بەیاننامەی بەرەی تورکمانی لەبارەی سەردانەکەی بارزانی بۆ کەرکووک
نوچە.نیت. رووداو
بەرەی تورکمانی عێراقی لە بەیاننامەیەکدا رایدەگەیێنێ پێشوازی لە سەردانەکەی مەسعود بارزانی ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ شاری کەرکووک. پێیانوایە ئەوە شتێکی سروشتییە “بەو پێیەی کەرکووک پارێزگایەکی عێراقییە هەر بەرپرسێکی عێراقی سەردانی بکات”.
رۆژی پێنجشەممە 26-6-2014 مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەردانی شاری کەرکووکی کرد و لەگەڵ فەرماندە سەربازی و ئەمنییەکان و پێکهاتەکان و پارت و لایەنەکانی ئەو شارە کۆبووەوە.
لە بەیاننامەکەی بەرەی تورکمانی عێراقیدا هاتووە “وڵاتەکەمان لە قۆناخێکی هەستیاردایە و پێکەوەژیان لە پارێزگای کەرکووک بە رەوشێکی هەستیار تێدەپەڕێ، بەتایبەتی دوای دروستبوونی بۆشایی ئەمنی و نەمانی فیرقەی ١٢ی سوپای عێراقی، بۆیە کە ئێستا رۆڵەکانی پارێزگاکە زۆر پێویستیان بە یەکخستنی ریزەکانیان و پتەوکردنی گیانی برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە هەیە، بەمەبەستی تێپەڕاندنی ئەم قۆناخە قورسە”.
بەرەی تورکمانی دەڵێت “لێدوانەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان شەقامی کەرکووک و تورکمان بەتایبەتی نیگەران کردووە لە بارەی ئایندەی کەرکووک، چونکە دەبێتە هۆی ئاڵۆزکردنی پەیوەندییەکان”.
بەرەی تورکمانی عێراقی هەروەها دەڵێ “بڕیاری تاکلایەن و سیاسەتی پەراوێزخستن وڵاتی گەیاندووەتە ئەو دۆخە، بۆیە پیادەکردنی هەمان سیاسەت لەلایەن هەر لایەنێکەوە هەمان ئەنجامی لێدەکەوێتەوە، بۆیە بژاردەی هاوبەشی لە پارێزگاکەدا کە چەندین ساڵە بانگەشەی دەکەن کە پیادەنەکردنی ئەو سیاسەتە و نە سەپاندنی ئەمری واقیعە”.