سعودیه فشار له سوننه‌كان ده‌كات به‌شداری حكومه‌تی عێراق بكهننوچە.نیت.NRT
لێپرسراوێكی باڵای ئه‌مریكا ئاشكرایكرد، شا عه‌بدوڵای پادشای عه‌ره‌بستانی سعودی له‌دیداره‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ جۆن كیری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ، به كیری ڕاگه‌یاندوه هه‌ژمونه‌كانی خۆی به‌كار ده‌هێنێت بۆ به‌شداریپێكردنی سوننه‌كان له حكومه‌تی نوێی عێراقدا له پێناو دژایه‌تی كردنی باشتری چه‌كداره توندڕه‌وه‌كان.
ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز له‌زاری ئه‌و لێپرسراوه ئه‌مریكیه‌وه بڵاویكرده‌وه، پادشای سعودیه دودڵی زۆری خۆی نیشانداوه سه‌باره‌ت به چه‌كداره‌كانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق‌و شام، كه به‌شێكی باكوری عێراقیان داگیر كردوه‌و ، به ئاڕاسته‌ی باشور له عه‌ره‌بستانی سعودی نزیكبونه‌ته‌وه.
دوای هه‌فته‌یه‌ك له هه‌وڵه دیپلۆماتیه‌كان له‌لایه‌ن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكاوه بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی مه‌ترسیه‌كانی دابه‌شبونی عێراق، ئه‌و لێدوانه‌ی پادشای سعودی به‌گۆڕانكاریه‌كی گرنگ داده‌نرێت له هه‌ڵوێستی ڕیاز كه پێشتر سور بوه له‌سه‌ر ده‌ستله‌ركاركێشانه‌وه‌ی نوری مالكی له پۆسته‌كه‌ی.
ئه‌و لێپرسراوه‌ی ئه‌مریكا كه نه‌یویستوه ناوی خۆی ئاشكرابكات ئاماژه به‌وه‌ده‌كات ،ئه‌و لێدوانه‌ی پادشای سعودیه به‌ئاماژه‌یه‌ك داده‌نرێت كه له ئێستادا مه‌رجی نیه بۆ لابردنی مالكی‌و ئاماژه‌یه بۆ نه‌بونی مه‌رجی پێشوه‌خت ده‌رباره‌ی بارودۆخی عێراق.
له‌دیداره‌كه‌ی شای سعودیه‌و كیری ، پادشای سعودیه جه‌ختیكردۆته‌وه كه ئه‌وان به هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستوه‌رناده‌نه سیاسه‌تی ناوخۆی عێراقه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ش به مانای ئه‌وه نیه كه ئه‌وان هیچ وتوێژێك له‌گه‌ڵ سه‌ركرده سیاسیه‌كانی عێراقدا ئه‌نجام ناده‌ن.