بێستون بەرواری چەندپێشنیارێک دەخاتەڕوو: دەستکەوتەکانی کورد هەموی دەرەنجامی رووداوەکان بووە

0

تەوەر : داعش، عێراق، کوردستان.

……………………………

دەستکەوتەکانی کورد لەم سەردەمەدا هەموی دەرەنجامی رووداوەکان بووە

بێستون بەرواری بۆ تەوەری نوچەنێت

……………………………..

بۆ بیرهێنانەوەی سەرکردایەتی کورد

بەبێ کەمکردنەوە لە خەبات و فیداکاری و بەرگریی قارەمانانەی گەلی کورد لە باشوری کوردستان ، دەستکەوتەکانی کورد لەم سەردەمەدا، هەر هەموی دەرەنجامی رووداوە چاوەرێ نەکراوەکان بووە لە ناوچەی روژهەلاتی ناڤین دا بەگشتی و لە عیراقدا بە تایبەتی.

هێرشی لەشکری عیراق بۆ سەر خاکی کویت و داگیرکردنی ئەو وڵاتە، شەری ژمارە دووی کەنداو بەدوایدا هات و لەدەرەنجامدا لەشکری عیراق تێکشکێندرا و هێزەکانی رژێمی بەعس، کونترۆڵی وەڵاتی لە دەست دا و کورد و شیعە ئەو هەلەیان قوستەوە و لەکوردستان راپەرینە پیروزەکەی ئاداری ١٩٩١ سەری هەڵدا .

کومەڵگەی نێودەوڵەتی بە هەمو شێوەیەک پشتیوانی گەلی کوردی کرد، ئەنجومەنی نەتەوە یەکگرتووەکان هێڵێکی سوری لە بەرامبەر هێزەکانی رژیمی بەعس دیار کرد بە دەوری کوردستاندا. بەداخەوە لە جیاتی ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و رێکخستنەوەی رێزەکانی گەل، دەستهەڵاتدارەکانی کوردستان بۆ بەرژەوەندی کەسایەتی و حیزبایەتی، سالانێک شەرێکی ناوخویی وێرانکەریان هەڵگیرساند، کە جگەلە زیانەکانی گیانی وماڵی بوو بە ئەگەری دابەشبوونی کوردستانی باشور بەسەر دوو حکومەتی جیادا، ولەو ناوەدا هەلپەرستی و گەندەڵی لە دامودەزگا حیزبی و میرییەکاندا سەریهەڵدا.

لە جیاتی ئاوەدانکردنی دێهات و گرنگی دان بە بەرهەمهێنان، تەلار و باڵەخانەی بەرزیان لەشارەکان دروست کرد و هەمویان پر کرد لە بەرهەمی بەکەلکنەهاتووی تورکی و ئیرانی و سوری، لە هەمانکاتدا جوتیارەکانیان بەناوی جۆراو جورەوە کرد بە موچەخوری بێبەرهەم.  بە کورتی سالانێکی درێژییان بەبێ پێشکەوتنی گرنگ و بەرچاو لە دەست کورد دا.

سالی ٢٠٠٣ لەشکری ئەمریکی رژیمی بەغدای روخاند و هێزەکانی عیراقی بە گشتی لەناوبرد، لەو کاتەدا کورد خاوەن لەشکر و هێز بوو و سەنگێکی کاریگەریان هەبوو لە عیراق و ناوچەکەدا.

ئەوکاتە چاوەرواندەکرا ئەگەر کورد داوای جیابوونەوە لە عیراق نەکات، ئەوە کەرکوک و شەنگار و دەڤەرەکانی تری کوردستان هەر دەگەرێنێتەوە سەر هەرێم.

چاوەرواندەکرا ئەگەر کورد ئەوەی لە عیراق ماوەتەوە وێران نەکات، ئەوە هەرگیز خەبات ناکات بو دامەزراندنەوەی دامودەزگاکانی میری، بەبێ گەرانتی کردنی ماف و بەرژەوەندیەکانی گەلی کورد.

چاوەرواندەکرا ئەگەر کورد تۆڵەی ئەنفال و هەڵەبجە نەکاتەوە، ئەوە قەرەوبوو کردنەوەی ئەو تاوانانە هەر مسوگەرە.

لێ بەداخەوە سەرکردەکانی کورد، کەوتنە کار و خەبات بۆ پێکهێنانەوەی عیراق و دامەزراندنی سوپا و لەشکری عێراق، کەوتنە رازی کردنەوەی شیعە و سوننە و چارەسەر کردنی گیرو گرفتەکانی نێوانیان.

لەجیاتی گەراندنەوەی خاک، داوای پلە و کورسییان کرد لە بەغدا.

لەجیاتی توڵەی ئەنفال و هەڵەبجە کونگرەی لێبووردەییان لە هەولێری پایتەخت، بۆ سەروک هوزەکانی عەرەب رێکخست و میوانداری شاهانەیان بو دانان.

لەجیاتی داوای قەرەبووکردنەوە لە بەغدا، بست بەبست سامانی ژێر خاکی کوردستانیان خستە بازاری رەشی ناوخوو و دەوڵەتانی دەوروبەر.

لە جیاتی بە دامەزراوەیی کردنی پەیوەندی کوردستان و عیراق، پەیوەندی حیزبی و کەسایەتی و بەرژەوەندیەکان بریاردەربوون .

دەستهەڵاتدارانی کوردستان گرفتە سەرەکیەکانی کوردیان لەگەل بەغدا، گۆریەوە بە کێشەی موچە و فروشتنی نەوتی کوردستان و گورینی سەروک وەزیرەکانی بەغدا.

لەدوای راپەرینە پیروزەکەی بەهاری ١٩٩١، کورد ئاراستەیەکی دیاریان نەبووە، داخوا بۆ کوردستانێکی سەربەخو خەبات دەکەن؟، یان بۆ بەدیهێنانی مافەرەواکانی خویان لە چوارچێوەی عیراق دا؟ خواست و ئارەزوی زوربەی زوری جەماوەری کورد و بەتایبەتی رۆشەنبیران، سەربەخۆیی و دابران بوو لەعیراق ، دەستهەڵاتدارانی کوردستانیش دەمێک عیراقچی عەیار ٢٤ دەبوون و کاتێکیش کە لە بەرژەوەندییان دا بوایە، دەبوونە هەڵگری ئاڵای سەربەخویی کوردستان. سەرکردەکان لە سەر عیراقچێتی و لە سەر کوردستانی بوون رکابەری یەکتریان دەکرد و جار جاریش دەیان کردە کارتێکی فشار، بەرامبەر یەکتر و لەسەربەغدا.  بە کردەوەش دەستهەڵاتی باشور ئامادەکارییەکی ئەوتۆیان نەکردووە، بۆ سەربەخوبوونی کوردستان و لەهەمانکاتدا هاووەلاتیەکی ئاسایی عیراقیش نەبوونە!!

بۆ کێشە تازەکانی عیراق

کێشە تازەکانی عیراق و بەتایبەتی هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر پارێزگای نەینەوا و صلاح الدین و دیالە و تێکشکانی هێزەکانی لەشکری عیراق لەو ناوچانە دا، دەرمانێکی خواداوی ئەو قەیرانەی چەند مانگی رابردووی سەرکردایەتی هەرێمی کوردستانە. بۆیە پێویستە کورد ئەم دەرفەتە زێرینە لەدەست نەدات. دەبێ زور بە هۆشیاری  رەفتار بکات.

من دەستخوشی لە هێزی پێشمەرگەی قارەمان دەکەم، کە ناوچە داگیرکراوەکانی پێشویان کۆنترۆڵ کردووە. و پشتیوانی بریاری سەروکایەتی هەرێم دەکەم، لە نەگەرانەوەی پێشمەرگە لەم دەڤەرانە ، وپشتیوانی لە بریاری هێزە سیاسیەکانی کوردستان دەکەم، کە بریاریان داوە لەدەرەوەی سنوری کوردستان، بەشداری شەرەکان نەکەن .

هەروەها داوا دەکەم:

  • پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە یاسای فەرمی کوردستانی بوونی ئەو ناوچە ئازادکراوانە رابگەیەنن.
  • دەستهەڵاتی هەرێمی کوردستان بە هێمنی و بەبێ پروپاگەندەی راگەیاندن، بێلایەنی خۆی لە شەری نێوان سوننە و شیعە راگرێت و لە هەمان کات دا مەترسی داعش و کۆنە بەعسییەکان بۆ سەر گەلی کورد باش لەبەرچاو بگرن.
  • دەستهەڵاتی هەرێمی کوردستان نەبێتە پارێزەری سوننەکان و داواکارییە نادیارەکانیان لە عیراق ، و ئەوە بزانن ئامانجی  ئەوان گرتنەوەی دەستهەڵاتی بەغدایە و ئەمەش مانای گەرانەوەی رژیمی حزبی بەعسە، ناکوکیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەغدا، بە هاوسۆزی لەگەڵ سوننەکان چارەسەرناکرێت.
  • دەستهەڵات لە کوردستان دەبێ بە سیاسەتەکەی دا بچێتەوەو بەپێی بەرنامەیەکی چاکسازی دامو دەزگاکانی رێکبخرێت، بە کردەوە  بۆ بەدیهێنانی ژێرخانی پێویست بۆ راگەیاندنی دەولەتی کوردی تێبکوشێ بەبێ بەکارهێنانی هاش و هوشی راگەیاندنی سوزداری وهەرەشە و گورەشەی بێ بنەما ، ئەویش بە :

–          پتەوکردنی پەیوەندی نێوان دەستهەڵات و گەل و گەراندنەوەی متمانەی جەماوەر بە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان.

–          رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و دابین کردنی پێویستیەکانیان و ژیانی کەس و کاریان.

–          هێنانەدی دادی کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی گەندەڵی و بازرگانی لێپرسراوان.

–          سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان دەبێ پەیوەندیە کوردستانیەکانی بەهێزتر بکات و گرنگی بە رۆڵی هەمو کوردستانیان بدات، لە پاراستنی دەستکەوتەکانی کورد .

–          کورد لە رابردوودا زیانی گەورەی دیوە  لە پەیوەندی و پشتگەرمکردن، بە رژیمە داگیرکەرەکانی کوردستان و زل هێزەکان، بویە دەبێ بەوپەیوەندیانەش دا بچێتەوە.

 

 سوید  ٢٠١٤/٦/٢٧ 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com