نوچه
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ کۆنسوڵی نوێی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و رایگهیاند ”ئەگەر ئەو سەردانەی نێچیرڤان بارزانی و بەندە بۆ پاریس و دیدارمان لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا نەبوایە، دۆخی هەرێمی کوردستان نەدەگەیشتە ئەو دۆخەی ئێستا”.
ئەمڕۆ سێشەممە ١-١٠-٢٠١٩ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئۆلیڤییە دیکۆتینێ، کۆنسوڵی نوێی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی ستایشی پاڵپشتی سەرۆک و حکومەتی فەرەنسا دەکات و وێڕای بەرزنرخاندنی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان فەرنسا و کوردستان و هاوکارییەکانی ئەو وڵاتە لە قۆناخە جیاجیاکاندا، ئاماژەی بە رۆڵی گرنگی سەرۆک و حکومەتی فەرەنسا دا لەکاتی ئابڵوقەکانی دوای گشتپرسی بۆ سەر هەرێمی کوردستان کرد.
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی سەردانەکەی خۆی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئەو کاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاریس و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دەکات و ئاماژە بەوە دەدات: “ئەگەر سەردانی سەرۆکی پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و بەندە نەبوایە بۆ کۆشکی ئێلیزی، دۆخی هەرێمی کوردستان نەدەگەیشتە ئەو دۆخەی ئێستا و دەرگای وڵاتانی دیکەش بەئاسانی بەڕوومان نەدەکرانەوە”.
بەپێی راگەیێندراوێکی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی و ئۆلیڤییە دیکۆتینێ، کۆنسوڵی نوێی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی و ئۆلیڤییە دیکۆتینێ، کۆنسوڵی نوێی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی رەوشی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق کرا، هەروەها پتەوکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان لەگەڵ فەرەنسا تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بووە.

جێگری سەرۆک وەزیران پیرۆزبایی لە دەستبەکاربوونی کۆنسوڵی نوێی فەرەنسا کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست، دواتر باسی رەوشی هەنوکەیی هەرێمی کوردستان و عێراقی کرد و ئاماژەی بە “گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا دا، کە قۆناخی زۆر باشیان بڕیوە بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەتایبەت پرسی بودجە و ناوچە کێشە لەسەرەکان”.
قوباد تاڵەبانی لە رێگەی کۆنسوڵی فەرەنساوە سوپاس و ستایشی خۆی بۆ سەرۆک و حکومەتی فەرەنسا نارد و رایگەیاند: “سوپاسی سەرۆکی فەرەنسا دەکەین کە دەرگای بەڕووی سەرۆکی حکومەتی ئەوکات کاک نێچێرڤان بارزانی و بەندە کردەوە بۆ ئەوەی سەردانی فەرەنسا بکەین، ئەو سەردانەش بووە هۆی کردنەوەی دەرگای وڵاتانی دیکەش بەڕووی کوردستان و چەندین دیداری فەرمی دیکە رێکخران بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانمان ئاسایی ببنەوە”.