چاودێرێکی سیاسی: ئەوەی لە ئێران روودەدات راپەڕینە

0

نوچەنێت-تایبەت

ئەگەرچی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکانی ڕاگەیاند، بەڵام ماوەی (٦) ڕۆژە خۆپیشاندانەکانی ئێران بەردەوامە.

ڕۆژی ١٦-١١-٢٠١٩، خۆپیشاندان زۆربەی شارەکانی ئێرانی گرتەوە، ئەمە دوای ڕاگەیاندنی بڕیاری گران کردنی بەنزین بوو بۆ سێ بەرابەر(هەزار-سێ هەزار تمەن) .

رەوشی خۆپیشاندانەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جیاوازە لە شارەکانی تری ئێران، حکوومەتی ئێران دەست لە کوشتن و ئەنجامدانی هەر جۆرە توندوتیژییەک لەم ناوچەیە ناپارێزێت، لە کۆی کوژرانی ١٥٠ کەس زیاتر لە ٥٥ کەس کوردن.

لە ڕۆژی دووەمی خۆپیشاندانەکان حکوومەتی ئێران بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش، هێڵەکانی ئینتەرنێتی پچڕاند و سانسۆری لەسەر هەموو ڕاگەیاندنەکان دانا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی دەستگەیشتن بە هەواڵەکان لە ناوخۆی ئێران سەختتر بێت، گەیشتنی هەواڵ و گۆڕانکارییەکان بە دەرەوەی ئێران پچڕپچڕە.

بەشێک لە چاودێرانی سیاسیی پێیانوایە، ئەوەی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ئێران دەگوزەرێت ڕاپەڕینە نەک خۆپیشاندان چونکە لە شاری مەریوان هێرشکراوەتە سەر چەند ناوەندێکی سەربازی ئێران و داگیرکراوە هەروەها لە شاری سنەو کرماشان هەمان کارکراوە، تا ئێستا گرژی و پێکدادانەکان بەردەوامن.

چاودێرێکی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە نەویست ناوی بڵاوبکرێتەوە دەڵێت” ئەوەی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگوزەرێت، ڕاپەڕێنە نەک خۆپیشاندان. داواکاری خەڵكی کوردستان جگە لە بواری ئابووری و خراپی گوزەرانی خەڵك، بۆ گۆڕینی دەسەڵات و مافەکانی کورد و داواکاری سیاسیی گۆڕاوە، بۆیە کەشێکی ئەمنی توند دروستکراوەو ڕەشبگیری دەستی پێکردووە”.

سەبارەت بە رۆڵی حزبەکانی ڕۆژهەڵات ئەم چاودێرە سیاسییە ڕایوایە” ئەگەرچی جموجوڵ و کۆبوونەوەی حزبەکانی ڕۆژهەڵات هەن، بەڵام لە ئاستی بەرپرسیارێتی و خاوەنداری ئەم رەوشەی ئێستا نین. دەبێت ئەوان سەرەتا هێزی پێشمەرگە رێکبخەنەوە. بیکەنە یەک هێزی پتەو و ئامادەکراوی بەرگری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نەک بەمشێوەیە بەس دانیشن کۆبوونەوەی بێ ئەنجام بکەن”.

بەپێی ئامارەکان، لەماوەی شەش رۆژی خۆپیشاندانەکان، زیاتر لە
(١٥٠) کەس کوژراون، هەندێ سەرچاوە دەڵێن: ژمارەکە لەوە زیاترە، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی رایگەیاند کە ژمارەی قوربانیان(١٠٦) کەسە، کە زۆرترینیان هی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، ٢١-١١-٢٠١٩، باس لە ” کوژرانی پارێزگاری کرماشان بە دەستی خۆپیشاندەران” دەکرێت. زیانێکی زۆر بە بینا و داودەزگای حکومەت گەیێندراوە.

سەرچاوە جیاوزەکان دەڵێن: ئێران لە ماوەی بڕینی شەش ڕۆژ هێڵی ئینتەرنێت بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە(٤٠٠ملیۆن دۆلار) زیانی پێگەیشتووە. بۆیە چاوەڕوان دەکرێت نەتوانن لەسەر ڕاگرتنی بەردەوام بن.

چالاکوانانی مەدەنی ئێران ڕایانگەیاند” بەهۆی ئەوەی ئێران، ناوخۆی وڵاتی پشت گوێ خستووەو پارەی خزمەتگوزاری و خەڵکی ئێران بۆ ئەو میلیشیا دروستکراوانە خەرج دەکات کە لەدەرەوەی ئێرانن، دۆخەکە گەیشتۆتە ئەم راددەیە لە تەقینەوەی خەڵک”.

بەپێی زانیارییەکان، ئێستا لە ئێران جگە لە نرخی بەنزین نرخی نان و خواردەمەنی رۆژ لەدوای رۆژ بەرزدەبێتەوە. بێ کاری و خراپی گوزەران زۆربەی خەڵكی ئێرانی گرتۆتەوە. هاتوچۆی نێوان شارەکان سەخت بووە. کارگەو شوێنی کاری هاوڵاتییان دادەخرێن. هەتا دەرمان و چارەسەر کەمیکردووە، خەڵک چاوەڕوانی دۆخی سامناک و خراپتر دەکەن.

لە دووەم ڕۆژی خۆپیشاندانەکاندا(مایک پێنس) جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر پشتگیری ئەمریکای بۆ خەڵکی ئێران دەربڕی ” دەسەڵاتی ئێران توندوتیژی بەرامبەر خەڵکی ئێران ئەنجام دەدات، خەڵكی ئەمریکا پشتگیری خەڵکی ئێران دەکەن”. هاوکات تورکیا و عێراق، خوازیاری کۆتاییهێنان بە توندوتیژین لە ئێران.

کەسایەتی سیاسیی و ئەندامی پێشوی پەرلەمانی عێراق(سەردار عەبدوڵلا) ڕایگەیاند: ئەم چەرخە چەرخی کورد دەبێت، ئەگەر بتوانین بەشێوەیەکی دروست مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەین.

ڕێژەیەک لە کەسایەتی و جاودێری سیاسیی تر هەمان رایان هەیە بەهۆی ئەوەی زۆربەی ئەو وڵاتانەی کوردستانیان داگیرکردووە و خەڵکەکی سەرکوت دەکەن(عێراق، ئێران، سووریا و تورکیا) دۆخی ناوخۆیان خراپە و دەسەڵاتەکانیان بەرەو لاوازی دەچن.

قادر وریا، ئەندامی پێشوی حزبی دیموکراتی کوردستان بە نوچەنێتی گوت”ئێران دەزانێت خەڵکی ڕۆژهەڵات لەدەسەڵاتەکی بێزارە، ڕێبەری سیاسیی خۆیان هەیە، بۆیە سەرکوتی زیاتر بەرامبەر ئەوان بەکاردەهێنێت”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com