پێویستە دابەش بین
رێکار مەلا حەسەن
لە پێناو یەکگرتنی خاکی کوردستان پێویستمان بە دابەشبوون هەیە ڕەنگە ئەمەی من دەیڵیم زۆر دژە باو بێت لەگەڵ ئەو ڕایە گشتیەی ئێستا لە کوردستان بوونی هەیە کە ئەویش جەختکردنەوەیە لەسەر یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی گشت تاقم و لایەنە سیاسیەکان،من ئەم دابەشبوونە بە گرنگ دەزانم.
بەڵام چ دابەشبوونێك ؟ دابەشبوون بۆ دوو سەنگەر بۆ دوو هەڵوێست و خۆ یەکلایکردنەوە لەنێوان ئەم دوو سەنگەرە، بارودۆخی ئەمرۆ ناچارمان دەکات ئەمە بکەین هاوشێوەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە کاتی ڕوداوەکانی یانزەی سێپتمبر، ئەو دەمەی هێرش کرایە سەر ئەمریکا و گورزی کوشندە بەر ئاسایش و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا کەوت (جۆرج بۆش)ی سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا لە وتارێکدا هەڵوێستی ووڵاتەکەی بە جیهان ڕاگەیاند و ووتی:(یان لەگەڵمی یان دوژمنمی ) بەم دێرە ئەمریکا جیهانی دابەش کرد بۆ دوو سەنگەر سەنگەری ئەمریکی و سەنگەری تیرۆر، ئەم دۆخەی ئێستای و لێکەوتی ڕوداوەکانی ئەم دوایەی عێراق بەگشتی و موسڵ بەتایبەتی کە هەنگاوی بەرەو ململانیکی مەزهەبی نا و ئەمەش بەشێوەیەکی ڕون و ئاشکرا و فەرمی لەلایەن مەرجەعە ئاینیەکان و سەرکردە سیاسیەکان بەیان کرا و ئەگەری ڕوودانی جەنگیش ئەبەد دوور نیە و زۆریش نزیکە، ئەم گۆڕانکاریانە ئەستۆی هەرێم گەلێك قورس دەکات بەحوکمی ئەوەی نزیکی دەکاتەوە لەو ئامانجەی کە مێژوویەکە بۆی جەنگی وە و دەجەنگێت بۆیە چەند شتێكمان لە سەر پێویست دەکات کە گرنگترینیان دابەشکردنی سەنگەرە لەلایەن مامۆستایانی ئاینی و تەواوی مەرجەعە دینیەکان و هەر ڕیش سپیەك کە چوار گەنج گوێ ڕایەڵی دەبێت، بارودۆخی ئەمرۆ ناچارمان دەکات ئەمە بکەین، پێویستە دوو سەنگەر دروست بکەین سەنگەری پێشمەرگە و سەنگەری نەیاری پێشمەرگە، لەوەتەی ئاینی پیرۆزی ئیسلام هەیە عەرەبی نانی پێوە دەخوات و لەسایەی مینبەرەکانی ئیسلامەوە پارێزگاری لە دەسەڵاتی خۆی دەکات و ئەواتە ئەمڕۆ لەخواروی عێراق لەبری ئەوەی پیاوانی دەوڵەت و سەرۆکی هێزە چەکدارەکان رۆڵ بگێڕن مەرجەعە شیعی و سونەکان شەری مانەوەی حکومەت و ڕووخانی حکومەت دەکەن، ئەواتە شەرێ مان و نەمان ئەوان دەیکەن نەك سیاسیەکان، لەوەتەی عەرەب هەیە لە ژێر پەیامی ئیسلامدا حوکمی گەلانی ناوچەکەی دەکات، گەر بە نۆبەش بێت نۆبەی ئێمەی کوردە کە ئیتر بەشێك لەو خێر و بێرەی ئاینی ئیسلام بخۆین، هەڵبەت ئەمەش بە مامۆستایانی ئاینی و پێڕەوانی تەریقەتەکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام دەکرێت بە جۆشدانی لاوی ووڵات و هاونیشتمانیان بۆ هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە، بۆیە ئەمرۆ پێویستە هەرچی پیاوی ئاینی هەیە بخەینە بەردەم ئەم دوو ڕیانە یان دەبێت پێشمەرگە بێت یان دژی پێشمەرگە بێت.