نوچەنێت: هەولێر
لە نووسراوێكی كە واژۆی ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستانی لەسەرە، داوا لە وەزارەتی نەوتی عێراقی دەكات، كە واز لە كۆسپ درووست كردن بێنن، لەبەردەم فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستاندا.
لە نووسراوەكەدا هاتووە “دەمەوێت بە تایبەتی ئاماژە بدەم كە وەزارەتەكان بەرامبەر حكومەتی هەرێمی كوردستان و گرتنە بەری ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر حكومەتی هەرێم و تۆماركردنی داوای یاسایی لە دادگا عێراقییەكان و ئەو هەڕەشانەی لەلایەن چەند نوسینگەیەكی بەكرێگیراوی بیانییەوە لەلایەن وەزارەتەكەتانەوە و بە پێی ڕێنمایی وەزارەتەكەتان كاردەكەن دژی بەرژەوەندی چەند لایەنێك كە گرێبەستیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم واژۆكردووە “.
هەروەها لە نووسراوەكەدا هاتووە “ئەم جۆرە هەنگاوانە لەلایەن ئێوەوە پاڵنەری سیاسی ، دوژمنانە، نایاسایی بوون بە بێ بوونی هیچ بنەمایەكی دەستووری و پێچەوانەی بەرژەوەندییە گشتییەكانی هاونیشتمانییانی عێراقین، تێڕوانینێكی هەڵەیە بۆ دەستوری عێراقی و یاسا عێراقییەكان و یاساكانی هەرێمی كوردستان و یاسا نێودەوڵەتییەكان”.
نووسراوەكەی ئاشتی هەورامی ئاماژە بەوەیش دەدات، كە حكومەتی هەرێم هەوڵدەدات بە هەموو رێگەچارە یاساییەكانی بەردەستییەوە، وەڵامی ئەو هەوڵانە بداتەوە، كە بوونەتە هۆی زیانگەیاندن بە دارایی هەرێمی كوردستان و هاونیشتیمانییە عێراقییەكانیش، هەروەها لە نووسراوەكەدا هاتووە “بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی ناچارتان دەكات كە بەپەلە دەست هەڵگرن لە ئاستەنگ دروستكردن و دەستوەردان بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە هەناردەكردنی نەوتی خاوی هەرێمی كوردستان”.