“بەجیهان بڵێن، ئەوە قەسابخانەیەكی وەحشیانە بوو”

0
“بەجیهان بڵێن، ئەوە قەسابخانەیەكی وەحشیانە بوو”
رێبۆ رەزاIMG_9913 - Copy

پیاوە پیرەكە لە ناو تونێلێكی تاریكدایە، ترسێكی قوڵ دەستی بەسەر وجودیدا گرتووە، دڕەندەیەكیش لە بەرانبەری راوەستاوە و چاوەكانی وەك فسفۆڕ دەدرەوشێنەوە، پیاوە پیرەكە دەزانێت ئەوە كۆتاییەكی ترسناكە و قوتاربوونی مەحاڵە، كەچی بەو حاڵەیشەوە هێشتا دەستبەرداری هیوا نەبووە، هاوار دەكات و هەر هاوار دەكات، هێشتا دەیەوێت دەنگی لە دیوارە رەق و ئەستوورەكانی تونێلەكەوە بچێتە دەرەوە و سنووری تاریكییەكە ببڕێت، دەیەوێت هیچ نەبێت كەسێك ئاگادار بكاتەوە، كە ژیانی لە مەترسیدایە.
كۆتاییەكی غەمگینە، چونكە كەس بە هانایەوە ناچێت، لەگەڵ هەر هاوارێكیشیدا، دەرگەیەك دەكرێتەوە و دڕەندەیەكی تر خۆی بە تونێلەكەدا دەكات.

رۆژهەڵڵاتی ناوەڕاست بۆ هەر یەك لە ئێمە وەك ئەو تونێلە وایە، لە ناو ئەو تونێلە تاریكییەشدا كێ‌ دەنگی ئەو پیاوە شیعە مەزهەبە دەبیستێت، كە شاهێدی ناشتنی تەرمی پازدە كەسی گوندەكەیەتی، پازدە كەس كە بە دەستی چەكدارە توندڕەوە ئیسلامییەكان كوژراون، كەچی بەو حاڵەیشەوە وەك پیاوە پیرەكەی ناو تونێلەكە، دەستەبەرداری هیوا نەبووە و بە رۆژنامەنووسەكان دەڵێت: “بەجیهان بڵێن، ئەوە قەسابخانەیەكی وەحشیانە بوو”.

“بەجیهان بڵێن!!”، ئەمە دەربڕینێكە پڕە لە ئومێدی مرۆڤێكی كارەساتدیدەی ناو تونێلەكە، مرۆڤێك كە هێشتا ئومێدی ماوە، هێشتا دەیەوێت دەنگی سنووری تاریكییەكان ببڕێت و كەسانێك لەو كارەستانە ئاگاداربكاتەوە، كە وەك بەرداش خەریكی هاڕینی ئێسك و پرووسكینی، دەیەوێت بە جیهان بڵێت بە هانامانەوە وەرن، دڕەندەكە هێزی لێبڕیوین.

بەڵام جیهان كێیە، وا ئەوەندە دوورە لێمانەوە، كە دەنگمان پێیناگات؟!

جیهان بۆ ئێمە لە ئومێدێكی وەهمی زیاتر هیچی تر نیە، هەر هاواری بۆ دەكەین و هەر دەنگمان پێی ناگات، هەر بانگی دەكەین و هەر نایەت بە هاوارمانەوە، هەر دەمانەوێت رزگارمان بكات و هەر دنەی دڕندەكان دەدات، جیهان وەهمێكە زۆربەمانی بە دڵنەرمییەكانی خۆی فریوداوە و كەچی خۆیشی بەوپەڕی بێباكی و دڵڕەقییەوە، دیواری تونێلەكە ئەستورتر و پتەوتر دەكات، جارجاریش رووناكییەك لە ناو تونێلەكەدا درووست دەكات، فریومان دەدات، دڵمانخۆش دەكات و دەڵێین ئەوە ئومێدەكەمان بوو بە راستی، ئەوە جیهان بە هانامانەوە هات، كەچی جیهان لە گەڵ هەر هاوارێكماندا، دەرگەیەكی ترمان لەسەر دەكاتەوە و دڕندەیەكی ترمان بۆ دەنێڕێت.

جیهان وەهمێكە زۆربەمانی فریو داوە.

 

لە ئەكاونتی رێبۆ رەزاوە
—–
Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com