بزانە میلیشیایەكی شیعە بە نیازە چۆن هێرش بكاتە سەر هەولێر
نوچەنێت: ئاژانسەكان
ئەبو وارس موسەوی، وتەبێژی میلیشیای نەجبای ئیسلامی هەڕەشە لە كورد دەكات و دەڵێت “ئەگەر بارزانی و كوردەكان بیر لە گەڕاندنەوەی كەركووك بكەنەوە بۆ سەر هەرێمی كوردستانن و زیان بە سوپای عێراق بگەیەنن، دەستیان دەبڕین”.
ئەبو وارس موسەوی، لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ كەناڵی ئەنواری شیعە، بارزانی و كوردی بە بەشێك لە پیلانگێڕییەكانی دژ بە عێراق تۆمەتبار كرد، هەڕەشەی ئەوەیشی كرد، كە “ئەگەر بیر لە گەڕاندنەوەی كەركووك بۆ سەر هەرێم بكەنەوە و زیان بە سوپای عێراقی بگەیەنن، دەستیان دەبڕین”، هەروەها هەڕەشەی ئەوەیشی كرد، كە بە موشەك هێرش دەكەنە سەر هەولێر، چونكە وەك ئەبو وارس وتی “خاوەنی موشەكین كە دەگاتە ناوەڕاستی هەولێر”.
میلیشیای نەجبای ئیسلامی، میشلییایەكی شیعە مەزهەبی توندڕەون، كە لە دوای شەڕی سووریاوە دروستبوون و ئامانجیان پارێزگاری كردنە لە مەزارە پیرۆزەكانی شیعە، لە سوریا و عێراق، ئەو هەڕەشانەی ئەبو وارس لە كاتێكدایە، كە پێشتر عادل موراد سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی رایگەیاند، هێزی پێشمەرگەی یەكێتی ئەو ناوچانە دەپارێزێت، كە كوردی شیعەی لێن.