تەوەر : داعش، عێراق، کوردستان.
……………………………….
كورد له به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی دووسه‌ره‌دا
عومه‌ر عه‌لی غه‌فور بۆ تەوەری نوچەنێت
شه‌ڕی حكومه‌تی عێراق كه شیعه به‌سه‌ریدا زاڵه له‌گه‌ڵ تیرۆر، كه به‌زۆری له گرووپی سوننه پێكدێن، خۆبه‌خۆ وا كه‌وته‌وه ئه‌و شه‌ڕه ببێته دیوێكیدیكه‌ی شه‌ڕی شیعه‌ی باڵاده‌ست و سوننه‌ی بنده‌ست، كه ساڵانێكی دوور و درێژ ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م به‌ده‌ست باڵاده‌ستیی دووه‌مه‌وه سه‌ركوت كراوه، ئێستا ئیتر ئه‌ویش به ده‌رفه‌تی ده‌زانێ تۆڵه‌ی خۆی بكاته‌وه.
شه‌ڕی حكومه‌ت و تیرۆر هه‌ر له ساڵه به‌راییه‌كانی پاش روخانی رژێمی سه‌دام و دروستبوونی حكومه‌تی نوێی عێراق به ره‌نگ و بۆیه‌كی شیعانه‌وه، به كرده‌وه بوو به شه‌ڕی هه‌ردوو مه‌زه‌ب. یاسای ریشه‌كێشكردنی به‌عس و یاسای لێپرسینه‌وه و دادپه‌روه‌ری به‌پله‌ی یه‌كه‌م له‌دژی به‌عسییه سوننه‌كان به‌كار هاتن و شیعه به‌عسیه‌كان لێیان قوتار بوون و له ناوه‌نده‌كانی بڕیار و ئیداره دوور خرانه‌وه. ده‌مانبیست میلیشیا شیعیه‌كان فڕۆكه‌وانه سوننیه‌كانی سه‌رده‌می به‌عس تیرۆر ده‌كه‌ن، به‌ڵام ده‌ست بۆ فڕۆكه‌وانه شیعیه‌كان نابه‌ن. بینیمان محه‌مه‌د سه‌عید سه‌حاف وه‌زیری رۆشنبیریی رژێم، كه شیعه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌و رۆڵه به‌رچاوه‌ی له شه‌ڕی ده‌روونی و ئیعلامی هه‌یبوو، به‌سه‌لامه‌تی برایه ده‌ره‌وه‌ی عێراق. به‌ڵام سه‌ركرده سوننه‌كان ده‌ستگیر و دادگایی كران.
سوننه له ساڵه به‌راییه‌كانی پاش كه‌وتنی رژێمه‌وه، له‌ده‌ست ئه‌و جیاكارییه هاواریان لێ به‌رز بوویه‌وه. شیعه ئه‌مه‌ی به پاڵنه‌ری تۆڵه‌كردنه‌وه له سوننه كردبێ یان نا، ئه‌و دۆخه ده‌رفه‌تی دایه گرووپه چه‌كدارییه سوننه‌كانی وه‌ك قاعیده و ته‌وحید و جیهاد و ئه‌نسارئه‌لسوننه و پاشتر ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق، تا له سێگۆشه‌ی سوننی‌دا ریشه دابكوتن و گه‌را دابنێن و بچه‌قن و ته‌نانه‌ت بتوانن كۆنترۆڵی زۆر له ناوچه سوننیه‌كان، له‌وانه ئه‌نبار بكه‌ن، كه پاشتر به هاوكاری سوپای ئه‌مه‌ریكا و سوپای عێراق و هۆزه سوننه‌كان كه له سیاسه‌تی قاعیده بێزاربوون، توانرا له ساڵی 2006 تا راده‌یه‌كی به‌رچاو ناوچه‌كه‌یان لێ پاك بكه‌نه‌وه.
به‌ڵام به‌رده‌وامیی ململانێ تایفیه‌كه و په‌راوێزخستنی سوننه و پلانگێڕان بۆ پاكتاوكردنی سه‌ركرده‌كانیان، كه له 2003وه به‌شداری پرۆسه‌ی سیاسیی عێراقیان كردبوو، له‌وانه تاریق هاشمی جێگری سه‌ركۆمار، ساڵح موتڵه‌گ جێگری سه‌رۆكوه‌زیران، وه‌زیری دارایی …..، پاشتر په‌رله‌مانتار ئه‌حمه‌د عه‌لوانی كه ساڵی پار بووه هۆی یه‌كه‌م ته‌قینه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری له ئه‌نبار و فه‌لوجه، وایكرد ئه‌و گرووپه تیرۆریستیانه هه‌ر بمێنن و به‌كه‌ڵكوه‌رگرتن له توڕه‌یی سوننه خۆیان به‌هێز بكه‌ن.
هه‌ربۆیه به بڕوای به‌نده ئه‌وه‌ی له‌م دواییه‌دا له موسڵ و سه‌ڵاحه‌دین روویدا و داعش چۆكی به سوپای عێراق دادا، شه‌ڕی حكومه‌تی شیعیی عێراق و سوننه‌یه و داعش و گرووپه چه‌كداره‌كان له‌وه‌دا بوونه‌ته سه‌ری رمه‌كه، ئه‌گینا قه‌دی رمه‌كه ئه‌و شه‌قامه سوننه‌یه، كه زیاتر له ده ساڵه هات و هاواریه‌تی به‌ده‌ست ده‌سه‌ڵاتێكه‌وه كه شیعه به‌سه‌ریدا زاڵه و نایه‌وێ سوننه رۆڵێكی شایانی باسی له‌و ده‌وڵه‌ته‌دا هه‌بێ، به‌تایبه‌ت پاش گه‌رمبوونی ئه‌و شه‌ڕه له سوریای هاوسنوور له‌گه‌ڵ عێراق.
به‌ڵام ئه‌وه روونه، داعش خۆی گرووپێكی تیرۆریستییه و ئه‌جێندایه‌كی ئایدیۆلۆژیی بان وڵات و نه‌ته‌وه‌ی هه‌یه، پرۆژه‌كه‌ی پرۆژه‌یه‌كی نیشتمانیی عێراقی نیه، به‌ڵكو پرۆژه‌یه‌كی ئایدیۆلۆژیی سوننه‌گه‌رای جیهانییه. ئه‌وه‌تا وه‌ك باس ده‌كرێ ئه‌و هێزه خه‌ڵكی پاكستانی و ئه‌فغانستانی و ئه‌وروپی و كورد و عه‌ره‌بی تێدایه. له رووی ژماره و توانای لۆجستیشه‌وه داعش ئه‌و هێزه‌ی نیه بتوانێ ئه‌و ناوچه به‌رفراوانانه كۆنترۆڵ بكا و سوپای زه‌به‌لاح و پڕچه‌كی عێراق له‌و ناوچانه تێك بشكێنێ، ئه‌گه‌ر سۆزی دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌بێ و بگره سه‌رباز و ئه‌فسه‌رانی عێراقیش له‌و ناوچه‌یه، كه به‌دڵنیاییه‌وه زۆریان سوننه و خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ن، نه‌یاری ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا نه‌بووبن و له‌و رووه‌وه ئاسانكارییان بۆ نه‌كردبێ.
داعش به‌و سروشته بان نه‌ته‌وه و وڵاته‌یه‌وه بۆ كوردیش جێی مه‌ترسییه و چاوی له خاكی كوردستانیشه و به‌به‌شێك له عێراقی ده‌زانێ، به‌تایبه‌ت كه خه‌ڵكێك له‌ناوخۆی كوردستانیشدا هه‌ن، هاوسۆزن له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزه. به‌گوته‌ی برپرسانی ئه‌منیی كوردستان نزیكه‌ی 400 گه‌نجی كورد له ریزه‌كانی داعشدا شه‌ڕ ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌و رووه‌وه ئیتر ئه‌و هێزه بووه‌ته به‌یداخ هه‌ڵگری شه‌قامه سوننییه عه‌ره‌بیه‌كه، كه قووڵایی ستراتیژی و پاڵپشتیه‌تی له‌سه‌ر زه‌وی و ناتوانێ خواست و پرۆژه‌ی سوننه له‌به‌رچاو نه‌گرێ، ره‌نگه سوننه‌ی عه‌ره‌بیش له‌م قۆناغه‌دا نه‌یه‌وێ كورد له خۆی بكاته دوژمن، به‌تایبه‌ت كه هه‌رێمی كوردستان داڵده‌ی سه‌دان هه‌زار عه‌ره‌بی سوننه‌ی داوه كه له ترسی شیعه هه‌ڵاتوون، ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كیتریشه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به‌ره‌یه‌كیتری شه‌ڕ له خۆی نه‌كاته‌وه و ته‌رخان بێ بۆ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ به‌غدا، ده‌شێ وه‌ك تاكتیك و نزیك مه‌ودایش خۆی دوور بگرێ له هێرشكردنه سه‌ر كوردستان.
كاتیش توخمێكی گرنگه و ده‌كرێ كورد له‌و ناوبڕه‌دا پێگه‌كانی خۆی قایم بكا و خۆی بۆ هه‌ر مه‌ترسیه‌كی چاوه‌ڕوانكراو ئاماده بكا.
به‌ڵام ئێستا بۆ كورد هه‌ر داعش مه‌ترسی نیه، به‌ڵكو حكومه‌ت و سوپای عێراقیش مه‌ترسیه‌كی چاوه‌ڕوانكراون، چونكه پێشمه‌رگه ده‌ستی به‌سه‌ر ناوچه دابڕاوه‌كانی كوردستاندا گرتووه كه جێناكۆكن له‌گه‌ڵ به‌غدا و به‌نیاز نیه لێی بكشێته‌وه، ئه‌وه‌یش ئه‌گه‌ری رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ سوپای عێراق له ئاینده‌دا دێنێته پێش، چونكه وا به‌ئاسانی ده‌ستبه‌رداری ئه‌و ناوچانه نابن، ئه‌وه‌تا هه‌ندێ میلیشیای شیعی هه‌ڕه‌شه‌ی موشه‌كبارانكردنی هه‌ولێر ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر كورد ده‌ست به‌سه‌ر كه‌ركوكدا بگرێ.
له‌به‌رئه‌وه – وه‌ك له جێیتریش وتومه- ده‌بێ كورد كه‌ڵك له‌م ده‌رفه‌ته مێژووییه وه‌ربگرێ، ژیرانه، به‌رپرسانه و بوێرانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكا.
ژیرانه به‌وه‌ی له‌خۆ بایی نه‌بێ و خۆی له شه‌ڕێكه‌وه نه‌گلێنێ كه هی ئه‌و نه‌بێ.
به‌رپرسانه به‌وه‌ی رێز له هه‌ست و تایبه‌تمه‌ندیی نه‌ته‌وه و پێكهاته‌كانی ئه‌و ناوچه سنوریانه بگرێ و رێگری بكا له هه‌ر كرده‌یه‌كی تاڵان و تۆڵه‌ی ئابڕوبه‌رانه.
بوێرانه‌یش به‌وه‌ی تا ئه‌وپه‌ڕی توانا مكوڕ بێ، له‌سه‌ر ده‌ستگرتن به خاكی ره‌سه‌نی خۆیه‌وه، چونكه وا خه‌ریكه ئه‌و دابه‌شبوونه‌ی عێراق، كه جاران كوردیان پێ تۆمه‌تبار ده‌كرد، ئێستا به‌ده‌ستی برا عه‌ره‌به چاوڕه‌شه‌كان خۆی ده‌بێته ئه‌مری واقیع، دیاره ئه‌وه بۆ كوردیش به‌دیهاتنی خه‌ونی له‌مێژینه‌یه.