د.محەمەد بازیانی پرۆژە پێشنیارێک دەخاتەڕوو: ئه‌گه‌ر ئه‌و خاڵانه‌ پیاده‌ نەکەن، ده‌بێت په‌نجه‌ی په‌شیمانی بگه‌زین

0

baziani

تەوەر : داعش، عێراق، کوردستان.

……………………………….

د. محەمەد بازیانی لە تەوەری نوچەنێت، پرۆژە پێشنیارێک دەخاتەڕوو دەڵێت:

ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد ئه‌و خاڵانه‌ی كه‌ خستمانه‌ به‌رده‌ستیان پیاده‌ی بكه‌ن، ئه‌وه‌ داهاتوی كوردستان پرشنگدار ده‌بێت، ئه‌گه‌ر نا  ده‌بێت په‌نجه‌ی په‌شیمانی بگه‌زین، ئه‌و رۆژه‌ش په‌شیمانی دادمان نادات

دكتور محمد بازیانی

ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ عێراق رووده‌دا شه‌ڕی سوننه‌و شیعه‌یه‌ یان شه‌ڕی حكومه‌ت و تیرۆر.. كورد ده‌بێت چی بكات؟
ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ عێراق رووده‌دات، ناتوانین به‌ ره‌هایی بڵیێن شه‌ڕی سوننه‌و شیعه‌یه،‌ یان شه‌ڕی حكومه‌تی عێراق و تیرۆره‌، چونكه‌ ئه‌م شه‌ڕی سوننه‌ و شیعه‌یه‌ بڵێین هه‌ر نه‌بوه‌ راست نیه‌،‌ له‌ دێر زه‌مانه‌وه‌ شه‌ڕی خوێناوی له‌ نێوان ده‌وڵه‌تی عوسمانی و صه‌فه‌ویی ئیراندا ڕووی داوه‌و جاری واش به‌غدای پایتەختی عێڕاق له‌لایه‌ن ده‌وله‌تی صه‌فه‌ویه‌كانه‌وه‌ داگیر كراوه‌و ته‌نانه‌ت مزگه‌وتی شێخ عبدالقادری گه‌یلانی كراوه‌ به‌ ته‌وێڵه‌ی ووڵاغه‌كانیان.
پاشان له‌لایه‌ن عوسمانیه‌ سوونیه‌كان ده‌ركراون و قه‌تل و عامیان كردوون، جاری واش بووه‌ هێزی سوونیه‌كان له‌ ووڵاتی عه‌ره‌بستانه‌وه‌ هاتونه‌ته‌ ناو خاكی شیعه‌ نیشینه‌كان، ته‌نانه‌ت قه‌بری ئال و به‌یتیان له‌ بنڕا هه‌ڵته‌كاندوه‌.
ده‌شتوانین بڵێین شه‌ڕی ده‌سه‌ڵاته‌كانی شیعه‌و وسوننه‌یه‌، چونكه‌ خه‌ڵكی ساده‌ و ساكاری شیعه‌و وسوننه‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ سه‌دان ساڵه‌ ده‌ژین و گرفتیان نه‌بووه‌ ، كرین و فرۆشتن و ژن و ژن خواستنیان له‌ نێواندا بووه‌ ، بشڵێین شه‌ڕی حكومه‌تی عێراق و تیرۆره‌ ئه‌ویش هه‌ر راست نیه،‌ جونكه‌ گروپی تیرۆرستی به‌ناو “عصائب الحق” هه‌زاره‌ها خه‌ڵكانی سوننه‌یان كوشتوه‌، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ پێناسه‌ ناوی عمره،‌ یان عوسمان یان عائشه‌.
ناتوانین ناوێكی ئه‌وتۆ له‌م شه‌ڕه‌ی نێوان شیعه‌و سونه‌ بنێین، ته‌نها شه‌ڕێكی ماڵوێرانكاره‌ ووشك و سپی به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌سوتێنێ‌ و منداڵان هه‌تیو ده‌بن و ئافره‌تان بێوه‌ژن، له‌ولاشه‌وه‌ به‌هۆی نه‌زانی ئه‌م دوو لایه‌نه‌ نه‌یارانیان گه‌مە و گاڵته‌یان پێده‌كه‌ن و خێر و بێره‌كانیان ده‌به‌ن، له‌ كاتێكدا عێڕاق له‌ مێژوویدا وه‌ك ئێستا ده‌وڵه‌مه‌ند نه‌بوه‌و ده‌توانرا ووڵاتێكی ئارام و خوشگوزران بنیات بنرێ‌ نه‌ك تۆڵه‌ و تۆڵه‌كاری له‌ ئارادا بێت.
سوپایه‌كی زه‌به‌ڵاحی پۆشته‌ی وه‌ك سوپای عێراق، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر بنیاتی ئینتما بۆ ئه‌رز و خاك و نیشتمان بنیات بنرایا، چۆن به‌رگه‌ی یه‌ك دوو كاتژمێری چه‌كداره‌ راپه‌ڕیوه‌كانی نه‌ده‌گرت، له‌مه‌وه‌ ئه‌و راستیه‌ بۆ هه‌موان ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ ئه‌م سوپایه‌ سوپای مووچه‌یه،‌ نه‌ك بیروباوه‌رو عه‌قیده‌، ده‌ریشكه‌وت بیروباوه‌ڕ شه‌ڕده‌كات نه‌ك ته‌نها چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی، ئه‌وه‌تا ئێستا سوپایه‌ك نه‌ماوه‌ پێیبوترێ‌ سوپا، به‌ڵكو له‌ شوێنی ئه‌و به‌ فه‌توای سیستانی ئێستا میلیشیایه‌كی مه‌زهه‌بی نه‌زان و دوور له‌ مه‌شقی سه‌ربازی مۆدرن دروست ده‌بێت، و‌ له‌سه‌ر تۆڵه‌و ره‌شه‌ كوژی په‌روه‌رده‌ ده‌كرێت!!
جا له‌م نێوه‌نده‌دا پرسیارێك خۆی زه‌ق ده‌كاته‌وه‌ : ئایا كورد كه‌ ئه‌مڕۆ به‌شێكه‌ له‌ عێراق؟ چی بكات تا تێوه‌نه‌گلێ‌ له‌ كێشه‌كانی عێراق ..؟ یان به‌ دیوێكی تر چۆن خۆی بپارێزێ‌ له‌ پریشكه‌ی ئه‌م ئاگره‌ی به‌ربۆته‌ جه‌سته‌ی عێراق؟
له‌ وه‌ڵامدا ده‌توانین بڵێین: كورد ده‌بێت خۆی بپارێزێت له‌و تێوه‌گلانه‌، ئه‌ویش به‌ گرتنەبەری ئه‌م رێوشوێنانه‌:
1- یه‌كریزی نیشتمانی بپارێزێ‌ ، ئه‌ویش به‌ یه‌ك خیتابی و یه‌ك هه‌ڵوێستی ده‌رباره‌ی ئه‌م پێشهاته‌ وه‌رچه‌رخێنه‌ره‌ی پاش 9/6/2014، نه‌ك هه‌ر یه‌كه‌و له‌ ئاوازێك بخوێنێ‌.
جێی داخە هه‌ندێك ئه‌م ڕاپه‌ڕینەی‌ ناوچه‌ سووننیەکان‌ به‌ كارێكی تیرۆرستی له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دات و ئه‌وی تر به‌ چه‌كدارانی سوونه‌ مه‌زهه‌ب، ئه‌م ده‌یه‌وێت ئه‌گه‌ر حكومه‌تی كوردستان ده‌رفه‌تی پێبدات، تۆڵه‌ له‌ عه‌ره‌به‌ سوونه‌كان بسه‌نێته‌وه،‌ ئه‌وی تر داڵده‌یان دەدات و، سه‌ركرده‌ راپه‌ڕیوه‌كان له‌ پایته‌ختدا دەحه‌وێنێته‌وه‌، لەو رووەوە لەیەک دووری راکان دەبینرێت، کە لای من پەسەند نییە، ده‌بێت یه‌ك هه‌لوێستی و یه‌ك ریزی به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی كورده‌وه‌ ببینرێ‌، ئه‌گینا من ترسی ئه‌وه‌م هه‌یه‌ ئه‌م شه‌ڕه‌ ئه‌گه‌ر توڵانی بكێشێ‌ هێزه‌ سیاسیه‌ زه‌به‌ڵاحه‌كانی كوردستان به‌ مه‌به‌ستی پێگه‌ی حیزبی و فراوانی ده‌سه‌ڵاتی حیزبی، دۆزه‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ زێڕینه‌ كه‌ دروستكردن و ئیعلانكردنی ده‌وڵه‌تی كوردیه‌، وه‌كو ده‌رفه‌ته‌كانی تر له‌ ده‌ست بدات و پاشان بكه‌وینه‌ لۆمەو لۆمەكاری له‌ یه‌ك.
2- ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتی كوردی به‌ تایبه‌ت هه‌بوه‌كان، له‌م ئەمرۆدا هه‌رچی موڵك و ماڵ و سامانه‌ بلۆك كراوه‌كانیان هه‌یه،‌ له‌ قاسه‌كان ده‌ریبهێنن و له‌ دروستبوونی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌دا خه‌رجی بكه‌ن.
3- ده‌وڵه‌مه‌نده‌ زه‌به‌ڵاحه‌كان ده‌بێت له‌ رۆژه‌دا ئیحتكاری كاڵاو به‌نزین و خۆراك نه‌كه‌ن، به‌ڵكو به‌ پاره‌كانیان بازاری كوردستان پڕ كه‌ن، تا هاوڵاتی كوردستانی هه‌ست نه‌كات قات و قڕیه‌، وه‌ئه‌گه‌ر نه‌یانكرد، حكومه‌تی كوردستان فه‌رزی بكات له‌سه‌ریان، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی كه‌ خاڵی دووه‌م له‌ خۆیاندا جێبه‌جێده‌كه‌ن.
4- هێزی پێشمه‌رگه‌ ده‌بێت نه‌ شه‌ڕی شیعه‌ بكات نه‌ شه‌ڕی سوننه‌، ده‌بێت سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگه‌ قایم بكرێت و خه‌نده‌ق و سه‌واتری به‌هێز له‌ناوچه‌ سنووریه‌كان لێبدرێت وسه‌نگه‌ره‌كان جمه‌ی بێت له‌ خواردن و خواردنه‌وە، له‌ هه‌مانكاتدا له‌شكری پاڵپشتی میللی دامه‌زرێت بۆ كاتی ته‌نگانه‌و، تەجاوزی سنووری خه‌لكی تر نه‌كات، حكومه‌تی كوردستانیش مووچه‌كانیان له‌ وه‌ختی خۆیدا پێ بدات. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌، به‌ڵكو ده‌بێت به‌قه‌ده‌ر مووچه‌كانیان پاره‌ی مه‌ترسیان پێبدرێت ، وه‌ك له‌ هه‌موو سوپاكانی دونیادا‌ پیاده‌ ده‌كرێت، له‌ كاتی شه‌ڕدا مووچه‌كان دووجا و سێ‌ جار زیاده‌كرێت.
5- حكومه‌تی كوردستان له‌مڕۆ به‌ دواوه،‌ ده‌بێت خۆی به‌ به‌رپرسیار بزانێت ده‌رباره‌ی خاكی هه‌موو كوردستان و هاونیشتمانیانی سه‌ر ئه‌و خاكه‌، له‌مڕۆ به‌دواوه‌ باسی ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان و ناوچه‌ دابڕاوه‌كان نه‌كات، به‌ڵكو به‌ یه‌ك چاو سه‌یری هه‌موان بكات و ئه‌وله‌ویه‌ت بدات به‌و شوێن و هاونیشتمانیانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی كوردستان، كه‌ ئاره‌زووی ئاشتی و ئاسایش و خۆشگوزه‌رانین، ئالیه‌ت و میكانیزمی ئه‌و كاره‌ش ده‌توانرێت نه‌خشه‌ی بۆ داڕێژری، کە ئیره‌ جێگای نیه‌.
6- ده‌بێت یه‌ك ووته‌ بێژی سه‌ربازی له‌ كوردستانداببێت ، رۆژانه‌ له‌ بواری سه‌ربازییه‌وه‌ گوێبیستی ته‌نها ئه‌و بین، نه‌ك هه‌ر فه‌رمانده‌یه‌ك به‌ ئاره‌زووی خۆی تصریحات بدات.
7- ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، نه‌ترسانه‌ ئه‌گه‌ر ده‌زانن كات كاتی راگه‌یاندنی حكومه‌تی كوردستانه‌، سێو دووی لێنه‌كه‌ن و خه‌ڵكی ئاماده‌بكه‌ن له‌ رووی ده‌روونیه‌وه‌ بۆ ئه‌و رووداوه‌ گه‌وره‌یه‌، كه‌ ئیعلانكردنی ده‌وڵه‌تی كوردستانی سه‌ربه‌خۆیه‌.
ئه‌وه‌ته‌ هێزێكی وه‌ك داعش شه‌رم ناكات ئیعلانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی شام و عێراقی كردوه‌ و والی بۆ پارێزگاكان داناوه‌، ئه‌ی ئێمه‌ كه‌ هه‌موو موقوماتی ده‌وڵه‌تمان تێدایه‌ بۆ راینه‌گه‌ێنین ؟، خۆ ئه‌وه‌ته‌ ووتاری هه‌ینی ئۆباما، باس له‌وه‌ ده‌كات عێراقێك نه‌ماوه‌ به‌ یه‌كپارچه‌یی .. باشه‌ ئه‌مه‌ هیما نیه‌ بۆ ئێمه،‌ كه‌ ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ له‌ده‌ست نه‌ده‌ین؟!
8- ده‌زگاكانی میدیا و راگه‌یاندن چ حكومی و حیزبی، چ سه‌ربه‌خۆ، ده‌بێت هه‌ماهه‌نگی چاكیان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا هه‌بێت و ستراتیجیه‌تێكی ئیعلامی ئه‌وتۆ دابڕێژن، ببێته‌ مایه‌یی هۆشیاری كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی، كه‌ سه‌ربه‌خۆی نزیك بۆته‌وه‌ ، ئه‌و خه‌وه‌ی سه‌ده‌ها ساڵه‌ خەونی پێوه‌ ده‌بینین نزیكه‌ بێته‌ دی، بۆیه‌ ئه‌مه‌ باجی ده‌وێت، سه‌برو ئارامی و خۆنه‌ویستی. تاكو نه‌وه‌كانی داهاتومان له‌ سایه‌ی ئه‌م حوكمه‌ ره‌شیده‌ عادیله‌ به‌خته‌وه‌ر بن.. واتا خه‌ڵكه‌كه‌ به‌وه‌ رۆشنبیر بكرێن، كه‌ ده‌سه‌ڵاتی داهاتوی كوردی ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتێكی عادل بێت، كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ به‌ یه‌كسان بۆ هه‌موان، نه‌ك بۆ حیزبێك و بنه‌ماڵه‌یه‌ك.
ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد ئه‌و خاڵانه‌ی كه‌ خستمانه‌ به‌رده‌ستیان پیاده‌ی بكه‌ن، ئه‌وه‌ داهاتوی كوردستان پرشنگدار ده‌بێت، ئه‌گه‌ر نا خوانه‌خواسته‌ ئه‌وا وه‌زعمان له‌ ئێستا باشترنابێت و ده‌بێت په‌نجه‌ی په‌شیمانی بگه‌زین، ئه‌و رۆژه‌ش په‌شیمانی دادمان نادات!!.
ده‌ست له‌ ده‌ست و پشت به‌ خوا.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com