به‌رپرسیارێتی كه‌ركوك ، ئه‌ركی هه‌مووانه..!!
كه‌ركوك به كه‌ركوكییه‌كان نه‌بێت به‌كه‌سی تر سه‌قامگیر نابێته‌وه
داناعه‌سكه‌ر
ماوه‌یه‌ك له‌به‌ر ئێستا بابه‌تێكم نووسی له‌ژێر ناونیشانی ” چیبكه‌ین بۆ كه‌ركوك ” له‌م بابه‌ته‌دا هێنده‌ی رۆشنبیرانم خستبووه نێو هاوكێشه‌كه‌وه ، ئه‌وه‌نده قسه‌م له‌سه‌ر رۆڵی سیاسیه‌كان نه‌كردبوو.
ئه‌وه‌ی راستی بێت من له‌و روانگه‌یه‌وه قسه‌كانم رووبه‌ڕوی رۆشنبیران بوو، كه سیاسیه‌كانی ئێمه وا راهاتوون گوێ له‌كه‌س نه‌گرن، به‌داخه‌وه له‌مه‌شیان جگه له نووسه‌ر ” عبدالله سلێمان مه‌شخه‌ڵ ” كه زۆر په‌رۆشانه بابه‌تێكی به‌پێزی بڵاوكرده‌وه، كه‌سی تر نه‌هاته ژێرباری ئه‌وه‌ی چ رێگا چاره‌یه‌ك بۆ كه‌ركوك بدۆزینه‌وه.
من هه‌رگیز ناڵیم من یه‌كه‌م كه‌سم قسه‌م له‌وباره‌یه‌وه كردووه، ئه‌وه‌ی من مه‌به‌ستم بوو، جارێكی ئه‌و زاره هه‌ڵده‌مه به‌رده‌م نووسه‌ران و رۆشنبیرانی شاره‌كه‌م، ئه‌وه‌ی ئه‌مجاره پێماباشه به‌جدی قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین، به‌رپرسیارێتی ئێمه‌یه به‌رانبه‌ر كه‌ركوك، كه ناكرێ ئیتر له‌م بارودۆخه‌دا فه‌رامۆشی بكه‌ین، هه‌رچی وتاره له‌باره‌ی كه‌ركوكه‌وه، بابیخه‌ینه لاوه، با هه‌موومان له‌و ده‌لاقه‌یه‌وه ته‌ماشای كه‌ركوك بكه‌ین كه زه‌رووره‌تی واقیعی سیاسی له دونیا‌و ده‌وروبه‌ر هه‌لێكی تری بۆ ره‌خساندوین تا بتوانین كه‌ركوك وه‌ك ئه‌مڕۆ ته‌ماشا بكه‌ین، نه‌ك وه‌ك دوێنێ.
به‌داخه‌وه ئێمه وه‌ك كورد هه‌لی زۆر گرنگمان بۆ ره‌خسا كه ده‌مانتوانی سیحرێكی تر به‌كه‌ركوك ببه‌خشین، به‌ڵام نه‌مانكرد، ئێمه جارێكی تر با نه‌ڵێین بۆ نه‌مانكرد؟، به‌ڵكوو پێویسته ئێستا ئه‌م هه‌له بقۆزینه‌وه، با هه‌ندێ له‌گه‌ڵ خۆماندا راستگۆبین، ئێمه بۆ ساڵێك به‌رله‌ئێستا نه‌مانتوانی پێشمه‌رگه بێنینه ناو كه‌ركوكه‌وه، من كێشه‌م نیه بۆ هات و مه‌به‌سته‌كان چی بوون، ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه چۆن توانیمان، ئه‌مه ئه‌سڵی مه‌سه‌له‌كه‌یه، كه‌واتا لێره‌دا هه‌ست ده‌كرێ ئه‌وه‌ی دوێنی نه‌مانتوانی، ئه‌مڕۆ ده‌توانین، ئه‌م هاتنەی پێشمه‌رگه دونیایه‌ك ره‌هه‌ندی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری بۆ كورد و دۆسته‌كانی هه‌یه، ئه‌گه‌ر ئێمه مه‌به‌ستمانه كه‌ركوك وه‌ك ئه‌و سمبوله ته‌ماشابكه‌ین، ده‌بێ بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه كه چۆن له‌كه‌ركوكدا كاربكرێت، من خۆم یه‌كێك بووم له‌وانه‌ی كه له‌كاتی هه‌ڵبژاردن پێمباش بوو هه‌رهێزێك به‌جیا دابه‌زێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌م ماوه‌یه‌دا هێزه‌سیاسیه‌كان كردیان كه هه‌ر ” 8 ” هێزه كوردییه‌كه‌ی كه‌ركوك كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌شداری خۆپیشاندان نه‌كه‌ن، چه‌نده كارێكی سلبی بوو، هێنده‌ش كارێكی ئیجابی بوو، سلبییه‌كه‌ی له‌و سوونگه‌یه‌وه ، كه هه‌موو قسه‌ی زۆرمان له‌سه‌ر ئیداره‌ی شاره‌كه‌مان هه‌یه و ناكرێ لێیان قبوڵبكه‌ین به‌م سستمه كاربكه‌ن و زه‌روورییه بیانهێنینه‌وه هۆش خۆیان، ئێمه به‌درێژایی “8 ” ساڵ قسه‌ی زۆرمان له‌وباره‌یه كرد، كه‌چی كه‌س گوێی لێنه‌گرتین، ئه‌مانه هه‌مووی نیشانه‌ی دڵسۆزی رۆشنبیرانی كوردستانه كاتێ ده‌ست ده‌خه‌نه سه‌ر برینه‌كانی كه‌ركوك.
ئه‌وه‌شی كه ئیجابیه، ئه‌وه‌یه دوای ئه‌و هه‌موو گرژییانه‌ی له‌نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆن، له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی به‌شداری نه‌بوون له خۆپیشاندان له‌كه‌ركوك، هه‌موویان یه‌ك ریزبوون، هه‌رچه‌نده ئه‌م یه‌كڕیزیه به‌دیوێكدا ته‌فسیری خراپی بۆ كرا، ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ی خۆپیشاندانه‌كانی سلێمانی و ناوچه‌كانی تری كوردستان بوو، به‌وه‌ی له‌كه‌ركوك خۆپیشاندان نه‌كرا، هه‌رچه‌نده من پێموایه خۆپیشاندان له هه‌ولێر بكرایه له كه‌ركوك گرنگتره، كه‌واتا نه‌مانتوانی پشتگیریی له سلێمانی بكه‌ین، ئه‌م ته‌فسیره‌ش دیوی راستی هه‌یه و دیوی هه‌ڵه‌شی هه‌یه، دیوه راسته‌كه‌ی ئه‌وەیه خه‌ڵكی كوردستان كه‌ركوك به به‌شێك له‌كوردستان ته‌ماشا ده‌كه‌ن و ناتوانن كه‌ركوك له‌سلێمانی جیا بكه‌نه‌وه، دیوه‌كه‌ی تری ئه‌وه‌یه كه كه‌ركوك تا ئه‌م چركه‌ساته به‌شێك له‌كوردستان نیه، هه‌رچی داخوازییه‌كان له‌سلێمانی رووبه‌ڕوی حكومه‌تی كوردی ده‌كرێته‌وه، به‌ڵام كه ئێمه له كه‌ركوك خۆپیشاندان بكه‌ین راسته‌وخۆ داخوازییه‌كانمان رووبه‌ڕووی حكومه‌تی به‌غدا ده‌بنه‌وه، بۆیه له‌م كاته‌دا ئه‌وه‌ی ئێمه مه‌به‌ستمانه، نایاته‌دی ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه له‌م كاته‌دا فشاره‌كانمان سه‌ركه‌وتوو نابێت، چونكه كه‌ركوك تاكه پارێزگایه هه‌ڵبژاردنی پارێزگای تێدا نه‌كراوه، له‌م كاته‌دا كه‌ركوك له هه‌موو ده‌سه‌ڵاته سیاسی و یاسایه‌كان داماڵراوه، بۆیه ئیداره‌ی كه‌ركوكیش وه‌ك ده‌نگ دێته پاڵ خۆپیشاندەران و داوای ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن له به‌غدا ده‌كات.
دوای ئه‌و هه‌موو رووداوانه‌ی له وڵاتانی عه‌ره‌بی و دواتریش له‌به‌شێكی زۆری شاروشارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان روویاندا، ده‌سه‌ڵاتی كوردیش هاته ژێرباری داخوازییه‌كانی خه‌ڵكی خۆپیشانده‌ره‌وه، بۆیه ئێستا سه‌رقاڵی ئاڵوگۆره له به‌شێك له‌پۆسته باڵاكان و ئیداره‌كانی شاره‌كانی كوردستان، دیاره له‌م سه‌روبه‌نده‌دا كه‌ركوكیش به‌شێكه له‌و هاوكێشه‌یه سیاسییه، ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرنگه قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین ئه‌وه‌یه، با ئه‌مجاره به‌رپرسیارانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كه‌ركوكدا بكه‌ین، له‌ماوه‌ی رابووردوودا زۆر قسه‌مان له‌سه‌ر ئه‌و مامه‌ڵه حیزبییه‌ی ناو كه‌ركوك كرد كه به‌رهه‌مه‌كه‌ی قوربانیدان بوو به مه‌سه‌له نه‌ته‌واییه‌تیه‌كان، له‌م دۆخه‌دا خه‌ڵكی كه‌ركوك تووشی جۆرێك له‌بێهوده‌یی بوو كه ئه‌مه سه‌ختترین قۆناغێكه خه‌ڵكی ئێمه‌ی پێدا تێده‌په‌ڕێ، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ونی خه‌ڵكی كه‌ركوك و ته‌واوی كورد نه‌كه‌ینه قوربانی ویستی حیزبیانه، پیویسته ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆن و رۆشنبیران كار له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌ن كه خه‌ڵكی تۆكنۆكرات و لێهاتوو دیاربكه‌ن بۆ ئیداره‌دانی كه‌ركوك، پێویسته خه‌ڵكانێك بخه‌نه ناوكێشه‌كه‌وه راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی نێوان حیزب و خه‌ڵك بهێنێته‌وه دۆخی شاخ، به بڕوای من ئه‌م جۆره مامه‌ڵه‌كردنه له‌گه‌ڵ كه‌ركوك شیاوترین شێوه‌یه، ئه‌وه‌ی له‌رابووردودا كراوه به‌شێكی زۆری بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته ئێوه زۆر خیزبیانه مامه‌ڵه‌تان له‌گه‌ڵ دۆخی كه‌ركوك كرد و ئه‌وه‌شی زیانی تێداكرد خه‌ڵكی كوردستان بوو، بۆ ئه‌وه‌ی له‌رابوردووی خۆمان ده‌ربازبین، پێویسته داهاتوومان له گرنگی كه‌ركوكه‌وه ته‌ماشا بكه‌ین و بیرله‌وه بكه‌ینه‌وه ئێمه نه‌ته‌وه‌یه‌كین به‌درێژایی ” 90 ” ساڵ خه‌ڵكی ئه‌م كوردستانه‌مان كردووه‌ته قوربانی كه‌ركوك، چۆن له‌م دۆخه گرژوئاڵۆزه‌دا هه‌موولایه‌نه كوردییه‌كان واژیان له‌سه‌ر پاراستنی كه‌ركوك كرد، با ئه‌مجاره‌یان خه‌ونی له‌مێژینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان بكه‌ینه واقیع و بۆ جارێكیش بیت به‌یه‌كه‌وه ده‌ست بخه‌ینه سه‌ر خه‌ڵكی بێلایه‌ن و به‌توانای شاره‌كه‌مان، ئه‌م شاره ده‌یان خه‌ڵكی لێهاتوو خه‌مخۆری تێدایه، ئێمه ده‌توانین له‌رێی ئه‌و خه‌ڵكانه‌وه كه‌ركوكیه‌كان و حیزب ئاشتبكه‌ینه‌وه، با ئه‌مجاره‌یان هه‌موو یه‌ك ده‌نگ كه‌ركوكیانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ویستی كه‌ركوك بكه‌ین، با حیزب بكه‌ینه ده‌زگایه‌كی مه‌ده‌نی و خه‌ڵك له چاوی نه‌ته‌وه‌وه ته‌ماشای حیزب بكات، ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره ئه‌م دۆخه له‌ده‌ست خۆمان بده‌ین دڵنیام جارێكی دی وه‌ك ئێستا بۆمان رێكناكه‌وێت، هه‌له‌و پێویسته كار له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه بكه‌ین، هه‌وڵبده‌ین لیژنه‌یه‌كی لێهاتوو بۆ ئه‌م مه‌به‌سته پێكبهێنین، ئه‌ركی ئه‌م لیژنه‌یه ئه‌وه‌بێت به‌دوای خه‌ڵكی خه‌مخۆر و به‌توانادا بگه‌ڕێت، ئه‌ركی ئه‌م لیژنه‌یه زۆر قورس ده‌بێت، به‌وه‌ی چۆن بتوانی ته‌واوی هێزه سیاسیه كوردییه‌كان بهێنێته سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی هه‌موولایه‌ك دڵسۆزی مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك بكات، ئه‌ویش له‌وه‌دا خۆی ده‌بینیته‌وه كه ئێوه بتوانن بڕیارله‌سه‌ر ئه‌و ئه‌جندایه بكه‌ن، ئه‌وه‌ی تا ئێستا نه‌كراوه ، ئه‌وه‌یه به‌رده‌وام حیزب له‌سه‌رو به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه ته‌ماشاكراوه، ره‌نگه ئه‌م بڕیاره به‌لای حیزبییه‌كانه‌وه قورس بێت، به‌ڵام ناتوانن بڵێن راست نیه، چونكه ئه‌وه‌ی پێشتر له‌كه‌ركوك كراوه ئه‌وه‌یه ئه‌م دووحیزبه به‌رده‌وام كێشه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیان له حیزبه‌كانی خۆیاندا كورتكردووه‌وه‌ته‌و و به‌رده‌وام ئه‌و، ئه‌وی تری قبوڵ نیه، بۆیه زۆر حیزبیانه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كێشه‌كانی كه‌ركوكدا كردووه، تا گه‌یشتوه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی نه‌یاره‌كانیش قومار له‌سه‌ر ئه‌و دۆخه ده‌كه‌ن و له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دا كه‌ركوك له‌ده‌ست خه‌ڵكه خه‌مخۆره‌كه‌ی ده‌ربكه‌ن.
بۆیه به‌باشی ده‌زانین هه‌موو لایه‌كتان وه‌ك تیمێكی خه‌مخۆر كار له‌سه‌ر داهاتوی كه‌ركوك بكه‌ن و به‌دونیابینیه‌وه به‌دوای چاره‌سه‌رییه‌كاندا بگه‌رێین، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ركوك له‌و قه‌یرانه‌وه نه‌خه‌ینه قه‌یرانێكی گه‌ره‌تره‌وه پێویسته به‌ورده‌كارییه‌وه ئاوڕێك له رووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی شاره‌كانی خۆمان بده‌ینه‌وه كه خه‌ریكه دۆخه‌كه به‌ئاراسته‌یه‌كی زۆر مه‌ترسیداره‌دا ده‌شكێته‌وه، ئه‌م هه‌له‌ش به بڕوای من ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه پشتی تێبكرێت، كورد به‌گشتی زه‌ره‌ری تێدا ده‌كات و زه‌ره‌ره‌كه‌ش كاریگه‌ریی زۆر خراپی به‌سه‌ر دۆخی سیاسی ئێمه‌وه ده‌بێت و له‌م حاڵه‌ته‌شدا ئه‌م دۆخه‌ش ده‌بێته قوربانی ئه‌و جۆره بۆچوونانه‌ی خه‌ریكه تووشی به‌ریه‌ك كه‌وتن ده‌بن و هه‌ریه‌ك له‌و هێزه سیاسیانه بۆ شكست هێنان به‌وی تر پشت له كێشه‌و گرفته‌كان ده‌كه‌ن و هیچ لایه‌كیان خه‌مخۆرانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ناكه‌ن و هه‌مووشیان خۆیان به خاوه‌نی مه‌سه‌له‌كه ده‌زانن، ئه‌م نه‌ریته له‌ناو حیزبی كوردیدا به‌داخه‌وه بووه‌ته دیارده‌یه‌كی خه‌ته‌رناك و ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌ناو كۆمه‌ڵگاشدا به‌ڕوونی هه‌ست پێده‌كرێ، بۆ ئه‌وه‌ی خۆمان له‌و نه‌ریته نه‌خوازراوه رزگاربكه‌ین و له‌سیاقی ئه‌م جۆره په‌یوه‌ندییه نا جێگیره‌دا سه‌نگه‌ر له‌یه‌ك نه‌گرین، پیویسته له مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوكه‌وه هه‌وڵبده‌ین نه‌سیجی ئه‌م عه‌قلییه‌ته ئاڵۆسكاوه چاره‌سه‌ر بكه‌ین و نه‌هێڵین له‌م بارودۆخه هه‌ستیاره‌دا كه‌ركوك بخه‌ینه ژێر ده‌ستی خه‌ڵكانێك روئیایه‌كی نه‌تەوه‌یی و ئینسانییان بۆ بوعدی سیاسی كه‌ركوك نه‌بێت، ئه‌گه‌ربه‌م مه‌نتیقه له كه‌ركوك نه‌ڕوانین، مومكین نیه بتونین ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی له‌سه‌ر كه‌ركوكن بڕه‌وێنینه‌وه، له‌كاتێكدا هه‌موو ده‌زانین كه‌ركوك له چاوی زۆرێك له دونیای له‌سه‌ره، ئه‌وش ده‌زانین كه‌ركوك به كه‌ركوكییه‌كان نه‌بێت، به‌كه‌سی تر سه‌قامگیر نابێته‌وه، بۆیه كه قسه له‌سه‌ر گرنگی رۆڵی كه‌ركوكه‌یه‌كان ده‌كه‌ین بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، به‌دڵنیاییه‌وه ده‌بێ له ره‌هه‌نده سیاسی و نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌وه زۆر حه‌كیمانه له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كاندا كێشه‌كان بخه‌ینه‌ڕوو، چونكه ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌توانین كاری له‌سه‌ر بكه‌ین، كاركردنه له‌سه‌ر داهاتووی كه‌ركوك، ئه‌م به‌رپرسیارێتیه ئه‌ركێكه پێویسته هه‌مووان ببن به به‌شێك له چاره‌سه‌ر، نه‌ك ببن به‌به‌شێك له‌كێشه‌كان .