ئەسیل نوجێفی نهێنی شەوی دەستبەسەرداگرتنی موسڵ ئاشکرادەکات ؛ جلی ژنانەتان ناوێت؟

0

286201462617saeti muslئەسیل نوجێفی نهێنی شەوی دەستبەسەرداگرتنی موسڵ ئاشکرادەکات ؛ جلی ژنانەتان ناوێت؟

نوجە.نیت.لڤین پریس

ئەسیل نوجێفی پارێزگاری نەینەوا ئەو نامانە بڵاو دەكاتەوە، كە لەگەڵ عەدنان ئەسەدی وەزیری ناوخۆی عێراق بە وەكالەت ئەنجامیداوە لە شەوی گرتنی موسڵ لەیەلان چەكدارانەوە.

ئەسیل نوجێفی لە بارەی ئەو گفتوگۆیانەوە كە لە پێگەی ئەلیكترۆنی تایبەت بەخۆی بڵاویكردوونەتەوە دەڵێت:”10 رۆژ پێش رووداوەكانی 10ی حوزەیران بەردەوام پەیوەندیم لەگەڵ عەدنان ئەسەدی وەزیری ناوخۆی عێراق هەبووە، بەڵام پێدەچوو كارەكە لە دەست كەسانی دیكەدا بێت”.

نوجێفی  دەڵێت: “سەرەتا پێم باش نەبوو ئەو نامانە بڵاوبكەمەوە، بەڵام بەهۆی ئەو هەڵمەتەی ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا لە دژمان دەستیپێكردووە بۆ هەڵخەڵەتاندنی برایانی شیعە‌و گەلی عێراق و شێواندنی راستییەكان، ئێستا پێم باشە تەواوی وردەكارییەكانی گفتوگۆكانی نێوان من و وەزیری ناوخۆ بە وەكالەت و فاروق ئەعرەجی لە كاژێرەكانی كۆتایی بخەمە روو، دوای ئەوەی كە داعش چوونە ناوچەی 17ی تەمموزو موشەریفەو حەی روفاعی”.

پارێزگاری نەینەوا دەشڵێت: “ئەوكات هەستم كرد كە فەرماندەی پرۆسەكانی نەینەوا ئەو هێزە نییە كە پشتی پێببەستین ‌و پەیوەندیم كرد بە عەدنان ئەسەدی و پێم گوت كە پێویستمان بە پشتگیری هێزی پێشمەرگە هەیە و ئەویش رازی بوو، بۆیە خێرا پەیوەندیم كرد بە هەرێمی كوردستانەوەو ئەوانیش ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ پێشكەشكردنی هاوكاریی، بەڵام گوتیان ئێمە پێویستمان بە هەماهەنگی هەیە لەگەڵ ئەو هێزە سەربازییەی كە لەوێ هەیە، لەبەر ئەوەی ناكرێت هێزێكی سەربازی پێشڕەوی بكات و هەماهەنگی نەبێت”.

وتیشی: “كەس پەیوەندی پێوەنەكردم،  عەدنان ئەسەدی پێی وتم كە فەرماندەیی هاوبەش رەزامەندی دەرنەبڕیوە كە عەبود قەنبەر سەرۆكایەتی دەكرد، لەبەر ئەوە داوام كرد هێزی زیاتر رەوانەی موسڵ بكەن، چونكە رەوشەكە تەواو تێكچووبوو، ئەویش پێی گوتم كە هێزی سەربازیتان پێدەگات و هەروەها عەبود قەنبەرو عەلی غێدانیش دێن و كاتێك ئەوان هاتن منیش سەردانی فەرماندەیی پرۆسەكانی نەینەوام كردو ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجو‌ومەنی پارێزگارو جێگری پارێزگاریش هاوڕێیەتییان دەكرد”.

لێرەوە پارێزگاری نەینەوا بەمشێوەیە رووداوەكان دەگێڕێتەوە:

داوام لێكردن كە پلانەكەمان پێنیشان بدەن، ئەوان خۆیان لەوە دزییەوەو هیچ زانیارییەكیان پێنەداین، هەروەها داوای زانیارییم كرد لەسەر هەوڵی داواكراوی مەدەنی، ئەویشیان پێنەدام و هەروەك قسەم لەگەڵ كردن لەسەر گرنگی پاراستنی ها‌ووڵاتیانی مەدەنی و زیان پێنەگەیاندنیان و هەروەها بۆردومانكردنی هەڕەمەكی هاوڵاتیانی مەدەنیشم لە رێگەی هاوەنەوە رەتكردەوە.

لەكاتی سەردانەكەماندا بۆ فەرماندەیی پرۆسەكانی نەینەوا یەكێك لە ئەندامانی شاندەكەی یاوەرەم لە یەكێك لە بەرپرسە سەربازییەكانی پرسی: ئایا بە نو‌وری مالیكیتان گوتووە كە پێویستمان بە پشتگیری هێزی پێشمەرگە هەیە، لە وەڵامدا ئەو بەرپرسە سەربازییە گوتی، نەخێر چۆن وای پێ دەڵێین ئەگەر بێت و ئەوە بە مالیكی بڵێین پلە سەربازییەكانمان لێدەسێنێتەوە.

هەروەك مەترسی بۆردومانكردنی شارەكەو كاریگەری لەسەر هاوڵاتیانم بە عەدنان ئەسەدی وت و ئەویش هاوڕا بوو لەگەڵم.

دوای ئەوە داوام لە دوو بەرپرسی سەربازی سوپای پێشووی عێراق كرد بۆ ئەوەی بۆچوونی خۆیانم پێبڵێن لەسەر شێوازی شەڕی ناوشار، لەبەر ئەوەی ئەو شێوازەی بەكاردێت پێچەوانەی رێسا سەربازییەكانە، بۆیە ئەوەم نارد بۆ فەرماندەیی پرۆسەكانی نەینەوا، بەڵام هیچ گوێیان لێنەگرت، بەو پێیەی كە لە پسپۆری سەربازییەوە ئەو بیرۆكانەم وەرگرتووە.

لە رۆژی 9ی حوزەیران بە عەدنان ئەسەدیم راگەیاند كە پۆلیسی فیدراڵی بەبێ هیچ بەرەنگاربوونەوەیەكی سەربازی لەگەڵ چەكدارانی داعش دەكشێنەوەو بەرەكانی جەنگ بەجێدەهێڵن و پێویستە بە زووترین كات رێوشوێنی پێویست بگرنە بەر، ئەویش پەیوەندی كرد بە فەرماندەیی پرۆسە هاوبەشەكانەوەو جارێكی دیكە پەیوەندی پێوەكردمەوە، بەڵام هیچ ئەنجامێكی وەرنەگرتبوو.

جارێكی دیكە كاژێر 8ی شەوی 9ی حوزەیران سەردانی عەلی غێدان و عەبود قەنبەرم كرد، پێان وتم كە پاش كاژێرێكی دیكە پلانێكیان دەبێت و رایدەگەیەنن، بەڵام هیچ زانیارییەكیان لەبارەی پلانەكەیان ئەو كاتە بە من نەدا.

كاژێر نۆی شەو بوو من میوانی بەرنامەی ساعە تاسیعەی تەلەفزیۆنی بەغدادیە بووم، هاوكارانم ئاماژەیان بۆ دەكردم بۆ ئەوەی بەرنامەكە بپچڕێنم و بەجێیبهێڵم لەبەر ئەوەی لەبەری راستی شاری موسڵ رەوشەكە بەتەواوەتی تێكچوو.

لەبەرنامەكە تا كاژێر 10ی شەو مامەوەو هەر ئەو كات ئەوەم زانی كە فەرماندە سەربازییەكان پێش كاژێر نۆی شەو فەرماندەیی پرۆسەكانی نەینەوایان چۆڵكردبوو.

بەڵام لە دوای  ئەوەی بەری راستی شاری موسڵ بەتەواوەتی لەلایەن داعشەوە كۆنترۆڵ كرا، كاتژمێر 11ی شەو چوومە بەری چەپی شارەكەو لە بەڕێوبەرایەتی پشكنەری وەزارەتی ناوخۆ عەدنان ئەسەدی پەیوەندی پێوەكردم كە پێشمەرگە رازی بكەم بۆ ئەوەی هاوكارییمان بكەن و منیش پێم وت كە پێشمەرگە پێویستیان بەوە هەیە عەبود قەنبەر خۆی تەلەفۆنیان بۆ بكات بۆ ئەوەی هەماهەنگی لەگەڵدا بكەن، ئەو پەیوەندییانەش لە دوای كاتژمێر 12 شەوی 9لەسەر 10 حوزەیران بوو، ئەو كاتیش شەڕەكە لە بەری چەپی شاریش یەكلایی بو‌وەوە.

دوایین نامەش كە بۆ عەدنان ئەسەدیم نارد نزیكەی كاژێر 1ی شەو بوو، ئەو كات فارووق ئەعرەجی بەرپرسی نووسینگەی نو‌وری مالیكی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق پەیوەندی پێوەكردم و زۆر توڕەبوو و پێی گوتم پێویستتان بە جلی ژنانە نییە گەورە ئەفسەرەكانتان لەبەریان بكەن، منیش تەلەفۆنەكەم داخست.

لە دوای كاژێر دووی شەو لە بەڕێوبەرایەتی پشكنەری وەزارەتی ناوخۆ رۆشتم بۆ ئەكادیمیای پۆلیس لە دەوروبەری بەری چەپی موسڵ، ئەوەش لە دوای ئەوەی هەردوو بەری چەپ و راستی موسڵ داعش كۆنترۆڵی كردبوو و هیچ هێزێكی سەربازی تێدا نەمابووو تەنیا پاسەوانەكانی خۆمم لەگەڵدا بوون لەگەڵ ژمارەیەك لە كارمەندانی پشكنەرایەتی وەزارەتی ناوخۆ و كاتێكیش بۆردومان دەستیپێكردو گەیشتە ئەكادیمیای پۆلیس ئەوێشم بەجێهێشت و رۆیشتم بۆ حەمدانییە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com