببڕدرێت و بوار بدرێتە کەسانی دڵسۆز، کە بتوانن دامودەزگاکان بخەنە سەرپێ. دەزگاکانی راگەیاندن لە زۆری و بۆری پوخت بکەنەوە و ڕێگە نەدرێت گوتاری راگەیاندن، دژی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان و لە قازانجی دوژمنان بێت. کەناڵەکانی پەروەردە رێکبخرێتەوە و کار لەسەر سستمی پەروەردە بکرێت و راهێنان و خول بۆ مامۆستایان بکرێتەوە. مینبەری مزگەوتەکان لە گوتاری توندڕەوی و تەعریبی ئایینی پاکبکرێتەوە. 

ئەمە بەر لە هەر شتێک بە دیالۆگ و یەکتر قبوڵکردن دەکرێت، کە زمان و مۆدیلی سەردەمە. پێویستە لایەنە سیاسییەکان هەست بە بەرپرسیارێتییە ئەسڵییەکەیان بکەن و بیریان بێتەوە، کە بۆچی دامەزراون. ئەرکی ئەوان لە ئێستادا ئاسان نییە دەبێت چاوپۆشی، لە ناکۆکییە ناوخۆییەکان بکەن و کار بۆ یەکخستنەوەی گوتارێکی یەکگرتوو و سودبەخش بکەن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com